رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەی هەژماری من یەكێكە لە سەركەوتووترین پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

فەیسەڵ شێخانی – هە‌ولێر

 

“سۆران نووری” جێگری بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانكی BBAC، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ “ڕۆژنامەی هەولێر” ئاماژە بۆ ئەوە دەكات : پڕۆژەی هەژماری من یەكێكە لە سەركەوتووترین پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. هەروەها موژدەی ئەوە دەدات كە لە داهاتوویەكی نزیكدا لە بانكەكەیانەوە قەرزی تاكەكەسی دەست پێ دەكات. ئەو هێما بۆ ئەوەیش دەكات كە ئامێرەكانی راكێشانی پارە بۆ فەرمانبەران زیاتر دەكەن.

بانكەكەتان زیاتر گرنگی بە چ خزمەتگوزارییەك دەدات؟
لەبارەی خزمەتگوزارییەكانی ئێمە لە بانكی BBAC دەتوانم بڵێم هەموو خزمەتگوزارییە بانكییەكانمان هەیە، لە كردنەوەی هەژمار و دەرهێنانی كارتی بانكی و گواستنەوەی پارە و خزمەتگوزاری ئۆنڵاین و كۆمەڵێك خزمەتگوزاری تر، هەروەها به م نزیکانه یش پێدانی قەرزی كەسی دەست پێ دەكەین.

بۆچوونتان لەبارەی هەژماری من چییە كە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانە؟
بە بیروڕای من یەكێك لە سەركەوتووترین پڕۆژە لەم كابینەیەدا ”پڕۆژەی هەژماری من” بووە، چوونكە بووە هۆی بە ئەلیكترۆنیكردنی مووچەی فەرمانبەر و زیاتر ئاشناكردنی هاووڵاتییان بە سیستمی بانكی.

لای ئێوە هەژمار بۆ چەند كەس كراوەتەوە؟
لە بانكی BBAC دا هەژمار بۆ هەموو توێژێكی كۆمەڵگە كراوەتەوە و تا ئێستە نزیكەی 14 هەزار هەژمار كراوەتەوە و خەریكی دروستكردنی هەژماری زیاترین، ئێمە هەموو خزمەتگوزارییەكی بانكی پێشكەش دەكەین جگە لە پێدانی مووچە، ئێمە دەتوانین پشتگیریی بانكی بدەین بە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی بۆ باڵوێزخانە و كۆنسوڵگەكان، پێدانی كرێدت كارت و لە ئایندەیەكی زۆر نزیكیشدا پێدانی قەرزی كەسی دەست پێ دەكەین.

هەندێك جار فەرمانبەران گلەیی لە كەمی ئامێرەكانی راكێشانی پارە دەكەن؟
ئێمە پێش دەستپێكردنی پڕۆژەی هەژماری من لە هەولێر و سلێمانی، نزیكەی 25 ئامێری پارە ڕاكێشانمان هەبوو لە بازاڕەكان، ئێستە زیاتر لە 40 ئامێرمان لە خزمەتی هاووڵاتییانمان داناوە و پلانی دانانی ئامێری زیاتریش هەیە بە دڵنیاییەوە، وەك ئاماژەم پێدا پڕۆژەی هەژماری من یەكێك بووە لە پڕۆژە سەركەوتووەكانی ئەم كابینەیە، چوونكە ئامانج لێی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی پارەی كاشە لە بازاڕەكان، هەروەها بە دیجیتاڵكردنی پارەدانی كارەبا و ئاو و خزمەتگوزارییە حكوومییەكانه لە ڕێگەی كارت و هەژماری كەسەكان، ئەمەش وەك هەنگاوێكی زۆر سەركەوتووە بۆ كەمكردنەوەی كاش لە بازاڕەكان.

لای ئێوە هەژماری بانكی تەنیا بە دینار دەكرێتەوە؟
بە هەموو جۆرە دراوێك دەتوانن هەژمار لەلای ئێمە بكەنەوە و سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییەكانمان، ئەگەر بمانەوێت ژێرخانێكی تۆكمە بۆ وڵاتەكەمان دابین بكەین، ئەوا بە دڵنیاییەوە پێویستمان بە سیستمێكی پێشكەوتووی بانكی هەیە، بە خۆشحاڵییەوە دەتوانم بڵێم پێشكەوتنێكی بەرچاو لە بواری بانكی بەدی دەكرێت لە 10 ساڵی رابردوودا، ئێمەش وەك كارمەندانی بانك هەمیشە هەوڵمان داوە بە باشترین شێوە و لەگەڵ پێشكەوتنی سەردەم، بتوانین خزمەتگوزارییە بانكییەكان ئاسانتر بخەینە بەر دەستی كڕیارەكانمان تا بتوانن بەشێوەیەكی بەرفراوان سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییەكان و زیاتر خەڵكی خۆمان ئاشنای سیستمی بانكی بكەین.