رۆژنامەی ھەولێر

ڕاپـــــــــەڕین و کــــــــــۆڕەو کتێبێکی وێنەبەڵگەنامەیی گرنگ لە مێژووی کورد

ئامادەکردنی : هەولێر

 

لەم ماوەیەدا کتێبێک بە ناوی (ڕاپەڕین و کۆڕەو) چاپ و بڵاو کرایەوە کە نزیکەی ٧٠٠ وێنەی گرنگیی مێژوویی ١٤ فۆتۆگرافەری جیهانی لەلایەن نووسەران (شۆڕش غەفووری) و (جەماڵ نەجاڕی) کۆکراونەتەوە و بە شێوەی ڕەنگی و بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی شڕۆڤەیان بۆ کراوە.

کتێبی (ڕاپەڕین و کۆڕەو)، بەشێكە لە تۆماری دوو ڕووداوی گەورەی باشووری كوردستان کە یەکێکیان ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ بوو و ئەویتریان كۆڕەوی كوردە كە ڕێك دوای ڕاپەڕین ڕووی دا و بە هەزاران خێزانی كوردی لەبەر هەڕەشە و هێرشی دڕندانەی سوپای سەدام حوسێن و لە ترسی تۆڵەسەندنەوە بە پێ ڕایان كرد و ڕوویان لە سنوورەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان كرد.
نووسەران لە پێشەکیی کتێبەکەدا نووسیویانە: «ئێمە وێنەی ١٤ فۆتۆگرافەری بیانیمان كۆ كردوونەتەوە كە لە لایەكەوە شادی و شكۆی هێزی پێشمەرگە و سەركردە كوردەكانیان لە كاتی ڕاپەڕین گرتووە و لە لایەكی تریشەوە ئەو خەم و ترس و تۆقین و شیوەن و ئازارەیان گرتووە كە بەسەر ئەو ملیۆنان ژن و پیاو و پیر و منداڵەی کورد و لە كاتی هەڵاتنەكەیان هاتووە».
فۆتۆگرافەرەكان چوونەتە ئەو كەمپە كاتیانەی كە بۆ كوردە پەنابەر و بێلانەكان دروست كرابوون، هەر یەكەیان لە وڵاتێكەوە هاتبوون تا ڕووداو و كارەساتێك تۆمار بكەن كە ئێستا ئێمەی كورد شانازی پێوە دەكەین، چونكە كۆچی بەكۆمەڵی كورد بەرزكردنەوەی هاواری ڕەتكردنەوەی دەسەڵاتی دیكتاتۆر و دڕندەی بەعس بوو.
هەروەک لە پێشەکیی کتێبەکەدا هاتووە: «كورد هەقی خۆی بوو بترسێت لە تۆڵەسەندنەوەی سەدام حوسێن، چونكە ئاسەوارەكانی كیمیاباران و ئەنفال و زیندان و كۆمەڵكوژ هێشتا بەسەر جەستەیەوە مابووەوە، بۆیە بە كۆمەڵ خۆیان گەیاندە سنوورەكان و هەر ئەمەش وای كرد كە تەنها دوای چوار رۆژ، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕێكەوتی پێنجی ئەپرێل بڕیارێكی هەشت خاڵی بەناوی بڕیاری (٦٨٨) دەركرد بۆ ئەوەی خەڵكی سڤیلی كورد پارێزراو بن، ئەمەش هۆكاری گۆڕانكارییەكی گەورە بوو كە بۆ یەكەمجار لە مێژووی گەلی كورد ڕووی دا».
لە فۆتۆکاندا كۆڕەو سەلمێنەری یەكگرتوویی كوردە بەرامبەر دوژمن، هەر بۆیەشە ئەو فۆتۆگرافانە پرسی كوردیان لەو سەردەمەدا لە كێشەیەكی لۆكاڵییەوە كردە پرسێكی نێودەوڵەتی و هەموو دەوڵەتانی ناوچەكە هاتنە سەر خەت و هێڵی ٣٦ی بە دوای خۆیدا هێنا و دواتر دەستكەوتەكانی نەتەوەیی و ئەم ئەزموونەی حوكمڕانییەی ئێستای كوردی لێكەوتەوە.
ئەم وێنانەی كە لە کتێبی (ڕاپەڕین و کۆڕەو)دان، هەمووی لە فۆتۆگرافەرەکان و ئەرشیفخانەی نیشتمانیی پاریس كڕدراونەتەوە، بۆیەشە کتێبەکە لە لایەن (دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان) و (كۆمپانیای كاڤین گرووپ)ەوە سپۆنسەر کراوە.