رۆژنامەی ھەولێر

ڕشک و ئەسپێ مەترسییەکی وەرزی لە ناوەندەکانی خوێندن

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندندا، دیاردەی بڵاوبوونەوەی ڕشک و ئەسپێ وەک کێشەیەکی تەندروستی لە بەشێک لە باخچە، دایەنگە و قوتابخانەکاندا سەرهەڵدەداتەوە. ئەم نەخۆشییە گوازراوەیە بەهۆی قەرەباڵغی و بەرکەوتنی بەردەوامی منداڵان بە خێرایی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە.

ڕشک و ئەسپێ چییە و چەند جۆری هەیە؟
ڕشک بریتییە لە هێلکەی ئەسپێ؛ ئەسپێش زیندەوەرێکی مشەخۆری زۆر وردە کە لەسەر لەشی مرۆڤ و هەندێک گیانداری خوێنگەرم دەژی و لە ڕێگەی مژینی خوێنەوە خۆراک وەردەگرێت. ئەم مشەخۆرە زۆرتر لە قژی سەری منداڵانی تەمەن ٣ بۆ ١٠ ساڵاندا دەبینرێت؛ کاتێک پێستی سەر دەگەزێت، بەهۆی دەردانی ئەو لیکەی لە کاتی مژینی خوێندا دەیکاتە ناو پێستەکە، خورانی توند دروست دەکات. هێلکەکانی (ڕشک) بە تاڵەکانی قژەوە دەنووسێن و پاش ماوەیەک هەڵدێن و دەبنە ئەسپێی پێگەیشتوو.

لە ڕووی پزیشکییەوە، ئەسپێ سێ جۆری سەرەکی هەیە:
• ئەسپێی قژ (سەر): لەسەر پێستی سەر دەژی، خۆی بە مووەوە دەگرێت و بە مژینی خوێن لە پێستی سەر، خورانی زۆر دروست دەکات.
• ئەسپێی لەش: زیاتر لە نێو جلوبەرگدا خۆی حەشار دەدات و لە کاتی گەستنی پێستدا پەلاماری لەش دەدات.
• ئەسپێی شوێنە هەستیارەکان (بەرەکە): لە ناوچەی تایبەتدا دروست دەبێت و بە تاشین و پاککردنەوەی مووی ئەو ناوچانە و چارەسەری پزیشکی لەناودەچێت.

مەترسیی پشتگوێخستن و کاریگەرییە دەروونییەکان
د. هونەر عوسمان کەریم، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و تازەلەدایکبووان، جەخت لە پێویستیی دەستبەجێ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەکاتەوە و هۆشداری دەدات: «پشتگوێخستنی ڕشک و ئەسپێ مەترسیی تووشبوون بۆ سەرجەم ئەندامانی خێزان و تەنانەت کۆمەڵگاش دروست دەکات.»
ئەو پسپۆڕە نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بێباکیی بەشێک لە خێزانەکان: «جێگەی دڵتەنگییە هەندێک خێزان کێشەکە پشتگوێ دەخەن یان نکوڵی لێ دەکەن، لە کاتێکدا خورانی بەردەوامی سەر دەبێتە هۆی شڵەژانی تەرکیزی منداڵ لە ڕۆژدا و تێکچوونی خەوی شەوانە. جگە لەوەش، کاریگەریی نەرێنی لەسەر باری دەروونی دروست دەکات؛ منداڵ تووڕە و بێتاقەت دەبێت و ئەگەری هەیە لەلایەن هاوپۆلەکانییەوە ڕووبەڕووی گاڵتەپێکردن ببێتەوە.»

ڕێنمایی بۆ دایک و باوکان
د. هونەر عوسمان داوا لە دایک و باوکان دەکات بابەتەکە بە هەند وەربگرن و ئەم هەنگاوانە پەیڕەو بکەن:
• پشکنینی بەردەوامی قژی منداڵەکانیان بە لایەنی کەمەوە ٢ بۆ ٣ ڕۆژ جارێک.
• سەردانیکردنی دەستبەجێی پزیشکی پسپۆڕ لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم نیشانە یان گومان، تا چارەسەری زانستی وەربگیرێت و پەنا نەبرێتە بەر ماددەی زیانبەخش.
• ئاگاداربوون لە ڕەوشی تەندروستیی هاوڕێ و هاوپۆلەکانی منداڵەکە، چونکە هۆکاری دووبارە تووشبوونەوە زۆرجار بەهۆی گواستنەوەیە لە چواردەورەکەیەوە.