رۆژنامەی ھەولێر

دیدەن عەبدولڕەحمان: پەروەردە سوود لە راگەیاندن وەردەگرێت وەک ئامرازێکی فێرکاری و گەیاندنی زانیاری

دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی هە‌ولێر

دیدەن عەبدولڕەحمان ئیسماعیل، راگەیێنەوان و پەروەردەکار، لە دیمانەکی هەولێردا تیشکی خستە سەر پەیوەندیی نێوان پەروەردە و راگەیاندن و، گەورەترین ئالنگاریەکانی ئافرەت بواری راگەیاندن و پەروەردە و، میدیا چۆن دەتوانێت پشتگیریی پەروەردە بکات و هۆشیاریی کۆمەڵگە بەرز بکاتەوە.

دەکرێ بتناسین و بزانین چۆن بوو بواری پەروەردە و راگەیاندنت هەڵبژارد، بۆچی لەم دوو بوار کار دەکەیت؟
من دیدەن عەبدولڕەحمان ئیسماعیل، دەرچووی کۆلێژی زانستم لە بەشی بایۆلۆجی، لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا لە بواری پەروەردە و بەڕێوەبردنی پەروەردەیی کارم کردووە، لە هەمان کاتیشدا نزیکەی هەشت ساڵ لە بواری راگەیاندن و پێشکەشکردنی بەرنامەی رادیۆیی کارم کردووە. ئەزموونی کارکردن لەگەڵ چەندین رێکخراوی جیاوازدا هەبووە. ئەزموونی کارکردنم لە پەروەردەدا لە مامۆستایەتی و یاریدەدەری بەڕێوەبەرەوە دەستی پێ کردووە پاشان گەیشتووەتە ئاستی بەڕێوەبەری قوتابخانە و بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی کار و پرۆژە پەروەردەییەکان؛ ئەم دوو بوارە هیچ کاتێک دوو رێگای جیاواز نەبوون، بەڵکو دوو رێگای پێویستی خزمەتکردن بە مرۆڤ و کۆمەڵگە بوون. راگەیاندن فێری کردم تێڕوانینم جیاواز بێت، فێری کردم چۆن گوێ لە مرۆڤ بگرم، چۆن پرسیار بکەم و چۆن بیرۆکەیەکی ئاڵۆز بە زمانێکی سادە بگەیەنم. پەروەردەش فێری کردم کە چاکسازی کەسیێتی و پێگەیاندنی تاکێکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو تەنیا بە گواستنەوەی زانیاری ناکرێت، بەڵکو بە رێنوێنیکردنی بیر و دروستکردنی بەها و داهێنان دەکرێت.

پەیوەندیی نێوان پەروەردە و راگەیاندن چییە و، بۆچی پێت وایە ئەم دوو بوارە تەواوکاری یەکترن؟
پەروەردە و راگەیاندن دوو سیستەمی گرنگی گواستنەوەی زانیاری، دروستکردنی هۆشیاری و، گۆڕین و ئاراستە کردنی ژیان و چارەنوسی مرۆڤن. هەرچەندە شێوازی کارکردنیان جیاوازە، بەڵام بە شێوەیەکی بنەڕەتی تەواوکاری یەکترن.
پەروەردە پرۆسەیەکی رێکخراوە کە لە قوتابخانە، زانکۆ و ناوەندە پەروەردەیی و فێرکارییەکان ئەنجام دەدرێت بۆ گەیاندنی زانیاری و گەشەپێدانی توانای کەسی و دروستکردنی بیریکردنەوەی رەخنەگرانەیە لای تاک. لە بەرامبەردا، راگەیاندن لەڕێگەی تەلەفزیۆن، رادیۆ، رۆژنامە و میدیای دیجیتاڵ، زانیاری و پەیام بە خێرایی بۆ کۆمەڵگا دەگوازێتەوە و کاریگەری لەسەر بۆچوون و هەڵسوکەوتی خەڵک دادەنێت.
پەروەردە ئامانجی دروستکردنی مرۆڤێکی هۆشیار، بەرپرسیار و ئازادە؛ لە هەمان کاتدا، راگەیاندن دەرفەت دەڕخسێنێت تا ئەو مرۆڤە هۆشیار و بەرپرسیار و ئازادە بیرۆکە و بەها و تەوەرە گرنگەکان لە ئاستی گشتی بڵاو بکاتەوە و بیانخاتە ناو گفتوگۆی گشتییەوە. بۆیە، ئەگەر پەروەردە بناغەی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دابنێت، ئەوا راگەیاندن دەبێتە مەیدانی دەرخستنی ئەم ئازادی بیرکردنەوەیە و سەکۆی هۆشیاری و بەرپرسیارییەتی لە ژیانی رۆژانەدا.

بۆچی تەواوکەری یەکترن؟
پەیوەندیی نێوان پەروەردە و راگەیاندن پەیوەندییەکی هاوبەش و تەواوکارە. پەروەردە بناغەی زانست، هۆشیاری و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە دادەمەزرێنێت و، راگەیاندن ئەو بناغەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەکار دەهێنێت و گەشەی پێ دەدات. بۆیە، گەشەپێدانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی و راستیخواز، بەبێ هاوکاری و تەواوکاری ئەم دوو بوارە نایەنە بوون.

* پەروەردە تاک فێری بیرکردنەوە، شیکردنەوە و هەڵسەنگاندن دەکات؛
* راگەیاندن ئەو زانیاری و رووداوانە جیادەکاتەوە کە پێویستیان بە بڵاوکردنەوە و خستنەڕوو هەیە؛
* پەروەردە سوود لە راگەیاندن وەردەگرێت وەک ئامرازێکی فێرکاری و گەیاندنی زانیاری؛
* راگەیاندنیش پێویستی بە تاکێکی پەروەردەکراو هەیە، تاکو بتوانێت بە شێوەیەکی رەخنەگرانە لەگەڵ ناوەڕۆکی میدیادا هەڵسوکەوت بکات و بە ئاسانی نەبێتە قوربانی هەواڵی هەڵە چەواشەکاری کۆمەڵایەتی؛
* ئەگەر راگەیاندن بەبێ بنەمای پەروەردەیی کار بکات، مەترسی ئەوە دروست دەکا کە زانیاری بگوازێتەوە بەبێ ئەوەی هۆشیاری دروست بکات.
لەلایەکی ترەوە پەیوەندی نێوان ئەم دوو بوارە خۆی لە (ئامادەکردن و ئاراستەکردن)ـدا دەبینێتەوە. پەروەردە بیر و مێشکی مرۆڤ ئامادە دەکات، راگەیاندنیش ئەم بیر و مێشکە ئاراستە دەکات و لەگەڵ دنیای دەرەوەدا دەیگونجێنێت و پەیوەندیداری دەکات. واتە کاتێک پەروەردە دەبێتە پرس، راگەیاندن دەبێتە سەکۆی تاوتوێ کردنی ئەم پرسە.

کاری راگەیاندن چی فێری کردوویت کە لە وانەوتنەوە و مامۆستایەتیدا سوودت لێ وەرگرتووە و، بە پێچەوانەشەوە؟
کاری راگەیاندن زۆر شتی فێر کردووم کە هەم لە ئەزموونی مامۆستایەتی و کاری بەڕێوەبردنیشدا سوودم لێ وەرگرتوون. لە ڕێگەی راگەیاندنەوە فێربووم بە زمانێکی سادە و روون پەیامەکانم بگەیەنم کە وای کردووە لە کاتی وانەوتنەوە بتوانم بابەتە ئاڵۆزەکان بە شێوەیەکی ئاسان بۆ قوتابیان روون بکەمەوە. هەرئەوەندە نا بەڵکو تەنانەت لە ئەزموونی بەڕێوەبەری و کاری ئیداریشدا توانیومە بە زمانێکی روون داواکارییەکانم روون بکەمەوە بۆ تیمەکەم و بەیەکەوە ئامانجەکان بهێنینە دی هەروەها، راگەیاندن فێری گوێگرتنی چالاک، بەڕێوەبردنی گفتوگۆ و، ناسینی جیاوازیی پێداویستیی جەماوەری کردووم، ئەمانەش هەموویان لە پرۆسەی بەڕێوەبردندا گرنگن.
ئەزموونی کاری پەروەردەیی زۆر یارمەتی داوم لە کاری راگەیاندندا و فێری ئاراستەکردنی بیر، رێکخستنی ناوەڕۆک، هەڵبژاردنی سەرچاوەی باوەڕپێکراو و هاندان بۆ بیرکردنەوەی رەخنەگرانەی کردووم. بۆیە لە کاتی ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی هەر پەیامێک، هەوڵ دەدەم زانیارییەکان هاوسەنگ و بابەتی بن. راگەیاندن فێری کردم کە هەر زانیارییەک ئەگەر بە شێوازی دروست نەگاتە دڵ و مێشکی وەرگر، تەنانەت ئەگەر زانستی و دروستیش بێت، ئەوا کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە.
لە ئەزموونی کاری رادیۆدا دەبێت بە وشە و دەنگ، بە پرسیار و چیرۆک سەرنجی گوێگر رابکێشیت، لە پۆلیشدا هەمان دەستوور دروستە دەبێت هەوڵ بدەیت سەرنجی گوێگر لەگەڵت نەپچڕێت و بەردەوام تەکنیک و شێوازی جیاواز و کاریگەر بەکار بهێنیت.
لە هەمان کاتدا، پەروەردە فێری کردم کە پێش گەیاندنی هەر پەیامێک، بزانم کێ گوێی لێ دەگرێت، چونکە هەمان پەیام بۆ منداڵ، گەنج، مامۆستا و کۆمەڵگە بە هەمان شێوە ناگات. ئەمە یەکێکە لە گرنگترین وانەکانی ژیانم: “پەیامی باش تەنیا ئەوە نییە چی دەڵێیت، گرنگە بزانیت بۆ کێ، چۆن و بۆچی دەیڵێیت.”
وەک ئافرەت، لە هەردوو بوارەکەدا گەورەترین ئالنگاری و دەرفەتەکانت چی بوون؟
وەک ئافرەت، لە هەردوو بواری پەروەردە و راگەیاندندا هەم ئالنگاری و سەختیم هاتۆتە پێش و هەم دەرفەتی باش و گەورەشم هەبووە. لە گەورەترین ئالنگارییەکان، پێویستی سەلماندنی توانا و لێهاتووییم بووە لە ژینگەیەکدا کە هەندێک جار هێشتا تێڕوانینی رەگەزی تیایدا باڵادەست بووە. هەروەها، هاوسەنگ کردنی بەرپرسیارییەتییە پیشەییەکان لەگەڵ ژیانی کەسی و خێزانی هەمیشە پێویستی بە رێکخستن و بەڕێوەبردنی باشی کات هەبووە. لە بەرامبەردا، گەورەترین دەرفەتەکانم پاڵپشتی و پشتیوانی خێزانی و کەسی خۆم بووە کە هەمیشە هەوڵم داوە وەک ئافرەت ببمە نموونەیەکی باش بۆ کچانی تر و هانیان بدەم باوەڕ بە تواناکانی خۆیان بکەن و بەشداریی چالاکیان لە ژیان و بواری ئەکادیمی و کۆمەڵایەتیدا هەبێت، بەهۆی ئەوەی ئافرەت لە کۆمەڵگەدا هەندێک جار دەبێت زیاتر لە ئاستی ئاسایی هەوڵ بدات و تواناکانی خۆی بسەلمێنێت. گەورەترین دەرفەت بۆ من ئەوە بووە کە بتوانم لە رێگەی کارەکەمەوە پیشان بدەم کە رۆڵی ئافرەت تەنیا لە بەشێکی دیاریکراوی کۆمەڵگەدا نییە، بەڵکو ئافرەت دەتوانێت مامۆستا، بەڕێوەبەر، راگەیێنەوان و راهێنەربێت. باوەڕم وایە کاتێک ئافرەت تواناکانی خۆی بە کار و ئەنجام دەسەلمێنێت، تەنیا پێگەی خۆی بەهێز ناکات، بەڵکو رێگای کەسانی دوای خۆشی روناک دەکاتەوە. ئەو ئالنگارییانە، لە جیاتی ئەوەی ببنە بەربەست، بوونە هۆی گەشەکردنی کەسایەتیم و، دەرفەتەکانیش هێزی زیاتریان پێ دام بۆ ئەوەی لە هەردوو بوارەکەدا کاریگەرییەکی باشترم هەبێت و بەشدارییەکی چالاکتر لە گەشەپێدانی خۆم و کۆمەڵگەشدا بکەم.

میدیا چۆن دەتوانێت پشتگیریی پەروەردە بکات و هۆشیاریی کۆمەڵگا بەرز بکاتەوە؟
بە بڕوای من، میدیا دەتوانێت قوتابخانە و کۆمەڵگە بە یەکەوە ببەستێتەوە، چونکە پەروەردە تەنیا پڕۆسەیەکی فێرکاری ناو پۆل نییە، بەڵکو لە ئێستادا خێزان، تەکنەلۆجیا و تەواوی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەوە و کۆڵان و کۆمەڵگەش بوونەتە بەشێک لە ژینگەی کۆمەڵایەتی تاک بەگشتی و منداڵ بەتایبەتی. هەموو ئەو شتانەی منداڵ لە میدیا دەیانبینێت، دەیانبیسێت و دەیانخوێنێتەوە، دەبنە بەشێک لە ژینگەی پەروەردەیی بۆی. ئەگەر بەرکەوتنی راستەوخۆی منداڵیش بەم پلاتفۆرمانە روونەدات ئەوا بە ناڕاستەوخۆ لە رێگەی بەرکەوتنی گەورەکانەوە دیسان بارگاوی دەبێت بەم داتا و زانیاریانەی میدیا بۆتە سەکۆ بۆ بڵاو کردنەوەیان.
بۆیە میدیا دەبێت لە دروستکردنی ناوەڕۆکی پەروەردەیی، زانستی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی بەشداربێت. دەکرێت چیرۆکی سەرکەوتنی قوتابییەکان، ئەزموونی مامۆستایان، توێژینەوە زانستییەکان و بابەتە گرنگە کۆمەڵایەتییەکان بگوازرێنەوە بۆ کۆمەڵگە، چونکە نابێت بیرما بچێت کە میدیا تەنیا ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری و هەواڵدان، بەڵکو میدیا دەتوانێت رۆڵێکی زۆر کارا و کاریگەر ببینێت بۆ دروستکردنی کلتووری کۆمەڵگە. بۆیە بەرپرسیارێتی راگەیێنەوان لە سەردەمی ئێستادا زۆر قورسترە و ئاگایی و هۆشیاری زیاتری دەوێت.

لە سەردەمی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەواڵی ساختە، رۆڵی مامۆستا لە دروستکردنی بیرکردنەوەی رەخنەگرانەی قوتابیاند چییە؟
لە دنیای گەشەسەندووی ئێستا و رۆژگاری پڕ لە گۆڕانکاری ئەمڕۆدا رۆڵی مامۆستا تەنیا گواستنەوەی زانیاری نییە، بەڵکو دروستکردنی قوتابییەکی هۆشیارە بە بیرێکی رەخنەگرانەوە، چونکە ئەمڕۆ زانیاری بە ئاسانی دەستدەکەوێت، بەڵام گرنگتر لە زانیاری، توانای هەڵسەنگاندن و دڵنیابوونە لە راستیی و دروستی ئەو زانیارییانە. بۆیە یەکێکی تر لە ئەرکەکانی سیستەمی پەروەردە بریتییە لەوەی قوتابیان فێر بکرێن کە هەر هەواڵێک یان بابەتێک بەبێ لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوە قبوڵ نەکەن، بەڵکو سەرچاوەکەی هەڵبسەنگێنن، بەراوردی بکەن لەگەڵ سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی تر و پرسیار لەسەر ئامانج و ناوەڕۆکی پەیامەکە بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت مامۆستایان و پەروەردەکاران توانای گفتوگۆ، لێبوردەیی و رێزگرتن لە جیاوازیی بۆچوونەکان لە قوتابیاندا بچەسپێنن، چونکە ئەمانە بەشێکی سەرەکی دروستکردنی بیرکردنەوەی رەخنەگرانەن.
لەلایەکی ترەوە، پێویستە خوێندەواریی میدیایی ببێتە بەشێکی گرنگ لە پرۆسەی فێرکردن، تاکو قوتابیان بتوانن جیاوازی بکەن لەنێوان هەواڵی راست، لەگەڵ هەواڵی چەوت و ساختە. ئەو توانایە یارمەتیان دەدات تا بڕیارەکانیان لەسەر بنەمای زانیاریی دروست و بیرکردنەوەی وردبینانە بدەن.

ئایا پێویستە مامۆستای ئەمڕۆ ئاشنای میدیا و تەکنەلۆژیای نوێ بێت؟
مامۆستا پێویستە ئاشنای میدیا و تەکنەلۆژیای نوێ بێت، چونکە ژینگەی فێربوون گۆڕاوە و زۆربەی قوتابیان زانیارییەکانیان لە رێگەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەردەگرن. بۆیە، مامۆستا دەبێت بتوانێت ئەم ئامرازانە بە شێوەیەکی دروست و پەروەردەیی بەکار بهێنێت تا بتوانێت قوتابیانیش ئاراستەبکات بۆ دروست بەکارهێنانیان. ئاشنابوون بە تەکنەلۆژیا یارمەتی مامۆستا دەدات وانەکان زیندووتر و سەرنجڕاکێشتربکات، لە هەمان کاتدا دەرفەتی فێربوونی ئۆنلاین، بەکارهێنانی سەرچاوە دیجیتاڵییەکان و پەیوەندیی باشتر لەگەڵ قوتابیان دابین بکات. هەروەها، مامۆستا دەتوانێت قوتابیان فێری خوێندەواریی میدیایی بکات، تاکو بتوانن زانیاریی دروست لە هەواڵی ساختە و ناوەڕۆکی نادروست جیا بکەنەوە. نابێت تەکنەلۆژیا ببێتە جێگرەوەی مامۆستا، پێویستە هەمیشە شکۆ و سەروەری مرۆڤ پارێزراوبێت. بۆیە دەڵێین تەکنەلۆژیا تەنیا ئامرازە بۆ گەیشتن بە ئامانجە پەروەردەیی و فێرکارییەکان.

کۆمەڵگە هێشتا جیاوازی لە نێوان پیاو و ئافرەت لە بواری پەروەردە و راگەیاندندا دەکات؟
مایەی خۆشحاڵییە کە لە چەند ساڵی رابردوودا هەنگاوگەلێکی زۆر باش بۆ هاوسەنگکردنەوەی ئەم دۆخە نراوە. پێویستە لە هەردوو بوارەکەدا دەرفەتەکان و سەرکەوتنەکان پەیوەندییان بە (زانست، شارەزایی، ئەزموون و پابەندیی پیشەیی) هەبێت، نەک بە رەگەز بۆیە، پێویستە کۆمەڵگە هەمان دەرفەت و پشتگیری بۆ هەمووان دابین بکات، تاکو هەر کەسێک بە پێی لێهاتوویی و تواناکانی خۆی سود وەربگرێت و خزمەت بە خۆیی و کۆمەڵگەش بکات.

چی پێشنیار دەکەیت بۆ لاوان، بە تایبەتی کچان، کە ئارەزووی چوونە ناو بواری پەروەردە و راگەیاندن هەیە؟
پێویستەلاوان باوەڕیان بە تواناکانی خۆیان هەبێت و لە بەردەم هیچ ئالنگارییەکدا هیوا لەدەست نەدەن. بواری پەروەردە و راگەیاندن هەردووکیان پێویستیان بە زانست، شارەزایی، ئەخلاقی پیشەیی و گەشەکردنی بەردەوام هەیە، بۆیە خوێندن، فێربوونی بەردەوام و کارکردن لەسەر گەشەپێدانی تواناکانیان زۆر گرنگە. هەروەها، پێویستە زمان، تەکنەلۆژیا و خوێندەواریی میدیایی بە باشی فێربن، چونکە ئەمانە لەم سەردەمەی ئێستادا بەشێکی گرنگی سەرکەوتنی پیشەیین. هەوڵ بدەن زۆر بخوێننەوە، لە چالاکییە زانستی و کۆمەڵایەتییەکان بەشدار بن و، لە ئەزموونی مامۆستایان و پسپۆڕانی ئەم بوارانەوە فێر ببن. بۆ کچان بە تایبەتی، دەمەوێت بڵێم کە هیچ سنوورێک بۆ سەرکەوتنیان نییە جگە لە ئەو سنوورانەی خۆیان بۆ خۆیانی دادەنێن. ئەگەر خاوەن ئامانج بن، ماندوویینەناسانە کار بکەن، دەتوانن لە هەر بوارێک کە خۆیان دەیانەوێت کاریگەریی باش دروست بکەن. زۆر بە تایبەتیش دەمەوێت ئەو پەیامە بگەینم و بڵێم: ئەگەر باوەڕ و بەردەوامی هێز پێدەری رێگەکەت بن ئەوا هەر هەنگاوێکت دەتوانێت ببێتە شاڕێیەک بۆ گۆڕینی تەواوی کۆمەڵگە.

خەون و ئامانجی داهاتووت چییە و چ پەیامێکت بۆ راگەیێنەوانی ئافرەت هەیە؟
خەونی من ئەوەیە بتوانم لە بواری پەروەردە و راگەیاندندا بەردەوام بم و ئەو دوو ئەزموونە لە خزمەت دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هۆشیارتر، خوێندەوارتر و مرۆڤدۆستتر دابنێم. دەخوازم لە ئایندەدا بواری راگەیاندنیش وەک هەر بوارێکی تر بەپێێ پسپۆڕی جیا بکرێتەوە و پسپۆڕی راگەیێنەوانی پەروەردەیی جیاوازبێت لە راگەیێنەوانی سیاسی، هونەری، وەرزشی تا دوایی. . . چونکە شێوازی کار و ئامانجی هەریەکە لەم بوارانە جیاوازە. باوەڕم وایە پەروەردە دەبێت مرۆڤ بۆ ژیان ئامادە بکات، نەک تەنها بۆ تاقیکردنەوە،راگەیاندن دەبێت کۆمەڵگە هان بدات بۆ بیرکردنەوە، نەک تەنیا بۆ سەیرکردن. پەیامم بۆ هەموو راگەیێنەوانە ئافرەتەکان ئەوەیە: خۆتان بە قەبارەی دەنگتان مەپێون، گەورەیی ئێوە بە ئامانجە گەورە و پەیامە قووڵەکەتان دەپێورێت. لە کۆتاییدا، پەروەردە و راگەیاندن بە دوو پلیکانەی گرنگی سەرکەوتن و سەرفرازی هەر کۆمەڵگەیەک دەبینم، هەردووکیان ئەرکیان بنیادنانی مرۆڤ و کۆمەڵگەیە، چونکە کۆمەڵگە بەوە پێش دەکەوێت کە تاکی هۆشیار و بەرپرسیاری هەبێت.