رۆژنامەی ھەولێر

د.نەسرین بەرواری یاداشتەكانی بڵاو دەكاتەوە

ئاریان دەرگەڵەیی هە‌ولێر

بە هاوبەشی لەگەڵ كوردستان‌كرۆنیكڵ و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشانگەیەكی پیشاندانی ژمارەیەك تابلۆ و ڕێوڕەسمی واژۆكردنی كتێبی د. نەسرین بەرواری بەڕێوەچوو، كە هونەر، ئەدەب و ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی لە یەك شوێندا كۆ كردبۆوە.

ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكوومی و رۆشنبیران و نووسەران ئامادەی رێوڕەسمەكە بوون.
كتێبە نوێیەكەی بە ناونیشانی لە وڵاتی هەزار دەریاچاندا (In the Land of a Thousand Springs)، بە هەرسێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بەڵاوی كردەوە كە بریتیە لە یادەوەریی كەسی و تێهەڵکێشكردنی ژیان و ئەزموونی خۆی لەگەڵ گۆڕانكاری و ڕووداوە مێژووییە گەورەكانی عێراق و كوردستان؛ لە جەنگ و ئەنفال و ئاوارەییەوە تا خوێندن. كتێبەكە هەوڵ دەدات چیرۆكی كەسیی نووسەر بكاتە دەروازەیەك بۆ تێگەیشتن لە بیرەوەری، خۆڕاگری و ناسنامەی كوردی.
د. نەسرین بەرواری ئەندازیار، ئەكادیمی و كارگێڕێكی كوردە كە زیاتر لە سێ دەهە ئەزموونی لە بواری گەشەپێدان، كاری مرۆیی، بەڕێوەبردنی گشتی، پەروەردە و حوكمڕانیدا هەیە. بەكالۆریۆسی لە ئەندازیاری تەلارسازی و پلاندانانی شار لە زانكۆی بەغدا وەرگرتووە.
نەسرین بەرواری بو ماوەی چەند ساڵێك لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كاری كردووە و لە دوای ساڵی 1991 بەشداری لە پرۆسەی گەڕاندنەوە و ئاوادانكردنەوەی كۆمەڵگە زیانلێكەوتووەكانی كوردستاندا هەبووە. هەروەها پێشتر وەزیری ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان و دواتر وەزیری شارەوانی و كارە گشتییەكانی عێراق بووە.
د. نەسرین بەرواری تەنها نووسەرێكی ئەم كتێبە نییە؛ بەڵكو ژیاننامەی خۆی بەشێكە لەو مێژووەی كە كتێبەكە باسی دەكات. لە ئەندازیاری و پلاندانانی شارەوە، بۆ خزمەت لە نەتەوە یەكگرتووەكان، بەڕێوەبردنی گشتی، ئەكادیمیا و بەرپرسیارێتییە وەزارییەكان، ڕێگایەكی درێژی خزمەت و ئەزموونی پشت سەر ناوە.
كتێبی لە وڵاتی هەزار دەریاچاندا، تەنها یادەوەری تاكێك نییە، بەڵكو بەشێكە لە یادەوەریی كۆمەڵگە و نەتەوەیەك كە لە نێوان جەنگ، ئاوارەیی، خۆڕاگری و هیوای داهاتوودا ڕێگای خۆی گرتووە.