رۆژنامەی ھەولێر

حوکمی دڵ

بێبەش پیرۆتی

بەڵێ ڕوونە،
بە سێحری بای هەناسەم
گەڵای زەردی پەڕەی گوێت دێتە لەرزە.
هەوای ماچێ لە گەرنی وەک بلوورت
بە حوکمی لێبڕاوی حاکمی دڵ
دەپشکوێنێ گوڵی بەختم،
دەنیشێ …
پەپوولەی لێو لە سەر ئەو کێلە بەرزە.
لە مێخەکبەندی هۆنراوەی حەزانت
حەزی بۆنی بەهاران دێنمە سینە
دەحەجمێ بازی چاوی جوانپەرەستم
لە نێو چاوت،
لە نێو…
ئەفسوونی ئەو ئاسمانە شینە.
بە بای دەسپێرم هەرچی تەم لە ژینە
کە بینیم پەرچەمی زووڵفت شەکاوە
خەزان بێ
با بەخێر بێ چوونکە ئیدی …
گەڵای زەردم لە با
ترسی نەماوە.