بەشێک لە وەزارەتەکان هەستیارن و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ناکۆکیی گەورەیان لەسەر دابەشکردنیان هەیە
ئەگەرێک هەیە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پڕکردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەکانی کابینەکەی زەیدی کۆببێتەوە و هەفتەی داهاتوو لە پەرلەمان وەزیرە نوێیەكان متمانە وەربگرن و دەست بە کار و چالاکییەکانیان بکەن. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هیچ بڕیارێک بۆ هەڵوەشاندنەوە یان دواخستنی دانیشتنەکە نییە، بەڵام بەهۆی دۆخی لەناکاوی بازاڕ بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، ڕەنگە کۆبوونەوەکە دوابخرێت، چاوەڕێ دەکرێت لایەنەکان لەسەر زۆربەی پۆستەکان بە رێککەوتن گەیشتبن.
شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە هێزە شیعەكان لە بەغدا كۆبوونەوە و بەپێی سەرچاوەكان گەیشتوونەتە ڕێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ تەواوكردنی كابینە و هەموو ئەو لایەنانەش کە لەو وەزارەتە بەتاڵانە پشکیان هەیە کاندیدی خۆیان ناساندووە.
ئەو هەنگاوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق هەنگاوێکی گرنگە بۆ تەواوکردنی کابینە دوای نزیکەی پێنج مانگ لە دامەزراندنی هەرچەندە هێشتا ناکۆکییەکان لەسەر پۆست و پاڵێوراوانی وەزارەتە بەتاڵەکان بە تەواوی یەکلایی نەبووەتەوە و ناکۆکییەکان بەردەوامن ئەوەش هەنگاوێكی گرنگە، ئەگەرچی مانای كۆتاهاتنی ناكۆكییە سیاسییەكان نییە و تا ئێستە گفتوگۆ لەبارەی هەندێك پۆست بەردەوامە، لەوانە جێگرانی سەرۆك وەزیران.
لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا وزارەتەکان بە وەکالەت بەڕێوە دەبران بەشێک لەو وەزارەتانە وەزارەتی زۆر هەستیارن و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ناکۆکیی گەورەیان لەسەر دابەشکردنیان هەیە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ڕابردوو حکوومەتی فیدراڵی بە نیوەچڵی دامەزرا دوای ئەوەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق نەیانتوانی لەسەر ناوی وەزیرەکان ڕێکبکەون. بەگشتی نۆ وەزارەت بێ وەزیرن. پاش ئەوەی دەنگ لەسەر چواردە وەزیر لە کۆی بیست و سێ وەزیر درا، دەنگدان لەسەر نۆ وەزارەت بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لەسەر پالێوراوەکان دوا خرا. هەروەها ئەمریکا ناڕازی بوو بەرامبەر بە سپاردنی هەندێک پۆست بە لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە گرووپە میلیشیاکان.
ئەو وەزارەتانەی تا ئێستا یەکلایی نەبوونەتەوە بریتین لە بەرگری، ناوخۆ، پلاندانان، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆچ و کۆچبەران، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لاوان و وەرزش، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری.
پەرلەمانی عێراق لە کاتێکدا دەیەوێت پۆستەکان پڕ بکاتەوە کە لە ٣٠ مانگەوە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کشاونەتەوە و عێراق لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدایە و مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەموو کاتێک زیاتر بووە. وەزارەتەکانی وەک ناوخۆ و بەرگری لە وەزارەتی سەربازی و تەناهین کێ سەرپەرەشتییان بکات و چۆ بەڕێوە ببرێن بۆ داهاتووی سیاسی و تەناهیی عێراق زۆر گرنگە.
دوو لەو وەزارەتانە کە زۆرترین مشتومڕ و ناکۆکییان لەسەر هەبووە ناوخۆ و بەرگرین و هەر یەک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە لایەک و سوننەکان لە لایەکی دیکە بەرامبەر بەو دوو پۆستە هەستیارن و ئەو کەسەی دەبێتە وەزیری ناوخۆ یان بەرگری دەبێت کەسێکی متمانەپێکراو بێت.
جگە لە لایەنە سیاسییەکانی ناوخۆ، ئەمریکاش بەرامبەر ئەو پۆستانە داواکاریی تایبەتی خۆی هەیە و پێشتر عێراقی لەوە ئاگادار کردووەتەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک پۆستی حکوومی بە گرووپە میلیشیاکان بدرێت.
ئەگەر پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ و بێ هیچ کێشە و ناکۆکییەک متمانە بە وەزیرەکان جێگرانی سەرۆک وەزیران بدات و کابینەی زەیدی تەواو بکات ئەوا دەبێتە خاڵیکی سەرکەوتن بۆ عەلی زەیدی تا بە کابینەیەکی تەواو رووبەرووی و ئاڵنگارییەکان ببێتەوە.

