فازڵ میرانی
جەنگ پێش ئەوەی ئارەزوویەکی سیاسی بێت، ئامادەسازییەکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام دروستبوونی ئەم ئامادەیییە لە ناو کۆمەڵگەدا شتێکی سروشتی و خۆرسک نییە، بەڵکوو پێکهاتەکانی دەسەڵات لە ڕێگەی دەستتێوەردان و کاریگەرییە جۆربەجۆرەکانیانەوە دروستی دەکەن. یەکێک لە سەرەکیترین ئامرازەکانیشم پروپاگەندە و پەروەردەکردنی ڕای گشتییە بۆ جەنگ؛ ئەمەش بە زەقکردنەوە و هێنانەوەی چیرۆکەکانی ڕابردوو، یان بە دروستکردنی هزرێکی دوژمنکارانە ئەنجام دەدرێت. بەڵام ئەو پرسیارە جەوهەرییەی کە هەمیشە دەشاردرێتەوە و وەڵام نادریتەوە ئەوەیە: لە کۆتاییدا قازانج و دەستکەوتی جەنگ بۆ کێیە، و زیان و وێرانکارییەکەی بەسەر کێدا دەشکێتەوە؟
جەنگ بەستراوەتەوە بە مێژووی مرۆڤایەتییەوە؛ هەرچەندە ئاستی هۆشیاریی مرۆڤ زیادی کردبێت، پاساوەکانیش بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ گەشەیان کردووە. نەخشەکان گۆڕراون، زەوی و دەریاکان جەستەی بێژماری قوربانییانیان لووش داوە و خوێنی ملیۆنان کەسیان وشک کردووە؛ لە دوای جەنگەکاندا چینوتوێژی نوێی کۆمەڵایەتی سەریان هەڵداوە و چینگەلێکی دیکەش بە تەواوی داڕماون.
ئەو باڵەی سیاسییانەی ڕۆژئاوا کە خوازیاری جەنگن، هەڵگیرساندنی بڕیارەکان لە ژێر دروشمی «پاراستنی بەرژەوەندییەکان»دا دادەڕێژن، لە بەرامبەردا باڵی ڕۆژهەڵاتییەکان هەمان کردار بە بەرگی «عەقیدە و باوەڕەکان» دادەپۆشن. ئەمانە دوو نیشانە و سەردێڕی سەرەکیی دوو جەمسەری نەیاری سەردەمی ئێستان، تەنانەت لەگەڵ ئامادەییی ئەو ڕاستییەی کە زۆربەی بەرەی ڕۆژهەڵات پاشەکشەی کردووە لەوەی بتوانێت ئابوورییەکی جێگیر بەرهەم بهێنێت کە تێیدا بژێوی و خزمەتگوزاری سەربەخۆ بۆ هاووڵاتییانی دابین بکات.
ڕەگ و ڕیشەی ئەم کێشەیە زۆر قووڵتر و سەختترە لەوەی بتوانرێت لە وتارێک یان کتێبێکدا کورتبکرێتەوە؛ چونکە چیرۆکی ململانێیەکی زۆر کۆن و درێژخایەنە لە ڕابردووی مرۆڤایەتیدا (چ وەک تاک یان وەک کۆمەڵگە). سەرچاوەی ئەم ململانێیەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ڕادع و پەیمانی ئەخلاقی، غیابی هۆشیاری، یان ئاراستەکردنی وشیاریی خەڵک بەرەو تێرکردنی ئارەزووی دەستبەسەرداگرتن و خاوەندارێتی.
بەڵام جەنگ هەر جەنگە؛ ئامرازەکانی هەرچۆنێک بگۆڕێن و چ پاساوێکی بۆ بهێنرێتەوە. جەنگ یانەیەکە بۆ وێرانکاری، سنووری زیانەکانی بە کەسێک، پارچە زەوییەک یان زەمەنێک کۆتایی ناهێت. جەنگ بوومەلەرزەیەکی وێرانکەرە لە ڕووبەری ژیاندا؛ چونکە بنەما و ئاسایی لە پەیوەندییەکاندا ئاشتییە و جەنگ حاڵەتێکی نائاساییە. پەیوەندییە مرۆییەکان (چ سیاسی بن یان سەربەخۆ)، هەروەک چۆن لە کاتی ئاشتیدا گەشە دەکەن، لە کاتی جەنگدا ڕووبەڕووی هەرەسبوون و زیانی قورس دەبنەوە. جەنگەکان بڕیاری مەترسیدار دروست دەکەن و لێکەوتەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژ دەمێننەوە. زۆربەمان کارەساتی جەنگە ناوخۆییەکانی عێراقمان لەبیرە، بە تایبەت جەنگەکانی ڕژێم دژی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و جەنگە هەرێمییەکان. لەو جەنگانەدا، بەشێکی زۆری نەوەکان لەسەر زەوی سڕدرانەوە و چوونە ناو جوگرافیای گۆڕستانەکان. ناونیشانی ئەوانیش لە مێژوو و بڕیارە فەرمییە ناڕوونەکاندا بەردەوام دەگۆڕا؛ جارێک بە «شەهید» ناودەبران و جارێک بە «کوژراوی گوێڕایەڵی یان کوژراوی ئەرک»! کەسوکاریان جارێک ڕێزیان لێ دەگیرا و جارێکیش ناچار دەکران شاراوەی بکەن کە کوژراوی جەنگیان هەیە، منداڵە بێباوکەکانیان لە ناو ئەم گۆڕانکارییە بەردەوامەی هەست و سۆز و شێوازی وەرگرتنی مافەکانیاندا ژیانیان بەسەر برد. کاتێک جەنگ بەرگی «عەقیدە» دەپۆشێت، مەترسییەکەی دەگاتە لووتکە. لە بنەڕەتدا هەر جەنگێک سەرکێشی و مەترسییەکی گەورەیە کە هیچ قەرەبووکردنەوەیەک، هیچ پاساوێکی بەکرێگیراوی ئایینی، مەزهەبی یان دەقی حەماسی ناتوانێت زیانەکانی بشارێتەوە تا بیکاتە بڕیارێکی دروست. لە کۆتاییدا ئێمە لەبەرامبەر جەستەی بێگیانی مرۆڤێکداین، لەبەرامبەر زیندوانێک کە یان جەستەیان کەمئەندام بووە یان ڕۆحیان بریندارە. لە دنیای سیاسەتدا هیچ سەباتێکی بەردەوام نییە تا سەرکەوتن هەمیشە بە «سەرکەوتن» بمێنێتەوە و شکستیش وەک «قوربانیدان» وەسف بکرێت؛ چونکە سیاسەت خۆی خاوەنی ئامرازی دروستکردنی لەبیرکردن یان بیرهێنانەوەیە بەپێی بەرژەوەندییە کاتییەکان.
جەنگ لە ناوچەکەی ئێمەدا کە ئابوورییەکی زۆر ناسک و بێهێزی هەیە، کاریگەرییەکەی تەواو وەک ئاگرە لە پوشوپەلاشدا؛ کەمێک کاتی دەوێت تا هەموو شتێک ببووژێنێتەوە و بیخوات. قسەی ئەو کەسانەی هەوڵی داپۆشینی ئاسەوارە وێرانکەرەکانی جەنگ دەدەن و بەڵێنی پاداشتی ئەخیرەت بە خەڵک دەدەن، ناکرێتە نان بۆ برسییەک، ناکرێتە خێوەت بۆ ئاوارەیەک، ناکرێتە بەرگ بۆ ڕووتێک و نابێتە دەرمان بۆ بریندارێک. کاتێک بەرژەوەندی بەرگی عەقیدە دەکاتە بەری، ڕاستەوخۆ دەبێتە بازرگانی بۆیە دەبێت تاک وشیار بێت تا نەکەوێتە تەڵەی بازرگانانی عەقیدەوە.
بازرگانانی جەنگ بە مافەکانی ئێوەوە لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژین؛ ئەوان هەرگیز ناچنە مەیدانی ئەو جەنگانەی کە ئێوەی بۆ هان دەدەن، بەشداری ناکەن لەو کارەساتانەی کە خۆیان بۆیان دروست کردوون. ئەوان وەک هاوشێوە مێژوویییەکانیان، وتار و دروشمی باقوبریقە ڕێک دەخەن بۆ پاساودانی کردارەکانیان و بەپێی بەرژەوەندی لە چیرۆکەکانی مێژوودا باز دەدەن، بەڵام بە هیچ جۆرێک ڕازی نین ئەو یاسا و بەها توندانەی بۆ عەقیدە دەیانبڕنەوە، بەسەر خۆیاندا جێبەجێ ببن.
ئەوان بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەپێی پێویستییەکانی خۆیان ڕێک دەخەن، نەک بەپێی بەرژەوەندی و ژیانی ئێوە.

