ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
یانەی هەولێر، بەیاننامەیەكی ناڕەزایی لەسەر ئاست و بڕیارەكانی ناوبژیوان لە یاریی نێوانیان لەگەڵ نەوتی میسان بڵاو دردەوە.
دەقی بەیاننامەكە:
دەستەی کارگێریی یانەکەمان بە توندی ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت و بەرانبەر ئەو هەڵە کاریگەرانەی کە لە یاریی نێوان یانەکەمان و یانەی نەوتی میسان ڕووی دا، هەروەها ئەو بڕیارانەی کە لە ماوەی یارییەکەدا دران و بوونە هۆی دروستبوونی پرسیار و گومانێکی زۆر، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ڕەوت و ئەنجامی یارییەکە هەبوو. ئەمەش ناتوانرێت وەک هەڵەیەکی ئاسایی دادوەری مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بە بێدەنگی تێپەڕێت.
هەڵەکانی ناوبژیوان بەرانبەر یانەکەمان لە یارییەک بۆ یارییەکی تر دووبارە دەبنەوە و بوونەتە بابەتێکی نیگەرانکەر کە بنەمای یەکسانی دەرفەتەکان و دادپەروەریی پێشبڕکێ لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەخاتە مەترسییەوە، بە تایبەتی لەو کاتانەی کە ئەم هەڵانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەنجامی یاری و دۆخی خاڵەکان دەکەن.
لە یارییەکەمان بەرانبەر نەوتی میسان، یەکێک لە دیارترین حاڵەتە گوماناوییەکان ئەوە بوو کە یاریزانی یانەکەمان موستەفا قابیل بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لە ناوچەی سزا لەلایەن گۆڵپارێزی تیپی بەرانبەر لێی درا.
لەوەش سەیرتر ئەوەیە کە دوای گەڕانەوە بۆ تەکنەلۆژیای VAR، ناوبژیوان لە کاتێکی زۆر هەستیار لە یارییەکەدا بڕیاری لێدانی سزای دژی یانەکەمان دا. ئەم بڕیارە لەلایەن ئێمەوە پرسیاری زۆر لەسەر شێوازی وەرگرتنی بڕیار و وردی هەڵسەنگاندنی داوەری لەم حاڵەتەدا دروست دەکات.
بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای VAR دەبێت ئامرازێک بێت بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری و چاککردنەوەی هەڵە ڕوونەکان، نەک ببێتە هۆی دروستکردنی زیاتر لە مشتومڕ و بڕیارێک کە ڕوونکردنەوەی بۆ زەحمەت بێت بە تایبەتی کاتێک بڕیارەکە لە ساتە هەستیارەکانی یاری دەدرێت و دەتوانێت بە تەواوی ئەنجامی یاری بگۆڕێت.
لەبەر ئەمە، دەستەی کارگێری یانەکەمان داوا لەلێژنەی ناوبژیوانان و یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەکات بە پەلە و بە شێوەیەکی شەفاف لەو حاڵەتانەی لە یارییەکەدا ڕووی داون بکۆڵێتەوە، تۆمارەکانی تەکنەلۆژیای VAR پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت، گوێ لە تیمی داوەری بگیرێت و بنەماکانی وەرگرتنی ئەو بڕیارانە ڕوون بکرێنەوە، هەروەها ئەگەر هەڵەی کاریگەر پشتڕاست کرایەوە، ڕێوشوێنی پێویست وەربگیرێت.
ئێمە داوای مامەڵەی تایبەت ناکەین و بەدوای بیانوو بۆ ئەنجامەکاندا ناگەڕێین بەڵکوو داوای مافێکی سروشتی و سەرەتایی هەموو یانەکان دەکەین، کە بریتییە لە دادپەروەری، یەکسانی دەرفەتەکان و جێبەجێکردنی یاسا بەسەر هەموواندا بێ جیاوازی.
لە هەمان کاتدا کە پشتڕاستی دەکەینەوە لە ڕێزگرتنی تەواومان بۆ ناوبژیوانان، بەڵام ڕێزگرتن لە دادوەری بە مانای بێدەنگبوون لەبەرانبەر هەڵە گەورەکان نییە، هەروەها بە مانای قبووڵکردنی بڕیارێک نییە کە دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ماف و چارەنووسی یانەکەمان لە پێشبڕکێدا هەبێت.
هەروەها دەستەی کارگێریی یانەکەمان ناڕەزاییی توندی خۆی سەبارەت بە دۆخی چیمەنی یاریگەی میسان دەردەبڕێت، کە جۆری چیمەنی یاریگەکە لەگەڵ ئەو ستانداردانە ناگونجێت کە پێویستە لە یاریگەکانی ئەستێرەکانی عێراق بەردەست بن.
بۆ دووەم جار بەردەوام، دەبینین هەندێک یانە کە زیاتر پشت بە تۆپی هەڕەمەکی و یاریی ڕاستەوخۆ دەبەستن، لە دۆخی یاریگە و نەبڕینی چیمەنی زەوییەکە کە درێژی چیمەنی یاریگە هەشت سانتیم بوو سوود وەردەگرن، یاریگەی مەشق رۆژیی پێش یاریی لەزبڵخالەیەکیان پێداین بەئەنقەست روناکی یاریگایان دەکوژاندەوە کاتێکدا یانەکانی پشتبەستوو بە دروستکردنی یاری، یاریی تەکنیکی و ڕاگرتنی تۆپ، بارودۆخی ئەم یاریگەیە دەکەونە سەر شانیان. ئەمەش پرسیاری ڕەوای زۆر لەسەر ئاستی یەکسانی بارودۆخی تەکنیکی نێوان تیمە بەشداربووەکان دروست دەکات.
هەروەها ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی یاریگەی ئۆڵۆمپیی میسانەوە ڕووی دا، کە بەشێک لە ڕووناکییەکانی یاریگە لە کاتی یارییەکەدا کوژێنرایەوە، بە تەواوی قبووڵکراو نییە بە تایبەتی لە پاڵەوانێتییەک کە دەبێت وێنە و ناسنامەی تۆپی پێی عێراق بێت و بەپێی بەرزترین ستانداردەکانی ڕێکخستن و میوانداری بەڕێوە بچێت.
خولی ئەستێرەکانی عێراق تەنیا بە ناو خولی ئەستێرەکان نییە.
بەهای ئەم پاڵەوانێتییە تەنها بە ناو و دروشم و بازاڕکردنەوە دیاری ناکرێت، بەڵکو بە کوالێتی یاریگەکان، جۆری زەوییەکانیان، ئاستی ڕێکخستن، کوالێتی داوەری و دابینکردنی بارودۆخی هونەری دادپەروەرانە بۆ هەموو یانەکان پێوانە دەکرێت.
ناتوانین قسە لە خولی ئەستێرەکان بکەین، لە کاتێکدا یانەکان یارییەکانیان لەسەر چیمەنێک دەکەن کە یارمەتی پێشکەشکردنی تۆپی پێی ڕاستەقینە نادات، یان ڕێگە بدرێت کوالێتی یاریگە ببێتە هۆکاری کاریگەر لە شێوازی یاری و ئەنجامی یارییەکان، یان ڕووناکییەکان لە کاتی یارییەکاندا ببنە بابەتی کوژاندنەوە و دەستکاریکردن.
لەبەر ئەمە، داوا لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە شێوەیەکی جدی و گشتگیر لە هەموو زەوییەکانی یاریگەکانی پاڵەوانێتی ئەستێرەکانی عێراق بکۆڵنەوە و تەنها بە سەردانی شێوەیی یان ڕاپۆرتی ڕوتینی نەوەستن، بەڵکو ستانداردی ڕوون و پابەندکەر لەبارەی کوالێتی زەویی، ڕووناکی، بیناکان و هەموو پێداویستییە هونەری و ڕێکخستنەکان دابنێن، بۆ ئەوەی یارییەکان لە بارودۆخێکدا بەڕێوە بچن کە شایستەی ناوی ئەم خولە بێت.
هەروەها داوا لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق دەکەین بە تەواوی بەرپرسیارێتیی خۆی لە دڵنیابوون لە دادپەروەری نێوان هەموو یانەکان بگرێتە ئەستۆ، جا لە بواری داوەری بێت، یان یاریگە، یان ڕێکخستن چونکە پێشبڕکێی دادپەروەرانە بە دروشم بەدەست نایەت، بەڵکو بە کردار و دابینکردنی هەمان بارودۆخ بۆ هەموو تیمەکان بەدی دێت.
کارگێری یانەکەمان هەموو مافی خۆی بۆ ناڕەزایی و داواکاریی مافەکانی لە ڕێگەی کەناڵە فەرمی و یاساییەکاندا پارێزراو دەهێڵێتەوە، و ڕێگە نادات هەڵە داوەرییە دووبارەبووەکان یان بارودۆخی نایەکسانی یاریگەکان ببنە شتێکی ئاسایی کە بە بێدەنگی و پشتگوێخستن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
ئێمە ڕێز لە پێشبڕکێ دەگرین، ڕێز لە یەکێتی دەگرین و ڕێز لە ناوبژیوانان دەگرین بەڵام لە هەمان کاتدا داوا دەکەین ڕێز لە مافەکانی یانەکەمان و هاندەرانی بگیرێت و پێشبڕکێیەکی دادپەروەرانە و بێلایەن لە ناو یاریگەدا دابین بکرێت.

