كارزان گلی – ههولێر
گرانی نرخی بەنزین و گاز لە سووریا، بووەتە هۆی ئەوەی هەزاران كەس لە شار و شارۆچكە و گوندەكان بڕژێنە سەرشەقام و پڕۆتستۆی ئەو گرانییە بكەن، وەزیری وزەی سووریاش دڵنیایی دەدات گرانی بەنزین كاتییە و باش دەبێتەوە.
وەزارەتی وزەی سووریا، نرخی و بەنزین و گازی گران كرد، بە جۆرێك بەنزین ٢٦٪ نرخەكەی بەرزبووەوە و هەروەها گازیش ٤٠٪، ئەمەش نیگەرانیی خەڵكی لێكەوتەوە و بەهەزاران كەس لە شارەكانی رەققە و حەسەكە و دێرەزوور، هەروەها لە چەندین گوندیش رژاوەتە سەرشەقام و پڕۆتستۆی ئەو بڕیارە دەكەن. وەزیری وزەی سووریاش دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان، بڕیارەكە كاتییە و لەماوەیەكی نزیكدا نرخەكان ئاسایی دەینەوە.
ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە، نرخی بەنزین لەبەشێكی زۆری وڵاتان گران بووە، لە سووریاش بەهۆی ئەوەی گواستنەوەی بەنزین و گاز و ئەو نرخەی پێی دەدەن گران بووە، بۆیە نرخ لەسەر هاووڵاتیش گران بووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی خەڵك بڕژێتە سەرشەقام.
بەگوێرەی زانیارییەكان، خەڵكی رەققە بەشێوەیەكی بەرچاو رژاونەتە سەرشەقام و تایەیەكی زۆریان سووتاندووە و هەروەها رێگەی نێوان دێرەزوور و حەلەبیان داخستووە، بەمەش هیچ تانكەرێكی بەنزین ناتوانێت لە نێوان ئەو دوو شارەدا بەنزین بگوازێتەوە، تاوەكوو ئێستاش حكوومەت نەیتوانیوە ئەو خۆپیشاندانە هێور بكاتەوە. خەڵك داوا دەكەن نرخەكان وەكوو خۆی لێبێتەوە، چونكە توانایان نییە بەو نرخەی ئێستا بیكڕن و سەیارە بەكاربهێنن.
لە حەسەكەش بەهەمان شێوە خەڵك رژاونەتە سەرشەقام و رێگەی چوون بۆ دێرەزووریان داخستووە، لەوێش هیچ تانكەرێكی بەنزین ناتوانێت تێپەڕێت و خەڵك دەڵێن نایەڵێن هیچ تانكەرێكی بەنزین بەم رێگەیەدا بڕوات، چونكە نرخ گران بووە و تا باش نەبێتەوە كۆڵ نادەین.
وەزارەتی وزەی سووریا بڵاوی كردووەتەوە، رۆژانە پێویستیان بە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەیە تا بتوانن بەنزینی لێبەرهەم بهێنن، بەڵام تەنیا ١٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەردەستە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی گرانی نرخ.
باسیان لەوەش كردووە، ناچارن بەنزین و گاز لە وڵاتانەوە هاوردە بكەن، لەكاتی هاوردەكردنیشدا نرخ گران بووە، بەتایەت بەرهەمەكانی بەنزین و گاز و گواستنەوە، بۆیە ناچارن نرخەكان گران بكەن. سووریا رۆژانە ٦٠٪ی پێداویستی بەنزین و گاز هاوردە دەكات.
بەهۆی شەڕی ناوەخۆ، سووریا لە بەرهەمهێنانی نەوتدا زۆر لەپاشەكشەی داوە، پێشتر و لە سەردەمی حكوومەتی بەشار ئەسەددا و بەر لە شەڕی ناوەخۆ، رۆژانە توانایان هەبووە ٦٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنن، بەڵام دوای شەڕی ناوەخۆ رێژەی بەرهەم هێنان بووە سفر و ئێستاش نزیكەی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن، كە بەشی پێداویستی ئەو وڵاتە ناكات و ناچارن نەوت و گاز لە وڵاتانی ترەوە هاوردەی سووریا بكەن.
تاوەكوو ئێستا خەڵكی دیمەشق نەڕژاونەتە سەرشەقام، بەگوێرەی بۆچوونی شڕۆڤەكاران تا خەڵكی دیمەشق نەڕژێنە سەر شەقام، فشار بۆ سەر حكوومەت نایەت بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین، چونكە پایتەخت دەتوانێت فشارەكان گەورە بكات و حكوومەت بهێنێتە سەرهێڵ.

