رۆژنامەی ھەولێر

ئـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــاوێنەی

نووری بێخاڵی

دەستێک لە ناو تاریکیدا،
دیوارەکانی هەبوون دەپشکنێت
سەرم دەخەمە سەر سنگت، ئەی زەوی!
نوێژ بۆ لێدانی ئەو دڵە نادیارە دەکەم،
کە لەژێر پێماندا دەپەسترێت
خەڵکی دەپرسن:
کەی ئاسمان لۆکەی سپیی خۆی پەڕە دەکات؟
کەی ڕووناكی پەردەی تاریکی دەدڕێت؟
بەڵام کەس پرسیارە ڕاستەقینەکە ناخاتە سەر ئەژنۆ.
با چییە، جگە لە هەناسەی وێڵکراوی گەردوون؟
بۆچی ئاو لە شێوەی باراندا دەبارێت؟
دەیەوێت بگریێت،
یان زەوی لە لەبیرچوونەوە پاک بکاتەوە؟
من و نەمامێکی گەنج،
لە هەمان خاکدا دەڕوێین
ئەو بە بێ‌ دەنگی قسە دەکات و
من، بە وشەکانم بێ‌ دەنگ دەبم
هەردووکمان دوو نامەی نەخوێندراوەی گەردوونین،
بە هەمان زمانی بایەکان نووسراوین،
تەنیا مەرگ دەتوانێت کۆدەکانی بكاتەوە
تاریکی، زێدی یەکەمی ئێمەیە؛
ئەستێرەکان،
کونێکن لە بنمیچی ئەم زیندانە درەوشاوەیەدا،
کە لێییەوە دەڕوانینە بێ سنووریی
ژیان و مەرگ،
دوو ڕووی دراوی سەربڕدراوی کاتن
بۆچی بووین؟
لەکاتێکدا،
مەرگ لە هەمان ئەو بایەدا دەخوڵقێت،
کە پێشتر ژیانی پێ بەخشین
درەختێک دەگرمە باوەش،
لە ڕەگەکانیدا هەست بە سووڕی خوێن دەکەم
ئەویش وەک من دەپرسێت،
وەڵامێک وەرناگرێتەوە و
ناچار،
بە بەرزکردنەوەی لقەکانی بۆ ئاسمان،
دەست بۆ نهێنییەکی بێ کۆتا درێژ دەکات.