رۆژنامەی ھەولێر

هەولێر دوو نوێنەری خۆی بۆ کەمکردنەوەی سزایەکان دەنێرێتە بەغدا

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بە فەرمی خولەکە بەهۆی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداوی عەرەبی بۆ ماوەی 18 رۆژ دەوەستێت.

هەولێر هاتریکی لە خاڵ و گۆڵ کرد
یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە درەوشاوەیی و هاتریکی ئیفیانی ئێزێ لە یانەی کەربەلای بردەوە و سێ خاڵی گرنگی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەدەستهێنا.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 8ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەردوو یانەی کەربەلا و هەولێر لەسەر یاریگەی نێودەوڵەتی کەربەلا رووبەڕووی یەکبوونەوە.
ئیفیانی ئێزێ هێرشبەری یانەی هەولێر لە دەستپێکی یارییەکەوە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و بە یەک خولەک و سی و شەش چرکە خێراترین گۆڵی لەم وەرزە کرد و هەولێری بەگۆڵێک پێشخست.
دواتر هەمان یاریزان لە خولەکی 24 گۆڵی دووەمی خۆی زیاد کرد و نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی زەردپۆشەکان کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا، هەوڵەکانی هەولێر بۆ بەهێزکردنی ئەنجامەکە بەردەوامبوو، تاوەکو لە خولەکی 71 ئیفیانی ئێزێ گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و هاتریکی خۆی لە یارییەکەدا کرد، بەم ئەنجامەش هەولێر دوای شکستی گەڕی پێشوو بەرامبەر گەرمە، جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر رێگەی سەرکەوتنەکان لە خولەکەدا، ئەمەش لە کاتێکدایە کەربەلا ئەم وەرزە تاکە یانەیە توانی لە نێو یاریگەی گەرمە سەرکەوتن تۆمار بکات، بەرامبەر یانەکانی شورتە و زەوراش خاڵێکی لە هەر یەکێکیان وەرگرت.
دهۆک لە ئەنجامە خراپەکانی بەردەوامە
دهۆک لەگەڵ یەحیا گوڵمحەمەدی بە دۆخێکی سەخت و خراپ تێپەڕ دەبێت و لە کۆی هەشت یاری ئەم وەرزە تەنیا یەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
یانەی دهۆک لە دوایین یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵێک لەگەڵ یانەی مینا یەکسانبوو، دوای ئەوەی لە خولەکەکانی کۆتاییدا گۆڵی یەکسانبوونی لێکرایەوە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 8ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەردوو یانەی مینا و دهۆک لەسەر یاریگەی فەیحا لە شاری بەسڕە رووبەڕووی یەکبوونەوە، نیوەی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ بۆ هەردوولا کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمی یارییەکە، یاریزانانی دهۆک دەستپێشخەرییان کرد و لە خولەکی74 لە رێگەی ئیگۆر هێنریکێ هێرشبەری بەرازیلی گۆڵی پێشکەوتنیان تۆمارکرد، بەڵام مینا خۆی بەدەستەوە نەدا و لە خولەکی 87 کەرار جەعفەر لە هێرشێکی نایابدا گۆڵی بەرامبەربوونی بۆ یانەکەی تۆمارکرد، یارییەکەش بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتاییهات.
بەم ئەنجامە، مینا ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 11 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکە دێت، لە بەرامبەردا دهۆک خاڵێکی بەدەستهێنا و بە 9 خاڵ لە پلەی نۆیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق مایەوە.

خولی ئەستێرەکانی عێراق کەی دەست پێدەکاتەوە؟
دوای کۆتایی هاتنی یارییەکانی گەڕی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، بە فەرمی خولەکە بەهۆی یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە جامی کەنداوی عەرەبی بۆ ماوەی 18 رۆژ دەوەستێت.
خولەکە لە ئەمڕۆ یەکشەممە 20ـی ئەیلوول دەوەستێت و رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو دەست پێ دەکاتەوە.
لە گەڕی نۆیەمی داهاتووی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە رۆژی هەشتی مانگی داهاتوو یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی نەفتی میسان.
رۆژی 9ـی مانگی داهاتوو رۆژێکی مێژوویی دەبێت. لە یاری لوتکە دهۆک میوانداریی زەورا دەکات.
لە یاریی دێربی کوردستانیش زاخۆ و نەورۆز رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
لە رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو، یانەی گازی باکووری نوێنەری شاری کەرکووک لە یاریگەی نەورۆز پێشوازی لە مینای شاری بەسرە دەکات.

هەولێر تانە لە سزایە قورسەکەی دەدات
بەهۆی رووداوەکانی یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و گەرمە، یانەی هەولێر بە ئەنجامدانی سێ یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی و بەبێئامادەبوونی هاندەران سزادرا و پێبژاردنی 3 ملیۆن دیناریش وەکو سزایدارایی بۆ یانەکە راگەیێنرا.
بڕیاری سزادانی یانەی هەولێر کاردانەوە و ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتەوە وهاندەران و دەستەی کارگێڕیی یانەکە ئەو بڕیارە بە زوڵم و نادادپەروەری لێکدەدەنەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر کەوتووە، یانەی هەولێر دوو نوێنەری خۆی بۆ تانە لێدان لە بڕیاری سزادانەکەی دەنێرێتە بەغدا.
هەولێر دوای ئەوەی تانە لە بڕیارەکە دەدات، لەو کاتەوەی تانەکە دەگاتە لیژنە تێهەڵچوونەوە بە سزاکان ماوەی پێنج رۆژی هەیە، لیژنەکە لە 5 کەسپێکدێت و یەکێکیان کوردە کە دکتۆر دیار کەمالە، کاری لیژنەکەپێداچوونەوەیە بە هەموو بەڵگەکان و لێکدانەوەی سزاکان، دوای ئەوە بەدەنگدانی زۆرینە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی سزاکانەوە دەدرێت.
ئەگەر سزایەکە لەسەر یانەی هەولێر جێبەجێ بکرێت، هەولێر سێ یاریی بەرامبەر یانەکانی موسڵ، گازی باکوور و غەراف لەنێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەبێ ئامادەبوونی هاندەران دەکات.