ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
یەكێك لەو شوێنانەی زۆرترین باس و خواسی سیاسی و كولتووری هونەری لە مێژووی هەولێردا لێ كراوە چایخانەكان بوونە.
هەندێك لە شاعێرەكان لە یاداشتەكانیان باسیان لەوە كردووە كە شیعرەكان لە چایخانەكان داوە، هەندێك لە ئاوازدانەرەكان و بیلمەتەكان و نووسەرەكانیش بەرهەمەكەیان لە چایخانەكاندا داناوە.
یەكێك لە كەسایەتیەكانی هەولێر كە زۆربەی پەرتووكەكانی ساڵانی هەشتاكان باسیان كردووە (رەشید چایچی) بووە كە كەسایەتییەكی كۆمەڵایەتیی هەبووە؛ چایخانەكەی وەكو ناوەندی کولتووری و سیاسی وابووە، هەمیشە لە چایخانەكەیدا باسی رێكخستنەكانی پێشمەرگە كراوە.
سۆران رەشید، كوڕی ئەو كەسایەتییە لە دیمانەكدا لەگەڵ (هەولێر) سەبارەت بە ژینی باوكی دەڵێت: “رشید صادق صوفی سعید الیاس عباس البریە” ناسراو بە (رەشید چایچی) لە هەولێر لەدایك بووە؛ ساڵی 1940 لە سەرەتای ژیانی لەگەڵ برایەكانی لە بازاڕی قەیسەری كە چایخانەیان داناوە كە تەمەنی هەشت ساڵان بووە؛ پاشان لە تەمەنی 18 ساڵاندا لە تەیراوە گازینۆ جوانی داناوە كە هی مام ئەحمەداغا قەساب بوو كە مرۆڤیكی زۆر قەدرگران و كۆمەڵایەتی بووە.”
سۆران دەڵێت باوكی لە عەشقی كوردستان سەردەمانێك چەكی شەرەفی كردە شان و بووەتە پێشمەرگە تا 1974 پاشان دەست دەكات بە دانانی چایخانە لە نزیك مزگەوتی شێخی چۆلی كە پێیان دەگوت (چایخانەی قەمیش) تا 1989 لە گەڕەكی تەیراوە چایخانەی دانا لە نزیك مزگەوتی ئەوقاف.
سەبارەت بە كەسایەتیی باوكی، سۆران دەڵێت مام رەشید چایچی یەك لە سیفەتە جوانەكانی مرۆڤیكی لێبووردە و خۆبەخش بوو؛ رۆڵێكی باڵای هەبوو لە هاوكاریكردنی خەڵكی هەڵەبجە لە دوای كارەساتەکەی 1988ـدا. باری كۆمەڵایەتی خێزاندار بوو؛ هاوسەری خاتوو فاتمە ئیبراهیم عوسمانئاغا بێتواتەیی؛ خاوەنی چوار كوڕ و چوار كچ بوو؛ مرۆڤێكی كۆمەڵایەتی و خۆشەویستی خەڵك بوو؛ هاوڕێیەکی زۆری هەبوو: لە وانە عەونی یوسف، ئازاد مەلا فەندی، تاهیر تۆفیق، كاك سەنعانئاغا، بەشیر حاجی نوردین بەقاڵ، حاجی فەتاح خەیات، سەلام كۆیی، عەزیز محەمەد، مامۆستا جەلال، وەستا سابیر بەنا و، یاسین كەبابچی)؛ لە سەردەمی گازینۆ جواندا چینی جۆراجۆر خەڵک لە رۆشنبیر و پارێزەر و وەرزشوان و، كاسبكار و خەڵکانی تر دەهاتن؛ لە شەوانی رەمەزاندا سینیسینیانێ (یاخود فنجانێن) لە گازینۆیەكەی دەكرا؛ گروپی هەولێر و گروپی كەركووك كە لەنێوان هونەرمەندان (مشۆ و هابە) یاری دەكرا؛ خەڵکانیكی زۆر لە بەغدا و مووسڵ و كەركوكەوە دەهاتن بۆ چایە خۆشەكەی. دەیانگۆ چایەكەمان بدێ؛ مام رەشید لەگەڵ گۆرانی (ئوم كەلسوم و فەرید ئەترەش) لە تەمەنی ژیانیدا چای بە عانە و فلس و روبع و نیو دینار فرۆشتووە؛ لە چایخانەكیدا چینی رۆشنبیری زۆر دەهاتنە چایخانەكەی؛ وەك: كەریم فەندی، حاكم شاكر، سەعد شكاك، نازم دڵبەند، عومەر فەرهادی، كەریم دەشتی، سەباح عەبدولڕەحمان، عەلی ئەحمەد، عەبدولڕەحمان فەرهادی، شێرزاد عەبدولڕەحمان، شێرزاد هەینی، مەحموود زامدار، غازی غەفوور، فەرهاد پیرباڵ، پیرباڵ مەحموود، حەسەن جاف، نامیق عەلی قادر، برهان وێنەكیش، سەلام كۆیی، یونس حەمەكاكە، رەوف رەباتی، حەسەن جەباری، بارزان مەلا خالید، وەلید مەعرووف، تەها ئاغاجان، عەبدولڕەحمان زنگەنە، شێرزاد پۆلیس و، زۆر شاعیر و نووسەری تریش؛ لە ٢٩/٧/٢٠١٥ـدا دڵە گەورەكەی لە ترپە كەوت.

