كارزان گلی – هەولێر
هەڵاوسانی ئابووری لەتوركیا، بۆ یەكەمجارە دوای چوار ساڵ گەیشتە خوار ٣٠٪ و وەزیریی دارایی و ئابووریی توركیاش ئەمە بەدەستكەوت دەزانێت.
دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردەوە، بۆ ئەمساڵ تا مانگی ئەیلوول، هەڵاوسانی ئابووریی لە توركیا ٢٩.٧٣٪ە، بەڵام دەزگای ئاماری (ENAG) كە سەر بەئۆپۆزسیۆنی توركیایە، ئەم رێژەیە رەتدەكاتەوە و دەڵێت هەڵاوسانی ئابووریی لە توركیا ٤٦.٦١٪ە.
رەوشی ئابووریی لەتوركیا لەوپەڕی خراپییە، بەهۆی ئەوەی هەڵاوسانی ئابووریی زۆرە، هەروەها كرێی شووقە و كڕینی شووقە بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بەتایبەت لەشارە گەورەكانی وەكوو ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا و ئیزمیر.
بەگوێرەی دەزگای ئاماری توركیا بێت، كرێی شووقە و كڕینی شووقە ٣١٪ زیادی كردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هاووڵاتیان نەتوانن خانوو بەكرێ بگرن.
ئەگەر ئیستانبۆڵ بەنموونە وەربگرین، شووقەیەكی ئاسایی و لەگەڕەكێكی ئاسایی لەو شارە، ١٥ هەزار لیرەی توركییە، لەكاتێكدا كەمترین مووچە بە ٢٢ هەزار لیرەی توركی دانراوە، بەمەش هاووڵاتییەكی كرێچی ناتوانێت بژێوی ژیانی دابین بكات.
محەممەد شیمشەك، وەزیری دارایی و ئابووریی لەتوركیا، كەمبوونەوەی هەڵاوسانی ئابووریی بۆ خوار ٣٠٪ بەدەستكەوت دەزانێت.
شیمشەك، لەهەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی (X) بڵاوی كردووەتەوە، وەزارەت هەموو هەوڵێكیدا تا بتوانێت دوای ٤٦ مانگ هەڵاوسانی ئابووریی بۆ خوار ٣٠٪ دابەزێنێت و ئەمەش سەركەوتنێكی گەورە و گرنگە.
ئاژانسی (بلوومبێرگ) بڵاوی كردووەتەوە، هەڵاوسانی ئابووریی لەتوركیا دابەزیوە، بەڵام نەگەیشتووەتە خوار ٣٠٪، بەڵكوو تاوەكوو ئێستا لەدەورووبەری ٣٠٪دایە.
پلانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بۆ ئەوە بوو، لەساڵی ٢٠٢٦دا، هەڵاوسانی ئابووریی بگەیەننە ٢٠٪ و پاشان ئامانجەكە بۆ ئەوەبووە لە ٢٠٢٧ هەڵاوسان بگاتە ١٥٪، بەڵام دوای چەندین هەوڵ، نەیانتوانی بگەنە ئەو ئاستە.
ئەگەرچی هەڵاوسانی ئابووریی لەتوركیا لە ٨٠٪ەوە بۆ خوار ٣٠٪ دابەزیوە، بەڵام هاووڵاتیان نیگەرانن لەوەی هەڵاوسانی ئابووریی دابەزیوە، بەڵام نرخ زۆر گرانە، بەتایبەت نرخی خۆراك هەروەكوو خۆیەتی و جاروبار گرانتریش دەبێت.
لەتوركیا نرخی خۆراك زۆر گرانە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ژەمی خواردنیان لە سێ ژەمەوە بۆ دوو ژەم كەم بكەنەوە، ئەمە جگە لەوەی كڕینی گۆشت زۆر ئەستەم بووە، چونكە یەك كیلۆ گۆشتی سوور گەیشتووەتە ٧٠٠ لیرەی توركی، ئەمەش وای كردووە، هاووڵاتیان كڕینی گۆشت لایان ببێت بەمێژوو و بەردەوام رەخنە و گلەییان هەیە كە حكوومەت نەیتوانیوە نرخی گۆشت هەرزان بكات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، بەشێكی زۆری خانەوادەكانی توركیا، بەهۆی گرانی و هەژارییەوە، منداڵی خۆیان لەخوێندن دەرهێناوە و كاریان پێدەكەن، چونكە بەمووچەی باوك ناتوانن بژین و بەناچاری منداڵەكانیان لەخوێندن دەردەهێنن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی توركیا، هۆكاری گرانبوونی نرخی خراك و شیرەمەنی و زۆری تر، بۆ گرانبوونی نرخی خۆراك لەجیهاندا دەگێڕێتەوە و دەڵێت، نرخ لەهەموو دونیا گران بووە، بەتایبەت دوای شەڕی نێوان رووسیا و ئۆكڕاینا، بۆیە توركیا هەوڵ دەدات بەكەمترین زیان لێی بێتە دەرەوە.

