شیڤان شێرزاد – هەولێر
ئەمڕۆ فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمە کشتوکاڵیەکان لە خانەقین بە بەشداری چەندین هونەرمەندی گۆرانیبێژ و کەسایەتیە ناسراوەکانی ئەو شارە بەڕێوە دەچێت.
هونەرمەند “زینوێ ڕاوی” وەک دەنگێکی زوڵاڵ لەم دەڤەرە بە چەپکێک ئاواز و گۆرانی فۆلکۆر و هەڵپەڕکێی شادی لەگەڵ ستافی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری خانەقین بەشداری لە ئاهەنگ و چالاکییە هونەری و کولتوورییەکان دەکات.
“زینوێ ڕاوی” سەبارەت بەشداربوونی لەم فێستیڤاڵەدا بۆ “هەولێر” دەڵێت: بە مەبەستی ناساندنی کولتوور و هونەری شارەکەمان و ئامادەکاری لەم فێستیڤاڵەدا، ماوەیەکە سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانین بۆ ئەوەی ڕۆژێکی نموونەیی پڕ لە موزیک و گۆرانیی و ئەکلەنجەی کوردی تایبەت بە دەڤەرەکە لەگەڵ هاوکارە موزیسیانەکانم پێشکەش بە خەڵکی هونەردۆستی ئەو شارە بکەم، کە هەمیشە لە نوێبوونەوە و گەشە و ئاوەدانیە، بۆیە دەمەوێت بە هەڵپەڕکێ و گۆرانییە فۆلکۆرییەکان دڵی هەوادارانم بێنمە جۆش و خرۆش.
جێگەی باسە، هونەرمەند “زینوێ ڕاوی” خەڵکی شاری خانەقینە.
لە منداڵییەوە خولیای هونەری هەبووە، لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لە بواری شانۆ و وێنەکێشاندا دەرکەوتووە، پاشان لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە بەشداری لە چەند کارێکی فیلمدا کردووە.
لە کاری هونەری و موسیقادا ساڵانێکی زۆرە خەریکی پەروەردەکردنی دەنگ و کاری موزیک و گۆرانیگووتنە. خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەری و ڤیدیۆکلیپە، کە بە دەنگە خۆشەکەی بە زاراوە جیاوازەکان (وەک کوردیی ناوەندی و زاراوە کوردییەکانی تری ناوچەکەی) گۆرانی گوتووە.
بەرهەمە دیارەکان: لە دیارترین بەرهەمەکانی دەتوانین ئاماژەیە بەرهەمە بڵاوکراوەکانی وەک گۆرانییەکانی “من بیستومە” و “گەرد و تۆزەکەی” بکەین کە لە کەناڵە ئاسمانییەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە.
هەروەها بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵ و چالاکی ئەدەبی و هونەریدا کردووە (وەک فێستیڤاڵی گەلاوێژ).

