مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆدری پێش ئەوەی بگەڕێتەوە هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە نوێترین چاوپێکەوتنی دا رەخنەیەکی توندی لە ریال مەدرید گرت و هاندەرانی یانەکەشی لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بێ هیوا کرد، پێیوایە بارسێلۆنا یەکێک نییە بەربژێرە سەرەکییەکان بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ.
رۆدری ناوەراستکاری نوێی بارسێلۆنا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ دەزگای میدیایی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، رایگەیاند کارێکی خراۆ و هەڵەیە کە دەبینم ریال مەدرید لە دوای دۆڕانەکەیان لە دێربی مەدرید هێرش دەکەنە سەر بارسێلۆنا.
رۆدری دەڵێت: ریال مەدرید یارییەکی خراپی کرد و دۆڕا، بۆیە پێویست ناکات لە رێگەی کەناڵە تەلەڤزیۆنەکەیان ئەو هەموو هێرشە بکەن، چونکە بیانوو هێناوە و رەخنەگرتن زیاتر یانەژە بەرەو شکستی خراپتر دەبات، ئەوان ناتوانن بەرپرسیاریەتی ئەنجامە خراپەکان لە ئەستۆ بگرن.
رۆدری هۆکاری رەتکردنەوەی ریال مەدرید و هەڵبژاردنی بارسێلۆنا ئاشکرا کرد و جەختیشی لەوە کردەوە پێکهاتەی ئێستا بارسێلۆنا توانای بردنەوەی چامپیۆنزلیگی هەیە، بەڵام بۆ ئەو وەرزە یەکێک نییە لە بەربژێرە سەرەکییەکان بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ.
لەمبارەیەوە رۆدری دەڵێت: دەبێت تێبگەین کە لە کوێوە هاتووین و بوون بە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ چی پێویستە، ئەم تیپە هێشتا پێویستی بەوە هەیە چەند شتێک باشتر بکات پێش ئەوەی ببێتە پاڵەوان، پێموایە چامپیۆنزلیگ پاڵەوانێتییەک نییە کە باس لە باشترین تیپ بکات. بەڵکو پاڵەوانێتییەکە دەربارەی کات و ساتی یەکلاکەرەوە و تێگەیشتنە لە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ساتانەدا.
رۆدری دەشڵێت: بەڵێ دەرفەتمان هەیە ببینە پاڵەوان بەڵام دەبێت ئەو ئەزموونەی هەمانە بتوانین سوودی لێ وەرگرین، دەبێت هەوڵ بدەین ئەو شکستانەی تووشی بووین لەم پاڵەوانیتییە سوودی لێ وەرگرین و ببینە پاڵەوان. منیش بۆیە هاتوومە ئێرە تا ببمە پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا رۆدری گوتی: کاتێک هاتمە بارسێلۆنا پەیوەندیم بە خۆزێ مۆرینیۆ کرد و سوپاسم کرد زۆر پیشەگەرانە مامەڵەی لەگەڵ کردم، بەڵام پرۆژەی بارسێلۆنا و هەوڵەکانی دێکۆ و ئەو کەشە خێزانییە یەکگرتووەی هانزی فلیک دروستی کردبوو زۆر سەرنجی راکێشام.
رۆدری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد دەتوانێت وا بکات پێدری کەمتر وزەی خۆی بەفیڕۆ بدات و ماندوو نەبێت. گوتیشی: وا دەکەم پێدری کەمتر لەنێو یاریگە ڕابکات، بەڵکو دەرفەتی بۆ دەڕەخسێنم زیاتر دەرفەتی مەترسیدار بۆ هاوڕێیەکانی دروست بکات.
لە لایەکی دیکەوە، هاندەرانی بارسێلۆنا دەربارەی لێدوانەکەی رۆدری بوون بە دووبەرە، یەکێکیان پێیان وایە ئەمە بۆ کەمکردنەوەی فشارە لەسەر یانەکە، بەرەکەی تریش پێیان وایە نەدەبوو لەو کاتە رۆدری هاندەرانی یانەکە بێ هیوا بکات چونکە زیاتر لە 10 ساڵە چاوەڕوانی بردنەوەی جامی چامپیۆنزلیگن.

