رۆژنامەی ھەولێر

تۆڵیوود لە سێبەری مێژووەوە بۆ قەڵای جیهانی سینەمای تێلوگو

سەردارئەکرەم – بەریتانیا

بەشی سێیەم

من و ڕاجا هاوڕێم ڕۆژێک لەسەر سەکۆیەکی بچووک لەبەردەم کۆگایی کارەکەمان دانیشتبووین کاتێک باسی سینەمای تێلوگوی بۆ کردم. دەنگی ئارام و قووڵ بوو، وەک ئەوەی چیرۆکێکی کۆن بگێڕێتەوە کە خۆی لە ناویدا ژیاوە. وتی:
«گوێ بگرە.. ئەم پیشەسازییە کە ئێستا هەموو جیهان پێی دەڵێن تۆڵیوود، لە جێگایەکی زۆر سادەوە دەستی پێکرد. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا پیاوێک هەبوو بە ناوی ڕاغوپاتی ڤێنکاییا نایدو. ئەو پیاوە باوکی ڕاستەقینەی سینەمای تێلوگویە. لە ساڵانی ١٩٠٩ەوە دەستی کرد بە گەشتکردن بە ناوچە جیاوازەکانی باشووری هیندستان و فیلمی کورت پیشان دەدا. خەڵک سەرسام دەبوون. دواتر هۆڵی سینەمای خۆی کردەوە و لە ساڵی ١٩٢١ یەکەم فیلمی تایبەتمەندی بێدەنگی تێلوگوی بە ناوی «بهیشما پراتیگنا» بەرهەم هێنا. کوڕەکەی دەرهێنەری بوو. ئەو فیلمە لەسەر چیرۆکێکی کۆنی میتۆلۆژی بوو، بەڵام بۆ خەڵکی ئەو سەردەمە وەک موعجیزەیەک بوو.»
هاوڕێکەی ڕاجا کەمێک بێدەنگ بوو، پاشان درێژەی دا:
«دوای ئەوە دەنگ هاتە ناو فیلمەکان. لە ساڵی ١٩٣١ پیاوێکی تر بە ناوی ئێچ.ئێم. ڕێدی فیلمێکی فرەزمانی بە ناوی «کالیداس» دروست کرد کە دیالۆگی تێلوگوی تێدابوو. بەڵام فیلمی ڕاستەقینە کە هەموو شتێکی بە تێلوگو بوو، «بهکتا پراهلادا» بوو. ئەم فیلمە لە شوباتی ١٩٣٢ نمایشکرا. خەڵک بۆ یەکەم جار دەنگی ئەکتەرەکانیان بە زمانی خۆیان بیست. ئەو سەردەمە زۆربەی فیلمەکان لەسەر چیرۆکە کۆنەکانی ڕامایانا و مەهابهاراتا دروست دەکران، چونکە خەڵک ئەو چیرۆکانەیان خۆش دەویست و هێشتا سینەما شتێکی نوێ بوو.»
دەنگی کەمێک بەرزکردەوە کاتێک باسی قۆناغی زێڕینی کرد:
«لە دەیەکانی پەنجا و شەستەکاندا تۆڵیوود بووە شتێکی گەورە. ستۆدیۆ گەورەکان لە مەدراس سەریان هەڵدا. ئەستێرەکان دەرکەوتن. ئێن.تی. ڕاما ڕاو، کە هەموو کەس پێی دەوت ئێنتیئاڕ، وەک خودایەک لەسەر شاشە دەرکەوت. ئەکینینی ناگێسوارا ڕاو و ساڤیتری وەک جووتێکی تەواو دەرکەوتن. فیلمی «مایا بازاڕ»ی ساڵی ١٩٥٧ هێشتا خەڵک باسی دەکەن. ئەو سەردەمە فیلمەکان نەک تەنیا چیرۆکی کۆن، بەڵکو کێشەی کۆمەڵایەتی و ژیانی ڕۆژانەشیان پیشان دەدا. خەڵک لە هۆڵەکاندا دەگریان و دەکەنین.»
پاشان باسی گواستنەوەکەی کرد:
«بەڵام پیشەسازییەکە لە مەدراس نەمایەوە. کاتێک ویلایەتەکان جیا بوونەوە و حەیدەراباد بووە ناوەند، هەموو شتێک هاتە ئێرە. ڕامۆجی فیلم سیتی دروست کرا، گەورەترین ستۆدیۆی

جیهان. ئێستا هەموو شتێک لێرەیە. لە حەفتاکان و هەشتاکاندا ئەستێرە نوێیەکان هاتنە پێشەوە. چیرانجیڤی، ناگارجونە، وەنکیەتیش.. پیشەسازییەکە گەورەتر و بەهێزتر بوو.»
لە کۆتاییدا دەنگی گۆڕا بۆ شتێکی نزیکتر بە شانازی:
«ئەمڕۆ تۆڵیوود جیهانی گرتووە. پیاوێک بە ناوی ئێس.ئێس. ڕاجامۆلی هات و دوو فیلمی «بااهوبالی»ی دروست کرد. خەڵک لە هەموو شوێنێک چوونە هۆڵەکان. پاشان «ئاڕئاڕئاڕ» هات و تەنانەت خەڵاتی ئۆسکارەکەی برد. ئێستا فیلمەکانی تۆڵیوود لە ئەمریکا و ئەورووپا و ئاسیا پیشان دەدرێن. ئەستێرەکانی وەک پرابهاس و ڕام چارەن و ئاڵو ئارجون بوونە ناوی جیهانی. ئەمە چیرۆکی پیشەسازییەکەیە کە لە فیلمێکی بێدەنگەوە دەستی پێکرد و ئێستا جیهان دەلەرێنێتەوە.»
ڕاجا ووتی من بەردەم دەبم لەسەر باسکردنی بابەتەکان بەڵام بۆ ئەمڕۆ ئەوەندە باشەو بێدەنگ بوو. وەک ئەوەی خۆی لە ناو هەموو ئەو فیلم و چیرۆکانەدا ژیاوە. ئەو ڕۆژەتێگەیشتم کە تۆڵیوود تەنیا سینەما نییە.. چیرۆکی گەلێکە کە خەونی خۆی لەسەر شاشە جێهێشتووە.