سلێمان تاشان – هەولێر
سبەی هەینی نۆ ساڵ بەسەر ڕووداوێکی مێژوویی لە هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت کە بریتی بوو لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان. ئەو ڕۆژە وەک جەژنێک وابوو کە خەڵکی تەواوی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە جلوبەرگی کوردی دەنگیان بە خەونێکی مێژوویی و مافێکی ڕەوای خۆیان دا و لاپەڕەیەکی گەشیان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد تۆمار کرد.
وەک ئاشکرایە هۆکاری سەرەکیی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کە سەرۆک بارزانی بڕیاردەرە سەرەکییەکەی بوو ئەوە بوو دوای دوازدە ساڵ لە نووسینی دەستووری هەمیشەیی عێراق و دەنگپێدانی گەلانی عێراق بە دەستوورەکە گرنگترین بڕگەی ئەو دەستوورە جێبەجێ نەکرا کە مادەی سەد و چلی دەستووری بوو و مادەکە بە بیانووی جیاواز قۆناغ بە قۆناغ دوا خرا.
هەرێمی کوردستان هەموو کات ئامانجی بووە کە کێشەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا بە پشتبەستن بە دەستوور و یاساکان چارەسەر بکات و لە سەردەمێکدا چووە نێو قەوارەی سیاسیی نوێی عێراق و ڕۆڵی هەبوو لە دامەزراندنی قەوارەکە کە خۆی هەرێمی کوردستان لە ڕاستیدا قەوارەیەکی نیمچە سەربەخۆی هەبوو و تەنانەت خاوەنی دراوێک بوو کە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کاری پێ نەدەکرا، پێوەندیی نێودەوڵەتیی هەبوو و وڵاتانی جیهان لە ڕێی هەرێمی کوردستانەوە و بە پاڵپشتیی پێشمەرگە و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ڕژێمی پێشوویان ڕووخاند وعێراقی نوێی فیدراڵییان بنیات نا. دواتر دەستوورێک نووسرا کە بەشێکی گونجاو لە مافەکانی کوردی تێدا بەرجەستە کرا و زۆرینەی عێراقییەکان دەنگیان پێی دا.
سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بە تایبەتی لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە ڕەچاوی دۆخی تایبەتیی عێراقیان کرد کە بەدەست تیرۆر و ناسەقامگیری دەیناڵاند و هاوکار بوو بۆ ئەوەی عێراقی فیدراڵی بێتە سەر پێ، بەڵام لە بەرانبەردا حکوومەتە یەک لە دوای یەکە فیدراڵییەکان بە بیانووی جیاواز خۆیان لە جێبەجێکردنی مادەی سەد و چل دزیەوە و کار گەیشتە ئەوەی چاویان بەو پێشکەوتنە ئابووری و سیاسییانەش هەڵنەدەهات کە لە کوردستان تا ساڵی ٢٠١٣ گەیشتە لووتکە و هەر بۆیەش لە ٢٠١٤ گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر هەرێمی کوردستان و بودجەیان بڕی و هەرێمیان تووشی دۆخێکی نالەبار کرد.
دۆخەکە بە سەرهەڵدانی داعش و داگیرکرانی بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانییەکان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق هێندەی تر ئاڵۆز بوو. کوردستان بە پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە شان و پیلی پێشمەرگە بەسەر هەموو ئەو مەترسییانەدا زاڵ بوو و تەواوی ناوچە کوردستانییەکان کەوتنە دەستی پێشمەرگە.
سەرکردایەتیی سیاسیی کورد کە لە بەغدا نائومێد ببوو خۆی ئەو هەنگاوەی نا کە دەبوایە لانی کەم دە ساڵ پێشتر یەکلایی کرابایەوە و بۆیەش ڕیفراندۆمەکە لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ بەڕێوەچوو و چارەنووسی ئەو ناوچانە بە دەنگی خەڵکی یەکلایی کرایەوە.
بەداخەوە حکوومەتی فیدراڵی دانی بەو ڕیفراندۆمەدا نەنا و جەنگێکی نابەرامبەری بەسەر کورددا سەپاند و لە ١٦ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ پێشمەرگە لە تەواوی ناوچە کوردستانییەکان کشایەوە و گرووپە میلیشیاکانی شوێنیان گرتەوە.
ئەوەی جێی تێڕامانە دەبوایە عێراق دوای ڕیفراندۆم بەخۆیدا بچێتەوە و بۆ ماف و بنەما دەستوورییەکە بگەڕێنێتەوە بەڵام نەک بۆی نەگەڕاوەتەوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان مادەکەی پەک خستووە و هەمان دۆخی پێشتری هێناوەتە کایەوە و دان بە تەواوی مافەکانی گەلی کورد لە دەستووردا نانێت.
حکوومەتی فیدراڵی نەک ئەو کێشە مێژووییەی چارەسەر نەکردووە بگرە قەیران و تەنگژەی تری بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردووە. شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی وەک خۆی نەناردووە و هەموو مانگێک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوا دەخات.
سەرەڕای ئەوەی کە سەرووی نەوەد و دوو لەسەدای خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی دا بەڵام دوژمنانی سوێندخواردووی کورد دەرەنجامەکەیان قبوڵ نەکرد و دۆخێکی نالەباریان بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپاند. کێشەکە لەوەدایە دوای نۆ ساڵ لەم ڕووداوە عێراقی فیدراڵ ڕژد نییە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە و هۆکارانەی ڕیفراندۆمیان خوڵقاند و وانەی لە مێژوو وەرنەگرتووە.
هەندێک شت لە ناوچە کوردستانییەکان ڕوودەدەن کە تەنانەت لە سەردەمی بەعسیشدا ڕووی نەداوە، ماوەی ڕابردوو گەنجێکی خانەقینی تەنیا لەبەر ئەوەی تابلۆی دووکانەکەی کردبووە کوردی، زیندانی و ئەشکەنجە درا، پڕۆسەی بەدناوی بەعەرەبکردن خێراتر لە جاران جێبەجێ دەکرێت و بە هەموو شێوەیەک بەغدا دژایەتیی مافە دەستوورییەکانی کوردستان دەکات.
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ئەو ڕۆژە بە شکۆیە دەکرێتەوە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەردەم گۆڕانکارییەکی مێژووییدایە. هەر چەندە حکوومەتی عەلی زەیدی هەڵوێستێکی میانڕەوانەی بەرامبەر کورد هەیە و بەڵین و قسەکانی جێی دڵخۆشین بەڵام لەم حکوومەتەشدا دەنگی ناشاز دەبیسترێت و دەخوازێت بە هەموو شێوەیەک دژایەتیی کورد و قەوارە سیاسییەکەی بکرێت.
ئەوەی گرنگە کورد خۆی لە رووداوەکانی ساڵی ٢٠١٧ بە شیرین و تاڵەوە ئەزموونی وەرگرتبێت و هەموو هێز و توانا سیاسی، ئابووری و سەربازییەکانی خۆی یەکبخات و بە یەک دەنگ، شەڕی مافە رەواکانی خۆی بکات.

