ماكوان عيززهت-هەولێر
ڕۆماتیزم بە یەکێک لە نەخۆشییە باوەکانی جومگە و ئێسک دادەنرێت کە فرەجۆر و بەرفراوانە، پسپۆڕانی تەندروستیش هۆشداری دەدەن لەوەی فاکتەری بۆماوەیی و شێوازی ناتەندروستی ژیان کاریگەریی گەورەیان لەسەر سەرکەوتنی نیشانەکان هەیە.
د. بڕوا هیوا جەمیل، پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم، تیشک دەخاتە سەر هۆکار و نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە و ڕایدەگەیەنێت: “ڕۆماتیزم نەخۆشییەکی فرەڕەهەندە و زیاتر لە ٢٥٠ جۆری هەیە. بەشێکیان کورتخایەنن، بەڵام زۆربەیان لە جۆری درێژخایەنن و پێویستیان بە چاودێری و دەرمانی بەردەوام هەیە.”
جۆرەکانی نەخۆشیی ڕۆماتیزم
د. بڕوا هیوا ڕوونی دەکاتەوە کە باوترین جۆر بریتییە لە «ڕۆماتیزمی خوێن» یان ڕۆماتۆید کە پێویستی بە چاودێریی مانگانە هەیە. جۆرە کورتخایەنەکانیش زۆربەی کات بەهۆی هەوکردنی ڤایرۆسی، گرژبوونی ماسولکە یان هەوکردنی سادەوە دروست دەبن و لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بە دەرمانی سەرەتایی چارەسەر دەبن. لە بەرانبەردا، جۆرە درێژخایەنەکان وەک ڕۆماتیزمی خوێن، ڕۆماتیزمی سەدەفی و ڕەقبوونی بڕبڕەی پشت (Ankylosing Spondylitis) پێویستیان بە بەدواداچوونی درێژخایەن هەیە.
٥ نیشانەی سەرەکی بۆ ناسینەوەی نەخۆشییەکە
بە گوتەی ئەو پزیشکە پسپۆڕە، هەندێک جار ڕۆماتیزم کار دەکاتە سەر ئەندامەکانی دیکەی وەک چاو و پێست (وەک برین یان پەڵەی پێستی، سووربوونەوە و هەوکردنی پێڵوی چاو)، بەڵام سەرەکیترین نیشانە سەرەتاییەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە بریتین لە:
١. بوونی ئازار لە جومگەدا.
٢. ئاوسانی جومگە.
٣. ڕەقبوون و سنوورداربوونی جووڵەی جومگە (بە تایبەت بەیانیان).
٤. سووربوونەوەی دەوروبەری جومگە.
٥. گەرمبوونی جومگەی تووشبوو.
پێویستە هەر کەسێک هەستی بەم نیشانانە کرد لە یەک جومگە یان چەند جومگەیەکدا، بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات تا لە قۆناغی سەرەتاییدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
هۆکارەکانی تووشبوون: بۆماوەیی و ژینگەیی
د. بڕوا هیوا سەرەکیترین هۆکاری تووشبوون بۆ فاکتەری بۆماوەیی دەگەڕێنێتەوە؛ بە جۆرێک کەسەکە بەهۆی هەڵگرتنی ئەو جیناتانەی لە باوانەوە بۆی ماوەتەوە، ئەگەری تووشبوونی زۆر زیاتر دەبێت بەراورد بە کەسێکی ئاسایی.
سەبارەت بە هۆکارە ژینگەییەکانیش، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هۆکارانە دەبنە هۆی سەرکەوتنی نیشانەکان لە قۆناغێکی تەمەندا، لەوانە:
• قەڵەوی و کێشی زیادە
• جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان
• بەرکەوتنی سەرما
• سیستەمی خۆراکی ناتەندروست
• نەبوونی چالاکی و وەرزش نەکردن
• ناجێگیریی دۆخی دەروونی و سترێس
ئایا ڕۆماتیزم پەیوەستە بە تەمەنێکی دیاریکراوەوە؟
نەخۆشییەکە لە هەموو تەمەنێکدا ڕوودەدات، هەر لە کۆرپەی شەش مانگییەوە تا تەمەنی پیری، بەڵام زۆرینەی حاڵەتە درێژخایەنەکان لە نێوان ٧٠٪ بۆ ٨٠٪ لە ڕەگەزی مێ و لە سەروو تەمەنی ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵیدا دەردەکەون.
شێوازەکانی چارەسەر
د. بڕوا هیوا سەبارەت بە چارەسەرى دەڵێت: چارەسەر ڕاستەوخۆ بەپێی قۆناغ و جۆری دەستنیشانکراوی نەخۆشییەکە دادەنرێت؛ لە دەرمانی دژەهەوکردنی ئاساییەوە دەست پێدەکات، ئەگەر نەخۆش وەڵامدانەوەی نەبوو پەنا دەبرێتە بەر دەرزیی ناو جومگە یان چارەسەری بایۆلۆجی (Biological therapy) و دەرمانە بەهێزەکانی دژە ڕۆماتیزم. لەو قۆناغە درەنگانەشی کە جومگەکە بە تەواوی خوار دەبێت و لەکار دەکەوێت، نەشتەرگەریی گۆڕینی جومگە وەک کۆتا بژاردە ئەنجام دەدرێت.

