رۆژنامەی ھەولێر

تازەترین بەخششی رەخنەگـــــــــــــــر حەیدەر عەبدولڕەحمان

ئەرسەلان دەروێش

 

کتێبی (سەرهەڵدانی درامای کوردی) کە لەلایەن (گۆڤاری گوڵان)ەوە ساڵی ٢٠٢٦دا بە دیزاینێکی جوان لە دووتوێی (٣٠٠) لاپەڕە بڵاوکرراوەتەوە، بەهەوڵ و هەڵکۆڵینێکی ڕەخنەیی تۆکمە دادەنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی کتێبخانەی هونەریی کوردی. ئەم بەخششە بەهادارە ڕێڕەوێکی درێژ و دەوڵەمەندی یەکێک لە ناوە هەرە دیارەکانی بواری ڕەخنەی کوردی ناوازەتر دەکات، ئەویش نووسەر و ڕەخنەگر ( حەیدەر عەبدولڕەحمان)ە، کە یەکێکە لە پێشەنگەکانی ڕەخنەی شانۆیی و تەلەڤزیۆنی کوردی و بۆ شەش دەیە دەچێت لەم کایە مەعریفییە گرینگەدا دەکارێت و وچانی نەداوەو خەمی کولتووری بینراو و هونەرە درامییەکانی لە قۆناغە سەرەتاییەکانەوە لەسنگ گرتووە، خاوەنی گوتارێکی ڕەخنەیی قوڵ و تایبەتە کە تەنها لەکەنارەکانی دەریای بەرفراوانی هونەردا گوزەر ناکات، بەڵکو بەتوانایەکی بەهێزو ڕوانینێکی تیژەوە شۆڕدەبێتەوە بەنێو قوڵاییە پەی پێنەبراوەکانی ئەو دەریایەدا، بەجۆرێک کە مامەڵەکردنی لە گەڵ بەرهەمە هونەرییکاندا رەهەندە بەڵگەنامەیی و جوانکاریی و کۆمەڵناسی و فەلسەفییەکانی تیادا بەرجەستە دەبێت، نەخاسمە کە ئەو شارزاییەکی ئابدێتکراوی هەیە سەبارەت بە قوتابخانە ڕەخنەیی و هونەرییەکان و، لە بونیادی نووسین و شرۆڤەکاریەکانیدا بە تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ تایبەتمەندی ناسنامەی کولتووری و مێژوویی کوردی گرێیان دەداتەوە. بۆیە کتێبە تازەکەی هەڵگری پوختەی ئەزموونی تەمەنێکە لە چاودێریی و بەشداریی و ئاراستەکاری ڕێڕەوی بزووتنەوەی دراما و شانۆ لە هەرێمی کوردستان دا.
لەڕاستی دەتوانرێت ئەم پەڕتووکە وەک بەڵگەنامەیەکی دامەزرێنەر بۆ ڕەخنەی تەلەفزیۆنی کوردی بخوێندرێتەوە؛ بەڵگەنامەیەک کە لە لەلایەکەوە هەوڵ دەدات کەلێن و کێشەکانی درامای تەلەفزیۆنی کوردی بخاتە بەرچاوو لە لایەکی دیکەوە، پێداگری لەسەر پێویستیی دامەزراندنی ڕەخنەیەکی هۆشیار و زانستی بەڵگەدار دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، (حەیدەرعەبدولڕەحمان) تەنها چاودێرێکی بەرهەمە هونەرییەکانی سەر شاشەکان نییە؛ بەڵکو ڕەخنەگرێکە کە لە پشت هەر بەرهەمێکدا، پرسیاری ئەو بنەما فکری و هونەرییە دەکات کە کارەکەی لەسەر بنیات نراوە.
بۆ رانان و خوێندنەوەیەکی بابەتیانەی کتێبی (سەرهەڵدانی درامای کوردی، رەخنەو شرۆڤە) هەوڵدەدەم هەندێک لە بڕگەکانی وەک خۆی دابنێمەوە بۆ ئەوەی وێنای هزرو دیدگای نووسەر جوانتر بگاتە خوێنەران، بۆیە لە پێشەکی کتێبەکەیەوە دەست پێدەکەم کەتیایدا نووسیویەتی :
(بە ئەشیفکردنی درامای کوردی چ وەکو وێنەی دیکۆمێنتاری چ وەکو نووسراو زۆر کز و لاوازە، چونكە لەوەتەی درامای کوردی دروست بووە، تا بە ئەمرۆ دەگات، کوردستان لە حاڵەتێکی سەقامگیردا نەگیرساوەتەوە، تا بەتەواوەتی فریای رزگارکردن و بە ئەشیفکردنی بەرهەمەکانی خۆی بکەوێت.
ئیستا هەست دەكەین کە ئێمە تووشی چ بۆشاییەکی بەرفرەوان بووین، چ سامانێکی نیشتمانی و نەتەوەیی گەورەمان لەدەست داوە. ئەوەتا کاتێ ئەکادیمیەکان دەیانەوێت لە توێژینەوەکانیاندا بەدوای سەرچاوەدا بگەڕێن تووشی چ قەیرانیک دەبن، بەهۆی نەبوونی سەرچاوە، لە کتێبخانەی خاری..)
پاشان دێتە سەر باسی سەرەتاکانی خۆی لە بواری نووسینی رەخنەییدا:
( یەکەم نۆبەرەی کاری ڕەخنەییم بەڕەخنەی درامای (مەرەزە)ی تیپی نواندنی کەركووک دەست پێکرد، کە ساڵی ١٩٧2 لە دەرهێنانی هونەرمەند – سەلمان فەیەق کاکەیی- لە تەلەفزیۆنی کەركووک نمایش کرا.
مەرەزە – یەکەم کاری درامی بوو کە ڕووداوەکانی بۆ یەکەم جار لە دەرەوەی ستۆدیۆ تۆماربکرێت و بچێتە نێو لادێکانی کوردستان.
لە و دەمەوە تا ئە و چرکە ساتەی ئیستا، بەردەوام بەدواداچوونی ڕەخنەییم بۆ درامای کوردی هەبووە.)
لە کۆتایی پێشکییەکەیدا زیاتر باس لەکارکردنی خۆی و گرینگی ئەم کتێبە نوێیەی دەکات و دەنووسێت :
( هەموو ئە و سەڕەنج و ڕەخنانەی دەربارەی درامای کوردی هەبوونه و لە سۆشیال میدیا و گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوم کردوونەتەوە، پێم باش بوو بخڕێنه توێی کتێبێکی ڕەخنەیی و بچێته نیو کتێبخانەی کوردی. وەک یەکەم کتێبی کوردی دەربارەی ڕەخنەی درامای کوردی، وەک ئە و شانازییەی خوا پێی بەخشیم و بووم بەخاوەنی یەکەم کتێب دەربارەی ڕەخنەی شانۆیی کوردی و یەکەم کتێب دەربارەی ڕەخنەی سینەمای کوردی و یەکەم کتێبیش دەربارەی فیلمی ئەنیمەیشنی کوردی، ئە و دەست پێشخەریانه بۆ من هانده‌رن بۆ ئەوەی بەردەوامی بە هەوڵەکانی خۆم بدەم لەو بواره‌دا و کەلێنێک لە و پانتاییە خاڵییەی ڕەخنەی دراما و سینه‌ما و شانۆ پڕ بکەمەوە.ئەو کتێبه بۆی هەیه ببێته پێوەرێک بۆ هەڵسەنگاندنی ئە و هەوڵانەی هونەرمەنده دراماکار و دەرهێنەرەکانمان کاری بۆ دەكەن و شوناسێك بۆ ئاستی درامای کوردی لەم قۆناغەدا.رەنگە یاریدەدەرێکیش بیت بۆ ئە و توێژەره ئەکادیمیانەی هەوڵی نووسینی تێز و تویژینەوەکانیان دەدەن دەربارەی درامای کوردی و ئایندەی ئە و هونەرە لە کوردستاندا.)
دوای بەرچاوخستنی ئەم پێشەکییە خوێندنەوەیەک و شۆڕبوونەوەیەک بە نێو ناوەرۆکی کتێبەکەو بەشەکانی دەکەین:
لە بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا، (حەیدەر) وێستگەیەکی رخنەیی زۆر گرینگ پێشکەش دەکات کە پانتاییەکی فراوان لە بیرکردنەوەی جوانکاری و فەلسەفی و دامەزراوەیی لەخۆ دەگرێت، بنچینەی تیۆریی و ماهیەت و ڕەهەندی ئیستاتیکی هونەری درامای تەلەفزیۆنی بە وەڵامدانەوەی پرسیارێکی سانا و بنەڕەتی روون دەکاتەوەو دەنووسێت (درامای تەلەفزیۆنی چییە؟)
پاشان لێکۆڵینەوەیەکی تێرو تەسەل بۆ سەرهەڵدانی درامای تەلەفزیۆنی لە جیهاندا پێشکەش دەکات. لەو پانتایەشدا نووسەر ئەزموونە بەراییەکانی هەوڵەکانی سییەکانی سەدەی بیستەم دەگێڕێتەوەو، ڕونی دەکاتەوە کە چۆن پەخشی تەلەفزیۆنی لە ئامرازێکی تاقیکاری سنووردارەوە، گواسترایەوە بۆ پەنجەرەیەکی جەماوەری فراوان کە هۆشیاری مرۆیی سەرلەنوێ جۆشدایەوە. باسەکە پەرە دەسەینێت بۆ ئەوەی هاوتا بێت لەگەڵ پێشکەوتنی خێرای بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی شێوازەکانی گێڕانەوە، لە ڕۆمان و شانۆوە، بەرەو پێکهاتەی گێڕانەوەیەکی جیاوازو سەرنجبەر کە خۆی لەگەڵ ریتمی شاشەی هاوچەرخ و خێرایی وەرگرتنی ناوەڕۆک لەلایەن بینەرەوە بگونجێنێت.
وێستگە مێژووییەکان و گۆڕان بۆ پیشەسازی دامەزراوەیی ڕێڕەوی مێژوویی درامای تەلەفزیۆنی جیهانی لە ڕێگەی چوار وێستگەی سەرەکییەوە بەرجەستە دەبێت،نووسەر لەم بەشەی کتێبەکەدا بەجوانی شرۆڤەیان بۆ دەکات:
– قۆناغی یەکەم ؛ سییەکان و چلەکانی سەدەی بیستەم: نوێنەرایەتی سەرەتای دامەزراندن و تاقیکردنەوە
سەرەتاییەکان دەکات کە یەکەمین بناغەکانی پەخشیان دانا.
– قۆناغی دووەم ؛ پەنجاکانی سەدەی بیستەم: شاهیدی فراوانبوونێکی گەورە بوو لە تۆڕی وێستگەکاندا و جێگیرکردنی پایەکانی پەخشی ڕێکوپێک و سەقامگیریی ڕێژەیی بۆ پەخشی ماڵ.
– قۆناغی سێیەم ؛ شەستەکانی سەدەی بیستەم: بە گەشەکردنی هونەری، دەستپێکی پەخشی ڕەنگاورەنگ، و سەقامگیری زمانی دەرهێنانی تایبەتی تەلەفزیۆنی جیاکرایەوە.
– قۆناغی چوارەم ؛ حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیستەم: تەلەفزیۆن تیایدا گۆڕا بۆ دامەزراوەی بەرهەمهێنانی زەبەلاح و بەرهەمە درامییە سنووربڕەکان.
پاشان هەڵوێستە لەسەر ئەوە دەکات کە چۆن شاشەی تیڤییەکان بووەتە کەرتێکی ئابووری و کولتووریی سەربەخۆ کە پابەندە بە یاسا و ڕێساکانی بازاڕ و مارکێتینگەوە، لەگەڵ پۆلێنکردنێکی وردی جۆرەکانی دراما، لە زنجیرە درامای کۆمەڵایەتی و مێژووییەوە تا بە بەرهەمە درێژخایەنەکان دەگات و ئاستی کاریگەرییەکانیان لەسەر جەماوەری بینەران و کۆمەڵگا.

• دەستنیشانکردنی قەیرانەکانە ناوخۆییەکان و درامای کوردی:
توێژینەوەکەی نووسەری ئەم کتێبە بە هۆشیارییەکی ڕەخنەییەوە ڕوو لە ژینگەی ناوخۆیی دەکات، لە ڕێگەی پرسیارێکی ئەنتۆلوژیی هەنووکەییەوە : درامای کوردی بەرەو کوێ دەڕوات؟
ئیدی لێرەوە ڕووبەڕووی کێشە سەرەکییەکانمان دەکاتەوە لەمیانەی پرسیارگەلێکی هەستیاری وەک: ئایا درامای کوردیی ئەمڕۆ کاڵایەکی بازرگانییە، یان سیاسییە، یان وەرزییە؟.
کتێبەکە قەیرانی بەرهەمهێنان دەکاتە بابەتی شیکردنەوە؛ کە چۆن درامای تەلەفزیۆنی کوردی دەکرێتە کاڵایەکی بازرگانی بەکاربراوی هەرزان، یان دەبێتە ئامرازێکی سیاسیی وەرزی کە تەنها بە مانگی ڕەمەزانەوە پەیوەستە، بێ ئەوەی هیچ ستراتیژییەکی بەردەوام و درێژخایەن هەبێت.
هەروەها لەم بەشەدا پرسیارێکی دیکە سەرباردەخات : بۆچی ئەکتەری کورد بێ هەڵوێستە؟
وەک ڕەخنەگرتن لە نەبوونی هەڵوێستی فکری و هونەریی ئەوتۆ لەلایەن ئەکتەری کوردەوە و تەنها ڕازیبوون بە ڕۆڵە ساکارەکان. لە هەمان کاتدا، پرسیارێکی گرنگی تر دەورووژێنێت: بۆچی هونەرمەندانی کورد شانۆ بەجێ دەهێڵن و بەرەو دراما و سینەما دەچن و هۆکارەکان چین؟
• چەمکە تایبەتەکان و تەکنیکە هاوچەرخەکان:
هەرلەم بەشەدا خوێندنەوەیەکی پسپۆڕانە و ورد لە مەڕ ژمارەیەک چەمک و تەکنیکی نوێ دەخاتە ڕوو؛ وەک (کۆمیدیای ڕەش چییە؟)، کە لەڕێگەی شیکردنەوەی ئەرکی ڕەخنەیی ئەم فۆرمە درامییەدا، لە ئاشکراکردن و هەڵوەشاندنەوەی پارادۆکس و ناکۆکییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، لەڕێی تانووت و بەزمەساتێکی رەخنەگرانەوە، زیاتر پێی ئاشنا دەبین.
هەروەها لە بابەتی تەکنیک لە دراما و سینەمای کوردیدا، ئاستی ئەدای ئەکتەر و توانای دروستکردنی کارەکتەر بە شێوەیەکی هونەریی، وەک یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی دراما، دەخاتە بەر هەڵسەنگاندن.
لە کۆتایی بەشی یەکەمدا کتێبەکە دەگاتە یەکێک لە نوێترین پرسەکانی بواری دراما، واتە (زیرەکی دەستکرد لە درامای کوردی)دا؛ مەترسییەکانی بەکارهێنانی تەکنیکە دیجیتاڵییە دەستکردەکان دەخاتە بەرباس، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پاراستنی ڕۆحی هونەرو شوناس و تایبەتمەندییەکانی ئەفراندن هەیە لە درامای کوردیدا.
بەشی دووەمی کە بە ناونیشانی ( مێژووی سەرهەڵدانی درامای کوردی)یە، یەکێکە لە بەشە بنەڕەتییەکانی ئەم کتێبە؛ چونکە نووسەر لەم بەشەدا هەوڵ دەدات درامای کوردی لە چوارچێوەیەکی مێژوویی و هونەریدا بخوێنێتەوە، نەک تەنها وەک زنجیرەیەک لە ڕووداو و بەرهەمی جۆراوجۆری هونەرمەندان و شارەکانی کوردستان .
لە سەرەتای ئەم بەشەدا، نووسەردەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی ١٩٧٠ و هەوڵ دەدات ئەوە بەرچاو بخات کە پێش ئەوەی درامای تەلەفزیۆنی بە مانای تایبەتی خۆی دامەزرێت، هەندێک نیشانە و هەوڵی درامی لە پەخشی تەلەفزیۆنی کوردیدا هەبووە. ئەم هەنگاوە مێژووییە لە ڕووی میتۆدییەوە گرینگە؛ چونکە سەرهەڵدان لە خاڵێکی دیاریکراو دەست پێ ناکات، بەڵکوو لە کۆمەڵێک ئەزموونی پێشوەختەوە پێکدێت و پاشان شێوازی خۆی دەدۆزێتەوە.
– شانۆ وەک سەرچاوەی دامەزراندن
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم بەشە، پێداگرییە لەسەر ئەوەی کە شانۆ بنەمای سەرەتایی پەرەسەندنی درامای تەلەفزیۆنیی کوردی بووە. ئەمە تەنها پەیوەندییەکی تەکنیکی نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی مێژوویی و فەرهەنگییە. ئەکتەر، دەرهێنەر، دەق، شێوازی گێڕانەوە، دیزاین و تەنانەت ئەزموونی کارکردن لەگەڵ بینەردا، لە شانۆوە بەرەو تەلەفزیۆن گواستراونەتەوە.
بەم پێیە، کتێبەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو پرسیارە دروست دەکات کە:
ئایا درامای تەلەفزیۆنی کوردی زادەی لە دایکبوونێکی سەربەخۆ بوو، یان لێکەوتەیەکی میدیایی ئەزموونی شانۆی کوردی بووە ؟، بێگومان وەڵامەکەش زیاتر بەرەو ئاراستەی دووەم دەچێت؛ واتە تەلەفزیۆن بوارێکی نوێی نمایش بووە، بەڵام ناوەرۆکە بنچینییەکەی لە ئەزموونی شانۆوە وەرگرتووە.
– تەلەفزیۆن و گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنانی دراما
لەقۆناغی دواتردا کاتێک تەلەفزیۆن پەرەسەندنی راستەقینە بەخۆیەوە دەبینێت لە ڕووی دروستکردنی ستۆدیۆ و زیادبوونی توانای بەرهەمهێنان، دەرفەتێکی نوێی بۆ درامای کوردی دێت ئاراوە.
لەوێوە، دراما لە چوارچێوە سنووردارەکەی شانۆ دەربازدەبێت و دەترازێت ناو جیهانی کامێراو مونتاژو لۆکەیشنی جۆراوجۆرو کات و گێڕانەوەی تەلەفزیۆنییەوە، بەمەش زمانی هونەریی خۆی دەستەبەردەکات و ئەو راستیە دەسەلمێنێت؛ ئەگەر شانۆ زۆرجار بە (ئێرە و ئێستا) کردنی نمایش رەچاوبگرێت، ئەوا تەلەفزیۆن دەتوانێت رێچکەی کات و شوێن بشکێنێت و جیهانێکی فراوانتر بۆ دراماسازیی دروست بکات.
کتێبەکە لە بەشی دووەمدا ئەم دەرنجامە بەرچاو دەخات کە مێژووی درامای تەلەفزیۆنی، مێژووی گۆڕانی زمانی هونەریی نمایشییەکانیشە.

– پەرەسەندنی دەق و گواستنەوەی ئەدەب بۆ تەلەفزیۆن
ئەرستۆتالیس (384 -322 پ.ز) لە کتێبی ( هونەری شیعر)دا بە وتەیەکی ناسراو جەخت لەوە دەکاتەوە کە حیکایەت، گیان و بنەمای تراژیدیایە. ئەم تێڕوانینە، ئەگەر لە چوارچێوەی درامای تەلەفزیۆنی هاوچەرخدا بخوێندرێتەوە، ئاماژەیە بەو ڕاستییە سادە و گرنگەی کە هیچ بەرهەمێکی درامای بەبێ بنیاتی بەهێزی چیرۆک و کردار و ململا‌نێ ناتوانێت جیهانێکی باوەڕپێکراو دروست بکات. لێرەدا سیناریۆ تەنها دەقی پێش بەرهەمهێنان نییە؛ بەڵکو پەیکەری بنچینەیی بەرهەمەکەیە، ئەو بنیاته‌یه‌ کە کردار، ڕووداو، ململا‌نێ، کات، شوێن و ریتمی درامایی دادەڕێژێت. ئەگەر ئەم پەیکەرە لاواز بێت، هیچ تەکنیک و ئامرازێکی تەلەفیزیۆنی ناتوانێت بە تەواوی کەلێنەکەی پڕ بکاتەوە.
لە مێژووی گەشەکردنی درامای تەلەفزیۆنیدا، بەتایبەتی لە کولتووری گەلانی گەشە سەندوودا، یەکێک لەو کێشانەی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، تێکەڵکردنی حیکایەتی زارەکی و چیرۆکی سادەی خەڵکە لەگەڵ بنیاتنانی درامایی پێکهاتەدارە. حیکایەت دەتوانێت سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بێت بۆ چیرۆک؛ دەکرێت بیرەوەریی کۆمەڵ، ئەزموونی مرۆڤ، خەیاڵ و ژیانی ڕۆژانەی تێدا کۆببێتەوە. بەڵام ئەوەی حیکایەت دەکاتە دراما، تەنها گواستنەوەی ناوەڕۆکەکەی بۆسەرشاشە نییە؛بەڵک پێویستی بە دووبارەبنیاتنانەوەی درامایی هەیە. واتە چیرۆک دەبێت بگۆڕدرێت بۆ کردار، کردار بۆ ململا‌نێ، ململا‌نێ بۆ ڕوداو و، ڕووداوەکانیش بۆ جیهانێکی درامایی سەربەخۆ.
بۆیە (حەیدەر) لەم بەشەدا، ئاماژە بە گرنگیی نووسین و دەق و سیناریۆ دەکات و نموونەی بەخششەکانی نووسەرانی کورد دەخاتەڕوو. ئەمەش لایەنێکی گرنگە؛ چونکە درامای تەلەفزیۆنی تەنها بە بوونی ستۆدیۆ و کامێرا پەرەی نەسەندووە، بەڵکوو پێویستی بەو چیرۆکانەش هەبووە کە توانی گێڕانەوەو بەرجەستەکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و کێشەکانی مرۆڤی کوردی لە بۆتەیەکی دراماتیکیدا هەیە.
لەو ڕووەوە، ئەم بەشە پەیوەندی نێوان ئەدەب و دراما دەخاتەڕوو؛ بەڵام لە ڕوانگەی ڕەخنەییەوە:
دەقی ئەدەبی چۆن دەگۆڕێت بۆ دەقی تەلەفزیۆنی؟ و چی لە زمانی ئەدەبی دەمێنێتەوە و چی لە پرۆسەی دراماتیزەکردندا دەگۆڕێت؟
ئەم پرسیارە گرنگانەش، ئەو راستییە دەکاتە وەڵام کە مێژووی درامای کوردی تەنها بە ژمارەی بەرهەمەکان و ناوی دەرهێنەر و ئەکتەرەکان نانووسرێتەوە؛ بەڵکوو بە مێژووی گۆڕانکارییەکانی شێوازی گێڕانەوە و شێوازی بینین قۆناغ بەندی دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگترین بەهای ئەم بەشە لەوەدایە کە دەیەوێت ژمارەیەک لە بیرەوەریی لە دەستچووی میدیای کوردی بپارێزێت. چونکە زۆرێک لە ئەزموونەکانی دەستپێکی تەلەفزیۆن و درامای کوردی لە ئەرشیفێکی تۆکمەی بەڵگەنامەیی بەهێزدا نەپارێزراوە. بۆیە تۆمارکردنی ناوەکان، ساڵەکان، بەرهەمەکان، ستۆدیۆکان و هەوڵە سەرەتاییەکان، خۆی لە خۆیدا کردارێکی گرنگی مێژوونووسییە. بەم جۆرەش کتێبەکەی (حەیدەرعەبدولرەحمان) هەوڵێکی دیاری تیا بەدی دەکرێت بۆچەسپاندن و بەدەستهێنانەوەی بەشێک لە ئەرشیفی هونەریی کوردی.

بەشی سێیەم، کە دوا وێستگەیە ناوەرۆکی سەرەکی کتێبەکە پێکدەهێنێت و نووسەر تەرخانی دەکات بۆ لێکۆڵینەوەیەکی ڕخنەیی ورد سەبارەت بە ژمارەیەک زنجیرە درامای کوردی، بەم شێوەیەی خوارەوە:
• زنجیرەی درامای ئادیابین (بەشی سێیەم) – دەرهێنانی حەسەن عەلی خان، لێکۆڵینەوە لە بەشی سێیەمی زنجیرەکە دەکات، و تیشک دەخاتە سەر کردەی دەرهێنان لە بەکارهێنانی مێژوو و ژینگەی خۆماڵی و پێکهاتەی کەسایەتییەکان.
• زنجیرەی درامای گەوھەر و خوشکەکانی – دەرهێنانی کارۆخ ئێبراهیم،خوێندنەوەیەکی قووڵە بۆ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و دەروونی کەسایەتی کارەکتەرە ژنەکان و ژینگەی دەوروبەریان، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی زمانی خاوتنیان.
• زنجیرەی درامای باران – دەرهێنانی ئاکۆ عەزیز میرزا، شرۆڤەی دلالەتەکانی ناونیشانەکە و پەیوەندی بە ناوەڕۆکی دەروونی و کارەساتباری حیکایەتەکە دەکات.
• زنجیرەی درامای چەرخ و فەلەک – دەرهێنانی بیلال عومەر، باسی ڕەهەندی جەماوەری یان کەلەپووری کارەکە دەکات و چۆنیەتی بەکارهێنانی توخمەکانی شوێن و كات لەلایەن دەرهێنەرەوە دەخاتە ڕوو.
• زنجیرەی درامای کوردستان ولاتی گورگەکان – دەرهێنانی میهران شیری، خوێندنەوەیەکی ڕخنەیی بۆ هێما سیاسی و فیکرییەکانی ناونیشانەکە و سروشتی پێکدادانە گەورەکان دەکات.
• زنجیرەی درامای دوا وشە – دەرهێنانی کارۆخ ئێبراهیم، شیکردنەوەی پێکهاتەی گێڕانەوەی ئاڵۆز و هەڵوێستی کەسایەتییەکان بەرامبەر گۆڕانکارییە دەروونی و ئەخلاقییەکان.
• زنجیرەی درامای بەختە باران – دەرهێنانی نیاز لەتیف،شیکردنەوەی ڕەهەندەکانی پێکدادانی کۆمەڵایەتی و دەروونی ناو زنجیرەکە دیاری دەکات.
• زنجیرەی درامای ئاکامی نهێنییەکان – دەرهێنانی سالار سولتان، تیشکخستنەسەر درامای ناڕوون و پڕ لە سەرکێشی و چۆنیەتی دروستکردنی رێچکەی پۆلیسی.
• زنجیرەی درامای کوشکی هە نار – دەرهێنانی جەمیل مەفاخری، لێکۆڵینەوە لە ژینگەی تایبەتی کارەکە و ئاستەکانی نواندن و ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی و جوانکاری.
• زنجیرەی درامای لە یادەم چوو – دەرهێنانی فەرەیدوون حەسەن پوور، راڤکردنی ئەو جۆش و خرۆشە مرۆیی و درامییە بەرزەی کە کارەکەی پێ جیاواز بووە و پەیوەندی مرۆڤی کورد بە خاکەکەیەوە.
• زنجیرەی درامای شەهرەزاد – دەرهێنانی حەسەن فەتحی، وتارێکی ڕخنەیی فراوان لەسەر هۆکارەکانی سەرکەوتنی جەماوەری و هونەری ئەم کارە مێژوویی و رۆمانسییەیە.
لەکۆتاییشدا بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بدەم کە نووسەر لەم کتێبەدا، پشت بە کۆمەڵێک سەرچاوەی متمانەپێکراوو توێژینەوەو کتێبی ناوازە لە مێژووی هونەر و دراما و تەلەفزیۆندا دەبەستێت، لەوانە:
• گەشەسەندنی درامای کوردی ١٩٧٥ – ١٩٩٥، د. سەلام فەرەج كەریم.
• درامای کوردی لە ناو درامای جیهاندا، حەمە کەریم هەورامی.
• مێژووی تەلەفزیۆنی کەركووك، هاشم جەباری.
• بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی کوردی ١٩٧٥ – ١٩٩١، د. قارەمان حەیدەر.
بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی هەولێر، د. هوشەنگ مەحەمەد.
• درامای تەلەفزیۆنی: فۆرم، ئاژانس، داهێنان، تریش فیتز سێمۆنس.
• درامای تەلەفزیۆنی: تیۆر و ناسنامە، لیز كوك.
• دراما و تەلەفزیۆن، ریچارد بات.
• درامای تەلەفزیۆنی هاوچەرخی بەریتانیا، جۆناسان بیگنیل.
• مێژووی درامای تەلەفزیۆنی ئەمریکی، ویلیام هاوس.
• سیاسەتی درامای تەلەفزیۆنی: لەڕوانگەی ڕۆژھەڵاتی ئاسیا، د. سەلمان سەعید.
• درامای عەرەبی لە نیوان میرات و هاوچەرخ بوون دا، جابر ئەسفور.
• درامای تەلەفزیۆنی عەرەبی: پیشەسازی و بەرهەمهێنان، ئەحمەد عەبدولرەزاق.
ماوەتەوە بڵێم نووسەرو رۆژنامەنووس و رەخنەگر (حەیدەر عەبدولڕەحمان) لە مێژووی ڕەخنەی هونەریی کوردیدا تەنها ناوێکی راگوزەری خاوەن چەند نووسینێک نییە؛ بەڵکو ئەزموونێکی زیندووە کە هێشتا لەگەڵ سەردەم و پێشکەوتنە دیجیتاڵی و تەکنۆلوژییەکاندا توانای خۆی تازەکردنەوەو بەردەوامی هەیە و بەخششەکانی لەهەڵکشاندایە. ئەو، لەگەڵ گۆڕانی ئامراز و تەکنەلۆژیا و شێوازەکانی بەرهەمهێنانی وێنە، هێشتا بە هەمان هەستی ڕەخنەیی و حەزی زانینەوە لە هونەر دەڕوانێت؛ بەڵام ئەمڕۆ ئەزموونی ئەو پشت بە ساڵانێکی زۆر لە خوێندنەوە، تاقیکردنەوە و بەدواداگەڕانی هونەری دەبەستێت..
(حەیدەر عەبدولڕەحمان) لەم بەرهەمەدا تەنها ڕەخنەگرێک نییە کە لەسەر درامای تەلەفزیۆنی دەنووسێت؛ بەڵکو زایەڵەی ئەزموونێکی درێژخایەنە کە لە هەر نووسین و کتێبێکیدا،مەشخەڵی پرسیاری نوێ بۆ هونەر و بۆ مرۆڤ دادەگیرسێنێت. ئەمەش بەهای ڕاستەقینەی ئەو بەرهەمەیە: چونکە (ڕەخنە) لە هەڵسەنگاندنی بەرهەمەوە بەرەو خوێندنەوەی ژیان دەبات.