رۆژنامەی ھەولێر

(گرەو) ئەو کورتەچیرۆکەی چیخۆف کە مرۆڤ بەئاگا دێنێت

شۆڕش غەفووری – هه‌‌ولێر

 

ئایا سزای لەسێدارەدان باشترە یان حوکمی تاهەتایی؟ ئەمە پرسیارێکە، هەرچەندە سواو و دووبارەش بێت، بەڵام ئانتوان چیخۆف زۆر بە جوانی لە چیرۆکی (گرەو) باسی دەکات.

ئەم کورتەچیرۆکەی چیخۆف ڕەنگە کورت بێت، بەڵام شایەنی تێڕامانێکی زۆر و لێوردبوونەوەیە لە ژیان و ئەو گرەوانەی کە ئێمە بە ژیانی خۆمان دەیکەین.
چیرۆکەکە، باسی دوو پیاو دەکات کە لەسەر پرسی (لەسێدارەدان) و (زیندانیی تاهەتایی) گرەو لەگەڵ یەکتری دەکەن لەوە کە ئاخۆ کامەیان باشترە! ڕاستە ئەم کارە هیچ دەرئەنجامێکی نییە جگە لە لەناوچوون و وێرانبوون، بەڵام هۆش و زەینی مرۆڤ هێندە ڕوون دەکاتەوە کە تێبگات دونیا لەو شتە جیاواترە لە مرۆڤەکان بۆ یەکتری دروستی دەکەن.
گەرچی خوێندنەوەی چیرۆکی گرەو، تەنها چەند خوولەکێک دەخایەنێت، بەڵام بەڕاستی کاریگەرییەکی زۆر قووڵ لەسەر دید و تێڕوانینی ئێوەی خوێنەر بەرامبەر بە جیهان و ژیان جێدەهێڵێت. لە ڕاستیدا، گەروەیی و حیکمەتی دەق لە زۆری لاپەڕە و وشە نییە، بەڵکو لەو فکر و سەدمە هزرییەدایە کە وا لە خوێنەر دەکات بە خۆیدا بچێتەوە و بە دید و بۆچوونیێکی جیاوازەوە لە ژیان و داواکارییەکانی بڕوانیت.
ئانتوان چیخۆف لەم چیرۆکەیدا، پرسیارێکی بە ڕواڵەت سادە دەخاتە ڕوو، پرسیارێکی دووبارە کە ژیانی دوو مرۆڤ دەگۆڕێت. لە ئاهەنگێکی خواندا، میواندار کە کەسێکی دەوڵەمەندە پێیوایە لەسێدارەدان باشترە لە زیندانی تاهەتایی، چونکە ئەگەر مرۆڤ ڕکەساتێک کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت، زۆر باشتر دەبێت لەوەی لە زیندان و وردە وردە و بە ئازار گیانی خۆی لەدەست بدات. بەڵام پارێزەرێکی جەحێڵ کە لەو ئاهەنگەدا ئامادەیە، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم قسەیەی خاوەن ماڵەکەدا کۆک نییە. ئەو باسی ئەوە دەکات کە زیندانی تاهەتایی باشترە لە لەسێدارەدان، چونکە ژیان بە هەر مەرجێک بەردەوام بێت لە مردن باشترە.
گفتوگۆی نێوان پارێزەر و پیاوە دەوڵەمەندەکە کە خاوەن بانکە، تا ئەو شوێنە دەڕوات کە گرەوێکی سەیر دەکەن و ڕێککەوتنێکی قورس لە نێوانیاندا دەبەسترێت. بڕیار دەدەن ئەگەر پارێزەرەکە بتوانێت ١٥ ساڵ لە زیندانی تاکەکەسی و لە ژوورێک بەرگە بگرێت، دوو ملیۆن ڕۆبڵ لە پیاوە دەوڵەمەندەکە وەربگرێت. مەرجێک کە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بە کۆتاییەکی سەرسوڕهێنەر، خوێنەر لە شۆک و سەرسوڕمان جێدەهێڵێت.

ئەم چیرۆکە بۆ کێ گونجاوە؟
ئەگەر تۆی خوێنر حەزت لە کورتەچیرۆکە قووڵ و پڕمانایە، ئەم کتێبە بۆ تۆ نووسراوە، بۆ تۆیەک کە تێبگەیت ژیان هەر ئەوە نییە کە لە دیدی کەسێکی دەوڵەمەنەوە هەیە، یە لە دیدی کەسێکی تەماعکارەوە هەیە، بەڵکو دەکرێت ڕەهەند و ڕووکارەکانی ژیان لە زۆر شتی دیکەدا بدۆزرێتەوە، بە مەرجێک بتوانیت تێڕابمێنیت و هەکەزایی نەژیت.

ئانتوان چیخوف کێیە؟
(ئانتوان پاڤلۆڤیچ چێخوف – Anton Pavlovich Chekhov)، پزیشک، ڕۆماننووس، تەنزنووس و شانۆنامەنووسی بەنێوبانگی ڕووس، یەکێکە لە پێشڕەوانی کورتەچیرۆک لە ئەدەبیاتی جیهانی. چیخۆف لە ڕێکەوتی (٢٩ی کانوونی دووەمی ١٨٦٠) لە (تاگانرۆگ – Taganrog)ی باشووری ڕووسیا، باکووری قەفقاز، لە کەنار دەریای ئازۆف لەدایکبووە.
هەرچەندە تەمەنێکی کورتی هەبوو و لەم تەمەنە کورتەشی بەردەوام نەخۆش بوو، بەڵام زیاتر لە شەست بەرهەمی ئەدەبی خوڵقاند کە تا ئێستا دونیا شانازییان پێوە دەکات. چیخۆف لە تەمەنی ٤٤ ساڵی و لە (٢ی جوولای ١٩٠٤) بەهۆی نەخۆشیی سیلەوە کۆچی دوایی کرد.

باوکی زاڵم:
باپیرەی باوکی، خاوەن زەوی و موڵک بوو لە پارێزگای (ڤاراشینسکی – Vargashinsky). باوکیشی لەگەڵ ئەوەی خاوەن ئەرز و ماڵ و موڵک بوو، پیاوێکی مەزهەبیی توندوتیژیش بوو و سزای جەستەیی منداڵەکانیشی دەدا. ڕۆژانی یەکشەممە کوڕەکانی (پێنج کوڕی هەبوو کە ئانتوان دووەمیان بوو) ناچار دەکرد بچنە کڵێسە و لە گرووپی سرودبێژان کە هەر خۆی دروستی کردبوو، سروود بێژن. ئەگەر کەمێک ناڕەزایەتییان دەربڕیبوایە، بە دار سزای دەدان و لە نان و خوان بێبەشی دەکردن. باوکی چیخۆف سەرسامی مێژووی موسیقی بوو و هەر ئەم سەرسامییەش وای لێکرد کە لە بازرگانی دوور بکەوێتەوە و تووشی شکست و مایەپووچی ببێتەوە.
لە ساڵی ١٨٧٦ لە ترسی قەرزدارەکانی لەگەڵ خێزانەکەی ڕووی کردە مۆسکۆ و ئانتوان بە تەنها لە تاگانرۆگ مایەوە بۆ ئەوەی خوێندنی قوتابخانەی سەرەتایی تەواو بکات.
چیخۆف لە ساڵەکانی کۆتایی خوێندنی ناوەندی لە تاگانرۆگ، بە چوونە تەماشای شانۆ، جەزی چووە ئەو ژانرە ئەدەبییە و و یەکەم شانۆنامەی خۆشی بە ناوی «بێباوکی» و پاشان کۆمیدیای «خوێندنی مریشکەکە لەخۆڕا نەبوو»ی نووسی.
چیخۆف لە نیوەی ساڵی ١٨٨٠ خوێندنی زانکۆیی خۆی لە بەشی پزیشکی لە زانکۆی مۆسکۆ دەست پێکرد. لە هەمان ساڵ یەکەم بابەتی چاپ بوو. بۆیە ئەو ساڵە بە مێژوویی دەستپێکی نووسینی چیخۆف هەژمار دەکرێت.
چیخۆف لە نامەیەکدا کە بۆ (فێودۆر باتیوشکۆڤ – Fyodor Batyushkov)ی دەنووسێت، دەڵێت: «یەکەم پارچە نووسینم لە ١٠ بۆ ١٥ هێڵ، لە بڵاوکراوەی (دراگۆن فڵایلە مانگی مارس یان ێوریل ١٨٨۰ بڵاو کرایەوە…».
لە ساڵەکانی ١٨٨٠ تا ١٨٨٤ سەرەڕای فێربوونی پزیشکی لە زانکۆی مۆسکۆ، بە ناوی خوازراوی وەکو (ئانتوشا چیخۆنتە)، (مرۆڤی جەرگ گەنیو)، (برای براکەم)، (ڕۆوەر) و (ئۆلیس) و .. چیرۆک و تەنزی لە گۆڤارەکان بڵاو دەکردەوە و بە داهاتەکانیان ژیانی دایک، خوشک و براکانی دابین دەکرد.
چیخۆف لە ساڵی ١٨٨٤ وەک پزیشک دەرچوو و لە شاری (ڤۆسکرسینسک – Voskresensk)ی نزیک مۆسکۆ، دەستی بە کاری پزیشکی کرد. یەکەم کۆمەڵە چیرۆکیشی بە ناوی «حیکایەتەکانی ملپامن» لە هەمان ساڵ بڵاو بووە. لە دیسەمبەری هەمان ساڵ و لە تەمەنی ٢٤ ساڵی، یەکەم خڵتەی خوێنی کە نیشانەی نەخۆشی مەترسیداری سیل بوو، بینی.

چالاکی پیشەیی:
چیخۆف پاش تەواوکردنی خوێندنی پزیشکی، بە شێوەیەکی پیشەیی ڕووی لە چیرۆکنووسین و شانۆنامەنووسین کرد. لە بەرهەمە جیاوازەکانیدا سوودی لە ئەزموونی پزیشکییەکەی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٨٨٥ دەستی بە هاوکاریکردنی ڕۆژنامەی (پترسبورگ تایم – The St. Petersburg Times) کرد. لە سێپتەمبەری هەمان ساڵ بڕیار بوو شانۆنامەیەکی بە ناوی «لە جادە گەورەکە» بکرێتە شانۆ و ببرێتە سەر ستەیج، بەڵام کۆمیتەی سانسۆڕ ڕێگرییان لێکرد. لە فێبریوەریی ساڵی دواتر واتە ساڵی ١٨٨٦ لەگەڵ (ئالێکسی سوڤۆرین – Aleksei Suvorin) سەرنووسەری ڕۆژنامەی «سەدەی نوێ\کاتی نوێ – New Times» ئاشنا بوو و چیرۆکەکانی «ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردن»، «دوژمن» و.. لەم ڕۆژنامەیەدا بە ناوی سەرەکی خۆیەوە واتە چیخۆف بڵاو کردنەوە.
تا دەهات نەخۆشییەکەی توندتر دەبوو، بۆیە لە ئەپرێلی ١٨٨٧ چوو بۆ تاگانرۆگ، بۆ بەرزاییە پیرۆزەکان و هاوینەکەی لە (بابکینا – Babkina) مایەوە. هەر لەوێ هەمان کۆمەڵەچیرۆکی «گورگ و مەڕ»ی بڵاو کردەوە و لە ئۆکتۆبەریشدا شانۆنامە درێژەکەی بە ناوی «ئیڤانۆف» لە ناوەندی شانۆی کۆرشی مۆسکۆ برایە سەر ستەیج و پێشوازییەکی باشی لێ نەکرا.
تا دەهات نەخۆشی سیلەکەی توندتر دەبوو، بۆیە ناچار بوو لە شوێنێک بە کەشوهەوایەکی باشتر نیشتەجێ ببێت. سەرەتا چووە فەڕەنسا، پاشان و لە کۆتایی دەیەی ١٨٨٨ واتە تا نزیکەی کۆتایی تەمەنی لە (یالتا – Yalta) نیشتەجێ بوو. لە ساڵی ١٩٠٤ بە قورسی و سەختی توانی بەشداری شانۆگەریی (باخی ئاڵوباڵوو) بکات و ڕێزی لێنرا. دواتر بۆ چارەسەر چوو بۆ (بادێن‌وایلێر – Badenweiler)ی ئەڵمانیا. لەوێ تەنها ٣ حەفتە مایەوە و ئەوەبوو لە (٢ی جوولای ١٩٠٤) کۆچی دوایی کرد.

بەخاکسپاردن:
بەخاکسپاردنی چیخۆف هەفتەیەک پاش مردنی لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو. ماکسیم گۆرکی کە لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادە بوو، دواتر بە وردی باسی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکەی کرد. جەماوەرێکی زۆر ئامادەی بەخاکسپاردنەکە بوون، وای لێهات هاتووچۆ لە شقاقەکانی مۆسکۆ پەکیکەوت. تەرمی چیخۆف لە گۆڕستانی (نۆڤۆدڤیچی – Novodevichy) لە شاری مۆسکۆ بە خاک سپێردرا.

چیخۆف و بەرهەمەکانی:
چیخۆف لە نووسینی کورتەچیرۆکدا توانایەکی باڵای هەبوو و هەر شانۆنامەنووسییەکەشی بریتی بوو لە نووسینی کورتەچیرۆکی درێژ. بەدەر لەمانەش تەنز و بەزمەساتنووسینەکەشی زۆر تایبەتە. زۆرێک لە ڕەخنەگران پەنجە دەخەنە سەر دوورکەوتنەوەی لە سیاسەت. هەرچەندە چیخۆف بەدوای پەیامی کۆمەڵایەتی یان ئەخلاقییەوە نەبوو، بەڵام شێوازی بیرکردنەوە و نووسینی، بووە هۆی ئەوەی بەراورد بە کەسانی وەکو (ماکسیم گۆرکی – Maxim Gorky،)، زیاتر حەقیقەتەکانی ژیانی ڕەعیەتی و هەژاری لە ڕووسیا ئاشکرا بکات. بە باوەڕی (ڤلادیمێر نابۆکۆڤ – Vladimir Nabokov)، ئەو کەسەی (فیۆدۆر دۆستۆیوڤسکی – Fyodor Dostoevsky) یان (گۆرکی) بە چیخۆف بەراورد بکات و پێکەوەیان هەڵسەنگێنێت، ئەوا هەرگیز لە پێویستییەکانی ئەدەبیاتی ڕووسی و ژیانی ڕووسی و خودی هونەری ئەدەبیی جیهانی تێنەگەیشتووە.
چیخۆف یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی دوو ساڵ پاش وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆرا لە پزیشکی چاپ کرد. ساڵی پاش ئەوە، کۆمەڵە چیرۆکی «لەکاتی خوانی ئێوارە» خەڵاتی پوشکینی پێبەخشرا. چیخۆف زیاتر لە ٧٠٠ کورتەچیرۆکی نووسیوە. لە چیرۆکەکاندا، کەم و زۆر ژیانی خێزانی و ئاسایی وەبەرچاو گیراوە. لە چیرۆکەکانیدا لەبری پێشکەشکردنی گۆڕانکاری، هەوڵ دەدات نمایشی ژیان بکات. لە هەمان کاتدا، لە چیرۆکە سەرکەوتووەکانیدا ڕووداوە تراژیکەکان بەشێکن لە ژیانی ڕۆژانەی کەسایەتییەکانی. شارەزایی چیخۆف لە شانۆنامەنووسی، بووە هۆی زیادبوونی توانایی لە خوڵقاندنی دیالۆگی جوان و سەرنجڕاکێش.

ئەمەش بەشێکن لە کورتە چیرۆکەکانی:
١٨٨٣ – لە دەفتەری بیرەوەریی خانمێکەوە
١٨٨٤ – عەلەشیشی ڕەق
١٨٨٧ – کاشانکا
١٨٨٧ – نیشانی شیر و خۆر
١٨٨٩ – گرەو
١٨٩٢ – هاوسەر
١٨٩٢ – ژووری ژمارە شەش
١٨٩٩ – ژیانی من

چیرۆکە درێژەکانی (ڕۆمان):
– پزیشکی بێنەخۆش
– چیرۆکی بێتام
– دوئێل

شانۆنامەکانی:
– بێباوکی
– ئیڤانۆف
– باڵندەی دەریایی
– ورچ
– زەماوەند
– سێ خوشک
– باخی ئاڵوباڵوو
– خاڵۆ وانیا
– لە جادە گەورەکە
– تاتیانا ڕپینا
– ئاوازی قوو