كارزان گلی – هەولێر
لەئامەدی باكووری كوردستان، پێشانگایەكی گەورەی كتێب كرایەوە، كە دەیان سەرچاوەی گرنگی ئەكادیمی و ئەدەبی تێدا نماییش كرا، بەشێكی زۆری ئامادەبوانی پێشانگایەكە، كاتێك كتێبەكانی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەیان بینی، بەدەنگی بەرز هاواریان كرد، ئازادی بۆ دەمیرتاش.
لەو پیشانگایەدا، هەموو ئەو كتێبانەی دەمیرتاش دەفرۆشرا كە لەزیندانی ئێدیرناوە نووسیویەتی، باشاك دەمیرتاشی هاوسەریشی، ئیمزای بۆ ئەو كەسانە دەكرد كە كتێبەكانیان دەكڕی.
بەشێكی زۆری ئامادەبوانی پیشانگایەكە، داوایان كرد دەمیرتاش ئازاد بكرێت و بەناحەقی خراوەتە زیندان و كتێبەكانی دەمیرتاشیشیان بەرز دەكردەوە.
باشاكی هاوسەری دەمیرتاش گوتی: ”ئومێد دەكەم، خەڵكی توركیا بگەنە ئاشتییەكی راستەقینە و ئاشتییەكی بەردەوام، ئەگەر ئەو رۆژەش بێت، ئەوكات دەمیرتاشیشمان لەگەڵدا دەبێت و بۆ خۆی ئیمزا لەسەر كتێبەكان دەكات.“
بەهەزاران كەس بەشدارییان لەو پیشانگایەی ئامادە كردووە، كتێبەكانی دەمیرتاشیش كە لەزیندانی ئیدیڕنا نووسیویەتی نماییش كرابوو و سەدان دانەی لێفرۆشرا و بەر لەوەی پیشانگایەكەش بكرێتەوە، باشاكی هاوسەری لەسۆسیال میدیا پەیامێكی بڵاوكردەوە و گوتی: ”ئەگەر دەتەوێت كتێبەكانی دەمیرتاشت دەست بكەوێت بەئیمزای من، وەرن بۆ پسشانگای كتێبی ئامەد.“
باشاكی هاوسەری دەمیرتاش، بۆ ئامادەبوانی پیشانگای كتێب و لایەنگرانی دەمیرتاش قسەی كرد و ئاماژەی دا، ماوەی ١٠ ساڵە دەمیرتاش بەناحەق دەستگیر كراوە، بەڵام ئەو بێكار نەبووە و هەروا دانەنیشتووە، بەڵكوو لەناو زیندان كاری كردووە و چەندین كتێبی نووسیوە و بۆچوونی خۆی بڵاوكردووەتەوە و كاریگەریشی هەبووە.
ئەوانەی كتێبەكانی دەمیرتاشیان دەكڕی، دوای ئەوەی باشاك ئیمزای بۆ دەكردن، باوەشیان پێدا دەكرد و دەیانگوت ئازادی بۆ دەمیرتاش.
ئامادەبوانی پیشانگایەكە ئەوەندە تامەزرۆ بوون بۆ ئەوەی كتێبەكانی دەمیرتاش بكڕن، نۆریان گرتبوو و بەروویەكی خۆشەوە دەچوونە لای باشاك و ئیمزای ئەویان لەسەر كتێبەكە دەویست و ئومێدیان دەخواست بۆ پیشانگایەكی تری كتێب لەئامەد، دەمیرتاش بۆ خۆی ئامادە بێت و بۆ خۆی ئیمزای لەسەر بكات، بۆیە باشاك پێیانی گوت ”دەمیرتاش هەموو هەوڵی بۆ ئاشتییە، بۆیە ئەگەر ئاشتییەكی راستەقینە بێتە كایەوە، بەدڵنیاییەوە دەمیرتاش ساڵێكی تر بۆ خۆی ئیمزا لەسەر كتێیەكان دەكات.“
سەزگین تانڕیكولو، پەرلەمانتاری جەهەپە لەسەر بازنەی ئامەد، كە ئێستا وازی لەجەهەپە هێناوە و چووەتە ناو پارتی نوێ، یەكێك بوو لەو كەسانەی كتێبەكەی دەمیرتاشی كڕی و داوای لەباشاك كرد ئیمزای بۆ بكات و سوپاسی كرد، كە بەو گوڕوتینەوە كتێبی هاوسەرەكەی دەداتە ئامادەبوان.
دەمیرتاش، لە ٦ی١١ی٢٠١٦، بەتۆمەتی ئەوەی ویستویەتی توركیا دابەش بكات و ئاژاوە بنێتەوە، دەستگیر كرا و تاوەكوو ئێستا ئازاد نەكراوە.
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، سێجار داوای لەتوركیا كردووە دەمیرتاش ئازاد بكات، چونكە دەستگیركردنەكەی یاسایی نییە و سیاسییە، بەڵام تاوەكوو ئێستا دادگای توركیا ئازادی نەكردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی، یەكێتی ئەورووپا هۆشداری بداتە توركیا، بەوەی ئەگەر ئازادی نەكات لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكەن.
دەمیرتاش، لەو ماوەیەدا هەشت رۆمانی نووسیوە و بڵاوكردووەتەوە، خەڵكێكی زۆر پێشوازی لەو كتێبانەی كردووە و تاوەكوو ئێستاش، پڕفرۆشترین كتێب لەپیشانگای ئامەد، فرۆشتنی كتێیەكانی دەمیرتاشە.
بەشێك لەرۆمانەكانی دەمیرتاش بەناوەكانی (سەحەر، دەوران، لەیلان، ئەفسوون، داد، جەمال).

