رۆژنامەی ھەولێر

کە سیستەمە کارەباییەکەی دڵ تێک دەچێت، چ دەقەومێت؟

 

 

شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە وەستانی کوتوپڕی دڵ جیاوازە لە کپداگەڕان (جەڵتە) و زۆرجار بەهۆی تێکچوونی کوتوپڕی ڕیتمی کارەباییەوە ڕوودەدات.

لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵک وەستانی کوتوپڕی دڵ و جەڵتەی دڵ وەک یەک حاڵەت دەبینن، پزیشکانی پسپۆڕ هۆشداری دەدەن کە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوانیاندا هەیە. وەستانی کوتوپڕی دڵ مەترسییەکی دەستبەجێیە لەسەر ژیان و لە زۆربەی بارەکاندا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە تێکچوونی کارەبایی دڵەوە، نەک تەنیا گیرانی دەمارەکان.
لەبارەی مەترسی و هۆکارەکانی ئەم حاڵەتەوە، د. سوارە عەلی مەولوود، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی دڵ، قەستەرە و ئیکۆ ڕوونی دەکاتەوە: وەستانی کوتوپڕی لێدانی (Sudden Cardiac Arrest) دڵ یەکێکە لە مەترسیدارترین بارودۆخە پزیشکییەکان. بە پێچەوانەی جەڵتەی دڵەوە کە بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانەوە دروست دەبێت، وەستانی کوتوپڕی دڵ لە زۆربەی بارەکاندا ڕاستەوخۆ بەهۆی تێکچوونی سیستەمی کارەبایی دڵەوە ڕوو دەدات.
لەکاتی تێکچوونی ئەم سیستەمەدا، ڕیتمی لێدانەکان بە شێوەیەکی ناڕێک و زۆر خێرا شڵەژانیان بەسەردا دێت؛ بەم هۆیەوە دڵ توانای پەمپکردنی خوێن بۆ مێشک و ئەندامە سەرەکییەکانی دیکەی جەستە لەدەست دەدات و لە چەند چرکەیەکدا دەبێتە هۆی لەهۆشچوونی کوتوپڕی کەسەکە.

هۆکارە سەرەکییەکانی تێکچوونی کارەبایی دڵ
بەپێی ڕێنماییە پزیشکییەکان، دیارترین ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی تێکچوونی سیستەمی کارەبایی بریتین لە:
• ناتەواویی زگماکی: بوونی کێشەی پێشوەختە و لەدایکبوون لە سیستەمی گەیاندنی کارەبایی دڵدا.
• نەخۆشییە درێژخایەنەکان: تووشبوون بە شەکرە و بەرزەپەستانی خوێن کە کار لە توانای ماسولکە و فەرمانەکانی دڵ دەکەن.
• تێکچوونی هۆرمۆنەکان: نەخۆشییەکانی ڕژێنی پەریزادە (غودەی دەرەقی) و شڵەژانی ڕێژەی هۆرمۆنەکان لە خوێندا.
• پێشینەی کێشەکانی دڵ: تووشبوون بە جەڵتەی پێشووتری دڵ یان سستبوون و لاوازبوونی ماسوولکەی دڵ.
پزیشکانی دڵ جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەنجامدانی پشکنینی ناوبەناو و بەردەوام، گرنگترین و کاریگەرترین هەنگاوە بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی هەر تێکچوونێک لە ڕیتمی دڵدا، کە دەتوانێت ژیانی مرۆڤ لە مردنی کوتوپڕ بپارێزێت.