شێرکۆ حەبیب
میدیا لە هەر کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکدا دەسەڵاتێکی گەورەیە، کە بە “دەسەڵاتی چوارەم” ناوی دێت، دەسەڵاتی وشە، وێنە و ڕێکخستنی ڕای گشتی. بەڵام هەر دەسەڵاتێک بەرپرسیارێتیی خۆی هەیە و میدیاش لە یاسا بەرزتر نییە، بەڵام کەی ئەم دەسەڵاتە دەبێتە دەسەڵاتی چوارەم؟ ئەو کاتەی کە پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی ڕاگەیاندن بێت و کارەکانی بەپێی بنەما و ڕێنماییەکانی جیهانی ئەنجام بدات.
بەداخەوە، ئەمڕۆ لە کوردستاندا هەندێک جار لەلایەن هەندێک دەزگا میدیاییەکانەوە، بە ناوی ئازادیی ڕادەربڕین، هەندێک هەڵسوکەوت و ڕەفتار دەکەن و ناوەڕۆک بڵاو دەکەنەوە کە لە سنووری ڕەخنەی سیاسی دەردەچێت و هەوڵی سووکایەتی بە هیمای نیشتمانی دەدات.
ئەمە بابەتێکە دوورە لە ئەدای ڕاگەیاندن، چونکە ڕاگەیاندنی دروست و پابەند، هەردەم خۆی لەو جۆرە کارانە دوور دەخاتەوە. کاتێک هێمایەکی نیشتمانی دەکرێتە ئامانجی گاڵتە و سووکایەتی، یان هێرشی میدیایی دەکرێتە سەری، پرسەکە تەنها پەیوەندی بە کەسێک یان دامەزراوەیەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە میللەتێکەوە هەیە، چونکە هێمایەکانی نیشتمان بەشێکن لە بیرەوەری، مێژوو و ناسنامەی هاوبەشی گەل.
هەڵبەتە، هەموو لایەک پشتیوانی لە ئازادیی ڕادەربڕین دەکات. میدیا دەبێت ئازاد بێت بۆ ڕەخنەگرتن، پرسیارکردن و ئاشکراکردنی کێشەکان، بەڵام ئازادیی ڕادەربڕین بە مانای ئەوە نایەت کە مرۆڤ بتوانێت بە ناوی ئازادی، کەرامەت و هەستی نیشتمانیی خەڵک پێشێل بکات.
گومان لەوە نییە کە ڕاگەیاندن دەتوانێت بە توندی ڕەخنە لە دەسەڵات، حزب و کەسایەتییەکی گشتی بگرێت. بەڵام ئەمە جیاوازە لەوەی هێمایەکی نیشتمانی بکەیتە ئامانج و لە بەهای کەم بکەیتەوە، یا تایبەتمەندی هاووڵاتیان کە لەبەرژەوەندی گشتی نەبێت، میدیای پیشەیی ئەو توانایەی هەیە کە بە توندترین وشە ڕەخنە بگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا سنووری ئەخلاقی و پیشەیی و بەرپرسیارێتی بپارێزێت.
کوردستان ئەمڕۆ بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. لە ناوچەکەدا گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان بەردەوامن و لە ناوخۆی کوردستانیش پێویستی بە هۆشیاری و یەکڕیزیی زیاتر هەیە، لەو بارودۆخەدا ئەو میدیایەی کە هەموو ڕۆژێک کەلێنی نێوان کورد قووڵتر دەکات، نابێت تەنها بە ناوی ئازادیی ڕادەربڕین خۆی لە بەرپرسیارێتیی ئەو کاریگەرییە بدزێتەوە، میدیا دەبێت ببێتە بەشێک لە چارەسەری کێشەکان، نە بەشێک لە کێشەکە. دەبێت جیاوازیی سیاسی بەرەو گفتوگۆ ببات، نەک بەرەو کینە و ئاڵۆزی ببات، ڕەخنەی دروست بگرێت، نەک ببێتە هۆکاری دابەشبوون و دەبێت بەکارهێنانی وشە بۆ دروستکردنی پرد بێت، نەک بۆ هەڵچنینی دیوار لەنێوان کورد و کورد.
لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە پاراستنی هێمای نیشتمانی تەنها ئەرکی حکوومەت نییە، تەنها ئەرکی حزبەکانیش نییە. بەڵکو ئەمە ئەرکی هەموو لایەکە، بەتایبەتی ئەوانەی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیی میدیاییان هەیە، چونکە ئەوەی دەزگاکانی میدیایی بڵاوی دەکەنەوە، دەتوانێت لە چەند خولەکێکدا بگاتە هەزاران و ملیۆنان کەس، ئەوەی گرنگە لە هەمان کاتدا، دەبێت بە ئازادی ئەوە بخەینە ڕوو کە پێوەرەکان دەبێت بۆ هەمووان یەکسان بن، ئازادی میدیایی دەبێت بۆ هەمووان بێت. ئەگەر ئازادیی ڕادەربڕین دەپارێزین، دەبێت بۆ هەمووان بێت و ئەگەر ڕێز لە هیمای نیشتمانییەکان دەگرین، دەبێت بە یەک پێوەر لەگەڵ هەموو هێماکان مامەڵە بکەین.
هەڵبەتە، هەموو پشتگیری لە میدیای ئازاد دەکەین لە کوردستان، بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستی بە بەرپرسیارێتی هەیە. پێویستی بە ڕەخنە هەیە، بەڵام نابێت ڕەخنە ببێتە سووکایەتی، میدیا پێویستی بە جیاوازییە، و نابێت جیاوازی ببێتە دژایەتی نیشتمانی. و پێویستی بە ئازادییە، بەڵام نابێت ئازادی ببێتە پاساو بۆ شکاندنی ئەو هێمایانەی کە بە خوێن و قوربانی و مێژووی گەل دروست بوون.
سووکایەتی بە نیشتمان، بە هیچ ناویەک نابێت ببێتە ئازادی…

