رۆژنامەی ھەولێر

٥٥ ساڵ بەسەر ھەوڵی شکستخواردووی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر لە حاجی ئۆمەران تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٥٥ ساڵ بەسەر ھەوڵە شکەستخواردووەکەی تیرۆکردنی بارزانیی نەمر ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان لە حاجی ئۆمەران تێدەپەڕێت، کە تیمێکی ڕاھێنراوی ھەواڵگری ئەو کاتی عێراق بە بەرگی پیاوانی ئایینی ھەوڵیان دا سەرکردەی گەورەی کورد بارزانیی نەمر تیرۆر بکەن، بەڵام پیلانەکەیان شکەستیان ھێنا و خۆیان لەناو چوون.

لە سنووری لیژنەی ناوچەی حاجی ئۆمەران، بە ئامادەبوونی فەرماندەیی سەربازی، بەرپرسانی حزبی و حکومی و پێشمەرگە دێرینەکانی شۆڕشی ئەیلوول، مەراسیمێکی تایبەت و شایستە بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٥٥ ساڵ بەسەر ھەوڵە ناکامەکەی تیرۆرکردنی ڕابەری نەتەوەیی کورد، بارزانیی نەمر بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا کە بە ئامادەبوونی فەریق سیھاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی ھێزی پشتیوانیی یەک، شوان محەممەد تەھا، بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵان، عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسوول جێگری دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان، قایمقامی قەزای چۆمان و کۆمەڵێک لە کەسایەتییەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو، چەندین وتار پێشکەش کران، تێیاندا تیشک خرایە سەر قۆناغە سەختەکانی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان و ڕۆڵی مێژوویی و نەبەردییەکانی بارزانیی نەمر لە بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکاندا، لە بەشێکی تری بەرنامەی مەراسیمەکەدا، فیلمێکی دیکۆمێنتاری پەخشکرا کە بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە و دیمەنە مێژووییەکان، قۆناغەکانی خۆڕاگریی گەلی کورد و پێشمەرگە قارەمانەکانی لەژێر ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمردا دەخستەڕوو.
دواتر ئامادەبووان چوونە بەردەم بارەگا مێژووییەکەی بارزانیی نەمر کە پێنج دەیە و نیو لەمەوبەر شوێنی ئەنجامدانی پیلانەکە بوو و لەوێ پێشانگەیەکی تایبەتی فۆتۆگرافی کرایەوە، پێشانگەکە کۆمەڵێک وێنە، بەڵگەنامەی پیلانەکە و دیمەنەکانی ڕۆژی ڕووداوەکەی لەخۆگرتبوو. لە کۆتاییشدا، ئامادەبووان بە نیشانەی وەفا و ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی ڕابەری نەتەوەیی کورد، تاجەگوڵینەی وەفادارییان لەبەردەم وێنەی بارزانیی نەمر دانا.
مام مراد ئەحمەد، وەکو پێشمەرگەیەکی شۆڕشی ئەیلوول کە شایەد حاڵی ڕووداوەکەیە لەبەردەم ھەمان بارەگا، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: من ئەو کات پێشمەرگە بووم، خەڵک زۆر بەو ڕووداوە تێکچوو، بەڵام کە زانیان بارزانیی نەمر سەلامەتە، زۆر خۆشحاڵ بوون، مەبەستی ئەوانیش لە تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر ئەوە بوو شۆڕشی ئەیلوول تێک بدەن.
شوان محەممەد تەھا، بەرپرسی لقی ٢٦ـی گوڵانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی ڕاگەیاند، لە کاتێکدا یادی ٥٥ ساڵەی ھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر دەکەینەوە، قسەکردن لەسەر ئەو پیلانە نامرۆیانە کە بەرامبەر بە بارزانیی نەمر کرا، پیلانێک بوو دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و سەرکردایەتی شۆڕش، قسەکردن لەسەر داستان و خەبات و تێکۆشانی بارزانیی نەمر و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان قسەکردنە لەسەر ١٠٠ ساڵ خەبات و تێکۆشان.
ھەر چەندە لە ژیانی سیاسییدا چوار جار ھەوڵی تیرۆرکردنی بارزانیی نەمر دراوە، بەڵام ئەو ھەوڵانە نەیان توانیوە بارزانیی نەمر لە کاروانی خەباتی کوردایەتی بوەستێنن، دوژمنانی گەلی کوردستان ھەمیشە لەڕێگەی تیرۆرەوە ھەوڵیان داوە شکەست بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بێن و سەرکردەکانیان تیرۆر بکەن، بەڵام مێژوو پێمان دەڵێ، کە پیلانەکانیان شکەستیان پێھێناوە خەونەکانیان بردووەتە ژێر گل.