مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
كارگێڕیی یانەی چێڵسی ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێێکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی جۆل کوندی بەرگریکاری فەرەنسیی یانەی بەرشەلۆنە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی ئاستی ئەو یاریزانە و لەدەستدانی پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیی تیمە كاتەلۆنییەكە بەراورد بە وەرزی ڕابردوو.
بە گوێرەی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی “سپۆرت”ی ئیسپانی، بەرگریکارە فەرەنسییەکە یەکێکە لە ناوە دیارەکان، هاوشانی ئەلیخاندرۆ باڵدێ، کە لە سەردەمی هانز فلیکی ڕاهێنەردا وەکوو پێویست پێش نەكەوتن. لە كاتێكدا ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکە بە توانای پەرەپێدانی بەهرەی گەنجەکانی ناو بەرشەلۆنە ناسراوە، ئەمەش وای کردووە یاریزانانی دیکە بە تایبەتی جیرارد مارتن و ئێریک گارسیا دەست بەسەر پۆستە سەرەکییەکاندا بگرن لەسەر حیسابی ئەو یاریزانەی لە سیڤیلیاوە هاتووە و وردە وردە کاتەکانی یاریکردنی لەدەست دەدات و كەمتر دەبێتەوە.
ئێریک گارسیا بە ڕوونی خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی لە لای ڕاستی بەرگری تیپەکەدا جێگیر دەکات، ئەمەش دوای بەرەو پێشچوونی ئاستی بە شێوەیەكی بەرچاو دوای گەڕانەوەی لە یانەی جیرۆنا كە بە شێوەی خواستن بۆی چووبوو.
دواتر لە یانەكەی و هەڵبژاردەی ئیسپانیای توانی جێگەی خۆی بگرێ و بووە كارتێكی فشاری ئیسپانیا و یاریزانێكی پێگەداری بەرشلۆنە. كە ئێستە راهێنەر لە دڵی بەرگری، بەرگریكاری ڕاست و ئیرتیكازی ناوەڕاستدا سوودی لێ وەرگرتووە.
یانەی چێڵسی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە چڕتر دەکاتەوە. یانە ئینگلیزییەکە لە هاوینی ٢٠٢٢دا نەیتوانی لە گواستنەوەی کوندێدا سەركەوتوو بێت. سەرەڕای ئەوەی نزیک بوو لە تەواوکردنی گرێبەستەکە پێش ئەوەی خوان لاپۆرتا دەستوەردان بکات و گواستنەوەی بۆ بەرشەلۆنە مسۆگەر بکات. بەڵام ئاستە باشەکانی بەرگریکارە فەرەنسییەکە بەگشتی وای کردووە بەرپرسانی یانە لەندەنییەکە لە ئارەزووی خۆیان بۆ تواناكانی ئەو یاریزانە پەشیمان نەبنەوە و لە چەند بۆنەیەکدا نوێنەرەکانی لە گرنگیدانەکەیان ئاگادار کردووەتەوە.
ڕۆژنامەنووس ماتیۆ مۆرێتی لە بەرنامەی “لا پیزارا”دا ڕایگەیاندووە: “چەند یانەیەکی پرێمەر لیگ لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی یاریزانەکە دەکەن، چێڵسیش پێشتر لە هاوینی ڕابردوودا پرسیاری لەبارەیەوە کردووە و ئامادەیە گواستنەوەی دیکەی بۆ بکات”.
مۆریتۆ لە لێدوانەکانیدا پشتڕاستی کردەوە، ئەگەر كارەكە بە دەستی چێڵسی بێت، ئەوا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێستادا هەوڵەكانی دەدات. بەڵام ئەو كارە وابەستەی ئەو پارەیەیە كە بەرشلۆنە داوای دەكات.
یانەی چێڵسی تاکە یانەی گەورەی ئەورووپی نییە کە ئارەزووی گواستنەوەی ئەو بەرگریکارە فەرەنسییە دەکات. ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی ئاماژە بەوە دەکات کە بایرن میونشنیش ئەو یاریزانەی لە لیستی یاریزانە گرنگیپێدراوەكاندا داناوە.
ئاماژەکانی ئێستا ئاماژە بەوە دەکەن کە كارگێڕیی یانە کاتەلۆنییەکە داوای لانی کەمی 50 ملیۆن یۆرۆ دەکات بۆ دەستبەرداربوون لە جول کۆندێ، سەرەڕای ئەوەی ئەم گرێبەستە هاوپەیوەندە بە پێداویستییەکانی بەرشەلۆنە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا. كە ئایا بە یاریزانێكی ئاستباڵا هێڵی هێرشبەریان بەهێزتر دەكەن؟ یان هێڵی بەرگری بە هێزتر دەكەن.
ئەمە لە كاتێكدایە، یاریزانە فەرەنسییەکە لە ئێستادا بیر لە جێهێشتنی یانە كاتەلۆنییەكە ناکاتەوە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی قووڵی لەگەڵ بەرشەلۆنە و یانەکە. پێشتر خواستی تەواوەتی خۆی دووپات کردووەتەوە هەموو هەوڵی خۆی بۆ گەیشتنەوە بە ئاستی پێشووی و گرتنی جێگەی سەرەكی دەدات.

