رۆژنامەی ھەولێر

لە بەفرەوە بۆ کتێبی ڕەش

ئارام کۆشکی – هە‌ولێر

 

ئۆرهان پاموک؛ یەکێک لە دڵخوازترین نووسەرەکانمە، زۆرێک لە بەرهەمەکانیم خوێندووەتەوە. سەرەتا لە ڕۆمانی “بەفر”ەوە شەیدای ئەم نووسەرە بووم، دواتر “من ناوم سوورە” ئەفسوونی لێکردم و ئیدی پێموابوو ئەوە جوانترین ڕۆمانی ئەو نووسەرەیە، بەڵام کاتێک “مۆزەخانەی پاکیزەیی”ـم خوێندەوە، هەستم کرد من لەبەردەم نووسەرێکی ئەزموونگەردام، نووسەرە ئەزموونگەرەکانیش هەمیشە بە خولقاندنی دونیای نوێ خوێنەرەکان سەرسام دەکەن. سەرسامیم درێژ بوویەوە تا ڕۆمانی “کتێبی ڕەش”ـم خوێندەوە، ئیدی هەستم کرد ئەمە لوتکەی پاموکە، بەڵام نووسەرە گەورە و ئەزموونگەرەکان لوتکەیان نییە، یان دروستترە بڵێم یەک لوتکەیان نییە، بەڵکو هەر بەرهەمێکیان جیهان و لوتکەیەکی نوێیە.

بەرلەوەی رۆمانی “کتێبی ڕەش” بخوێنمەوە، ڕۆمانی “من ناوم سوورە” ڕۆمانەکەی پشت سەرم بوو، ناوە ناوە دەچووم و چاپتەرێکیم دەخوێندەوە، وەک ئەوەی نەمەوێت لە خوێندنەوەی بوەستم و تەواو بم. بەڵام ئێستا “کتێبی ڕەش” بووەتە جێگرەوەی ئەو، ئەم کتێبە (وەک لە نووسینێکی پێشتریشدا گوتوومە) مانیفێستی نووسینی پاموکە، کتێبێکە لەسەر نووسەربوون، ئەو جیهانەی نووسەران کاری تیا دەکەن، ئەو پەنهانیی و شاراوەییەی نووسەران لەناویدا دەژین، یان ئەو ڕێسا تایبەتیانەی نووسین لە نووسەرانی دەخوازێت.
کاتێک باسی ڕێسا دەکەم، مەبەستم نییە بڵێم نووسین بەپێی ڕێسا نەبێت ناچێت بەڕێوە، بەڵکو مەبەستم جۆرێک لە ڕێسایە، کە وەکو پێشزەمینە وایە کە ڕێسای جێگیر نین، بەڵکو ڕێسان بۆ بەرچاوڕوونی نووسەران. کتێبی ڕەش؛ لای من ئەو کتێبەیە کە ناتوانم نە لە خوێندنەوەی بوەستم و نە بۆ هەمیشە لە نزیکمەوە نەبێت، چونکە ئەو کتێبەیە کە هەمیشە پەنهانی نوێی تێدایە و هەر جارێک بیخوێنمەوە پەنهانی نوێم بۆ ئاشکرا دەبێت.
خاڵێکی ئەفسوونگەرانەی ئەم کتێبە ئەو گەڕانەیە، کە مرۆڤ دەبێت بەدوای خۆیدا بگەڕێت، ئەوەشی ئەم گەڕانە بەرهەمدار دەکات “عەشق”ـە، بۆیە پاموک چەندینجار پێداگرانە دەڵێت عەشق، ئەوەی پێشت دەخات عەشقە، ئەوەی دەتوانێت باشتر بەرەو قووڵایی بتبات گەڕانە بۆ عەشق، یان دروستترە وەک خۆی بڵێم “عەشق واتە گەڕان.” هاوکات ئەوەش دەڵێت “نهێنییەکەت عەشقە. بیرت نەچێت وشەی نهێنیت عەشقە.” هاوکات چەندجارێک ئەم چەمکە دووبارە و سێبارە دەکاتەوە.
مرۆڤەکان هەر کارێک بکەن ئەگەر عەشق، یان جۆرێک لە سووتان و تامەزرۆیی بۆ ئەو کارەی لەگەڵ نەبێت ناتوانن سەرکەوتوو بن. بێگومان سەرکەوتن بە مانا ئۆتۆماتییکییەکەی نا، بەڵکو بە مانا ڕۆحییەکەی، چونکە دەشێ کەسێک مامۆستایەکی سەرکەوتوو بێت، بەڵام عەشقی بۆ پیشەکەی (مامۆستایی) نەبێت و تەنها وەکو وەزیفەیەک بیبینێت، بەڵام ئەوەی عەشقی بۆ پیشەکەی هەبێت (بۆ نموونە مامۆستا) توانای بەرەوپێشچوونی زیاتر و گرتنەبەری میکانیزمی نوێی هەیە بۆ وانەوتنەوە، بەڵام ئەگەر پیشەیەک (دیسان بۆ نموونە مامۆستایی) عەشقی لەگەڵدا نەبێت هیچ بەرەوپێشچوونێک نابینرێت، یان بەرەوپێشچوونەکان هێندە لاوازە کە لە ئاستی نەبووندایە.
لە کتێبی ڕەشدا، کە زیاتر وەکو کتێبێکی توناوتونەکان و پێچاوپێچەکان، هاوکات کەمێک ئاڵۆز دێتە بەرچاو، بەڵام من دەتوانم بڵێم کتێبی وەستانەکانە، یان کتێبی ڕامانەکانە. کتێبێک بۆ ئەوەی دووبارە بە چاوێکی دیکە سەیری شتەکان بکەینەوە و بەو بۆچوونانەدا بچینەوە، کە پێشتر بڕوامان پێی بووە، ئەو جیهانە بەجێبهێڵین، کە پێشتر تێیدا نیشتەجێبووین. هەر خوێنەرێک دوای کتێبی ڕەش نەیتوانی جیهانێکی نوێ بدۆزێتەوە، کەواتە نەیتوانیوە جیهانی کتێبەکە کەشف بکات.
یەکێک لە کاراکتەرەکان لە لاپەڕە 118 دا دەڵێت “هیچ شتێک هێندەی ژیان سەرسووڕهێنەر نییە، جگە لە نووسین.” ئەم وتەیە بەدرێژایی ڕۆمانەکە لەگەڵ خوێنەردا دەڕوات و پاموک دەیەوێت سەمەریی نووسین لەڕێی ئەم کتێبەوە بخاتەڕوو، هەر بۆیە هەمان دێڕ لە کۆتا پەرەگرافی کتێبەکەدا لە لاپەڕە 644دا دووبارە دەکاتەوە، بەڵام بە پێداگرانەتر و بە زیادەیەکیشەوە، کە بەمشێوەیەیە “هیچ شتێک هێندەی ژیان سەرسووڕهێنەر نییە، جگە لە نووسین. جگە لە نووسین. بەڵێ بە دڵنیایی، نووسین تاکە دڵنەواییە.” نووسەر وەک ئەوەی بیەوێت بڵێت ئەوەی دڵنەوایمان دەکات لە ژیاندا بەردەوام بین، یان بە عەشقەوە بەردەوام بین، نووسینە.
ئۆرهان پاموک، لەو نووسەرانەیە، کە دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ بەرپرسیارانەتر و باشتر نووسی، چونکە ئەو تەنها لەپێناوی نووسەربووندا نانووسێت، بەڵکو لەپێناوی خودی نووسیندا دەنووسێت. سێ بۆ چوار ساڵە لەڕێی کاک “سامان کەریم” وەرگێڕی بەشێکی زۆر لە بەرهەمەکانی، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵیدا هەیە و بە فەرمی کتێبەکانی بۆ کوردی وەردەگێڕێت و بەئاگاداری پاموک کارەکان دەکات. ئاگادارم کە کاری لەسەر چەند ڕۆمانێک کردووە و سەرەتای ئەمساڵ بڕیار بوو یەکێکیان بڵاو بکرێتەوە و هەتا لە میدیاکانی تورکیاش ناونیشانی ڕۆمانەکە و هەواڵەکەشی بڵاوکرایەوە، بەڵام تا ئێستا ئەم نووسەرە بڵاوی نەکردووەتەوە، چونکە خودی خۆی ڕازی نەکردووە، یان جۆرێک لە دوودڵی بەرامبەری هەیە بۆیە وەستاندوویەتی. خۆ هەموو دەزانین پاموک نۆبڵێ هەیە هەرچی بنووسێت یەکسەر لانیکەم لە تورکیا 50 هەزار دانەی لێ دەفرۆشرێت و بۆ چەندین زمان وەردەگێڕدرێت، بەڵام ئەو لەبەرئەوەی لەپێناو نووسەریدا نانووسێت، هاوکات ئەو نووسەرێکە نۆبڵی هەیە، بەڵام ئەو بۆ نووسین دەسووتێت و دەیەوێت ئەزموونێکی جیاواز و ناوازە بخاتە بەردەستی خوێنەر، بۆیە دوو دڵی ئێستا پاموک دوای نووسینی چەندین ڕۆمان لە هەمان دوودڵی بڵاوکردنەوەی یەکەم ڕۆمانی دەچێت، هەر ئەمەشە نووسەر بۆ هەمیشەیی بەرەو پێشەوە دەبات.
ئەوەی لێرەدا خرایەڕوو تەنها ڕامانێکی کورت بوو لە جیهانە فراوانەکەی پاموک، جیهانێک کە شایستەی شرۆڤەی زیاتر و ڕامان و قووڵبوونەوەی زیاترە.
دەستخۆشی بۆ سامان کەریم و بەکر شوانی کە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەیان بۆ کوردی وەرگێڕ، کە ئاسۆی نوێیان بۆ ئێمەی خوێنەر کردەوە.