سالم سلمان صەفایی
ماڵی دەنگ و بیرەوەری دیرۆکی تراژیدی و ئەڤینداری کوردان ، ماڵێک کە دەنگی مێژووی نەتەىوەیەکی تێدا دەبیسترێت، لە ناو کۆڵانە کۆن و تەنگەبەرەکانی شاری ئامەد ، لە ناوەندی شار کە دیوارو خانووە کۆنەکانی ئەم شارە بەشێکن لە دیرۆکی سەرهەڵدان و کۆچبەری و ئەڤیندار انی خێر لە خۆنەدیو ، شوێنێک هەیە کە بووەتە ناسراوترین شوێنە کەلتوورییەکانی ئامەد ،کە مێژووی کورد لە ڕێگای دەنگبێژی دەگوازنەوە، شوێنێک کە ڕۆژانە دەنگبێژانی تێدا کۆدەبنەوە بە لاوک و ستران ، داستان و ئەفسانەی کۆمەڵگەی کوردەواری دەچڕن .
سەرەتایەکی مێژویی :-
دەنگبێژ لە فەرهەنگ و کەلتوری کوردەواریدا تەنها دەنگبێژ نییە، بە شێوەیەکی نەریتی، چیڕۆک، ڕووداو ، جەنگ ، داستانی دڵداری ، کۆچ ، چیڕۆکی خۆشەویستی ، خەم و دیاردە کۆمەڵایەتیەکان لە ڕێگەی دەنگەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازنەوە بە مەبەستی پاراستنی ئەم سامانە کەلتوورە نەتەوەییە .
بۆیە دەنگبێژ ڕۆڵی ئەرشیفی ئارگیومینتی هەبووە لە پاراستنی داو و نەریتی کەلتوری سەدان ساڵەی باڤو کال بە شێوەی زارەکی و زۆرێک لە ڕووداو و چیڕۆکەکان لە ڕێگای دەنگبێژان پارێزراون .
مالا دەنگبێژان لە ئامەد ، ساڵی ٢٠٠٧ لە ناو شاری کۆنی ئامەد دامەزراوە ، ئەم پڕۆژە هونەرییە لەلایەن شارەداری گەورەی ئامەد پشتگیری کرا و لە نێۆ یەکێک لە خانووە کۆنەکانی ئەم شارەدا، ئەم ماڵە بۆتە شوێنێکی سەرنجڕاکێشی کەلتوری و لە هەمانکاتدا گەشتیاری لە ئامەد ، دەتوانرێت وەک پردێک سەیر بکرێت لە نیوان ڕابردوو و ئێستادا ، بۆتە پردێک تا دەنگی نەوەکانی پێشوو بگەیەنتە گوێچکەی نەوەکانی ئێستا .
بۆ ئەم مەبەستە لە ڕێکەوتی ١٠/ ٩ /٢٠٢٦ لەسەردانێکمان بۆ شاری ئامەدی کوردان ئەم مالە بە مەبەستی زیاتر ئاشنا بوون بە کارو چالاکیەکانیان چاوپێکەوتنێکمان ئەنجامدا لەگەڵ بەرپرسی کارگێری ئەحمەد ژیار و ڕووبەڕووی چەند پرسیارێکمان کردەوە .
* مالا دەنگبێژان بە چ مەبەستێک دامەزرا و ئامانجی چی بوو ؟
ئەحمەد ژیار: ئامانجی سەرەکی ماڵەکە پاراستن و بەردەوامکردنی نەریتی دەنگبێژییە کە بەشێکی گرنگە لە میراتی هونەر و وێژەی زارەکی کورد، ئیمە هەوڵدەدەین ئەم میراتە کەلتوورییە بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزین ، ئەو ماڵە ماڵێکی دێرۆکییە پێشتر وەک ماڵێکی ئاسایی بوو، پاشان ئێمە پڕۆژەیەکمان پێشکەش بە سەرۆکایەتی شارەداری مەزنی ئامەد کرد، لە بەر ئەوەی هونەری دەنگبێژی لە فەوتان و لەناوچوون بوو، بۆ ئەوەی دەنگبێژی نەمری زیاتر بژی، بۆیە ویستمان ماڵێک بۆ دەنگبێژان دروست بکەین و لەگەڵ شارەداریا ئامەدی مەزن وبە هاوکاری ناوەندا چاندا دیجلەو فورات ئەم ماڵە لە ساڵی ٢٠٠٧ هاتە دامەزراندن .
*ژمارەی دەنگبێژانی ئەم ماڵە چەندە و لە چ تەمەنێکدان ؟
ئەحمەد ژیار: ٢٤ دەنگبێژ ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ ی بەیانی تاوەکو ٤ ی ئێوارە دێرۆکا کوردی لەم ماڵە بە بەردەوامی لەلایەن دەنگبێژان دەچڕن وە تەمەنی هەرە بچووکەکەیان ٢٤ ساڵە وە گەورەکەیان ٨٥ ساڵە .
*ناوەڕۆکی تێکستەکان لەسەر چ بابەتێکن ؟
ئەحمەد ژیار: تێکستەکان جۆراوجۆرن، هەیە ئەڤینداری، نەتەوەیی، داستانی کوردەواری، شۆڕشەکانی کورد و چیڕۆکی دیرۆکین .
*ساڵانە لەسەر دەنگبێژانی لە کوردستانی باکوور فێستیڤاڵ چێدەکەن ؟
ئەحمەد ژیار: ساڵانە فێستیڤاڵی جۆراوجۆر هەیە ساڵانە و جار جار دەنگبێژی تیدا دەبێت، بەڵام تایبەت بە دەنگبێژی نەبووە .
*سترانا دەنگبێژان وەک کتێب هاتییە چاپ کردن ؟
ئەحمەد ژیار: بەڵێ گشت سترانا دەنگ بێژان چاپکرایە بە تێکست و ناوەڕۆک بە چاپێکی جوان و سەردەمیانە .
*ئەو میوانانەی کە ڕۆژانە ئامادە دەبن هەموو خەڵکی کوردستانن یان لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ئامادە دەبن ؟
ئەحمەد ژیار : بەڵێ میوانەکانمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان ئامادە دەبن و کوردانی دەرەوەی وڵاتیش سەردانمان دەکەن و میوانی بیانیش ئامادە دەبن، گوێبیستی لاوک و سترانەکان دەبن .
*ئایا ئێوە ئاگاداری حەیرانی دەشتی هەولێرن، هیچ کام لەو حەیرانبێژانە دەناسن؟
ئەحمەد ژیار : ڕاستییەکەی کەم و زۆر من ئاشنایەتیم بەدەنگی ئەو حەیرانبێژانە هەیە لەوانش مامۆستا رەسوول گەردی و حەسەن حەیران، تا ڕادەیەکیش گوێبیستی دەنگی حەیرانبێژەکانی ناوچەی موکریان بووم کە بە حەیرانی سەرچیای مەشهوورە،
* دوا پرسیارم ئەوەیە ئایا دەنگبێژەکان تەنها بە زاری کورمانجی لاوک و ستران دەبێژن یان بە شێوە زارەکانی وەک زازازاکی و شێخبزێنی- لەکی دەنگبێژتان هەیە ؟
ئەحمەد ژیار : بەڵێ هەمووی بە زاری کورمانجیە، تەنها یەک دەنگبێژمان هەیە زازاکییە، تەنها ئەو بە زازایی دەبێژێ. بەڵام مخابن دەنگبێژمان بە زارەکانی تر نییە .
*دوا وتەو ڕاسپاردەتان چییە؟
ئەحمەد ژیار : خۆزگە ڕۆژەک دەهات کوردستان ئازاد دەبوو، ئەوسا دەمانتوانی پردێکی چاند و هونەری لەنێوان ئامەد و هەولێر دروست بکەین، تا زیاتر خزمەت بە هونەری رەسەنی کوردی بکەین.

