رۆژنامەی ھەولێر

گەڕان بەدوای نهێنیی چیرۆکنووسیندا

وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

بۆ زۆرێک لە نووسەران، کتێبەکانی فێربوونی چیرۆکنووسین کۆمەڵێک ڕێسا، تەکنیک و ئامۆژگاریی کردەیین؛ کە ھەوڵ دەدەن وەڵامی پرسیاری «چۆن بنووسین؟» بدەنەوە، بەڵام کتێبی «لەبارەی نووسینەوە قسە بکە» کە ناوونیشانە سەرەکییەکەی (On Writing)ـە، لە نووسینی (یودۆرا وێڵتی – Eudora Welty)، بەرھەم و شاکارێکی ترە.

کتێبی «لەبارەی نووسینەوە قسە بکە»، ڕێبەرێکی ھەنگاو بە ھەنگاوی نووسین نییە، بەڵکو تێڕامانێکی ئەدەبی و شاعیرانەیە لەبارەی ماھیەتی چیرۆک، سەرچاوەکانی خەیاڵ و پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی نێوان ژیان و نووسین. وێڵتی کە یەکێکە لە گرنگترین نووسەرە ئەمریکییەکانی سەدەی بیستەم و براوەی خەڵاتی پۆلیتزەرە، لەم کتێبە کورت بەڵام قووڵ و چڕەدا دەکۆشێت لە ڕێگەی ئەزموونی ژیانی خۆیەوە لە نھێنیی ئافڕندنی ئەدەبی نزیک ببێتەوە؛ ئەو نھێنییانەی کە بە بڕوای ئەو، ھەرگیز بە تەواوی ناتوانرێت ڕوون بکرێنەوە.
بۆ یەکەمجار کتێبی «لەبارەی نووسینەوە قسە بکە» بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ساڵی ٢٠٠٢ بڵاوکرایەوە، بەڵام پێشتر بابەتەکانی وەک کۆمەڵە وتارێکی وێڵتی بە ناوونیشانی «چاوی چیرۆک» بڵاو کرابوونەوە. ئەم بەرھەمە لە حەوت بەشی کورت پێک دێت و دەپڕژێتە سەر بابەتگەلێکی وەک شوێن، کات، بیرەوەری، دەنگ، زمان، خەیاڵ و ئەزموونی ژیانی نووسەر؛ ئەو توخمانەی کە لە ڕوانگەی وێڵتییەوە بناغە سەرەکییەکانی چیرۆکنووسینن.

ھەر چیرۆکێک لە شوێنێکەوە دەست پێدەکات
یەکێک لە گرنگترین چەمکەکانی کتێبەکە، «شوێن»ە لە چیرۆکدا. وێڵتی پێی وایە شوێن تەنیا پاشبنەمایەک نییە بۆ ڕوودانی ڕووداوەکان، بەڵکو ھێزێکی زیندوو و فۆڕموولەدەریشە کە کاریگەریی لەسەر کەسایەتییەکان، پەیوەندییەکان و تەنانەت زمانی چیرۆکەکەش دادەنێت. ئەو کە بەشێکی زۆری بەرھەمەکانی لە ویلایەتی میسیسیپی نووسیوە، سوودی لە ئەزموونی کەسیی خۆی وەرگرتووە بۆ ئەوەی نیشانی بدات چۆن نووسەرێک دەتوانێت لە چەقی جوگرافیایەکی ئاشناوە بگاتە ڕاستییەکی گەردوونی. لە ڕوانگەی ئەوەوە، ھەر چیرۆکێک ناچارە لە شوێنێک ڕەگ دابکوتێت و ئەم ڕەگداکوتانەش نەک بەربەست نییە، بەڵکو سەرچاوەی ڕەسەنایەتیی بەرھەمەکەیە.
لە تەک شوێن، چەمکی «کات»ـیش پێگەیەکی تایبەتی لە ئەندێشەی وێڵتیدا ھەیە. ئەو، کات تەنھا وەک گرێدەری ڕووداوەکان نابینێت، بەڵکو بە بەشێک لە ئەزموونی مرۆیی ھەژماری دەکات کە لە بیرەوەری، ھەست و گێڕانەوەدا دەگۆڕدرێت. لە ڕوانگەی ئەم ژنە نووسەرەوە، کاتی چیرۆک جیاوازە لە کاتی ڕاستەقینە و ڕابردوو و ئێستا لە مێشکی کەسایەتییەکان تێکەڵ دەبن و گێڕانەوە دەتوانێت ساتێکی کورت بکاتە جیھانێکی بەرفراوان. لەبەر ئەم ھۆکارەیە کە وێڵتی ئامۆژگاریی نووسەران ناکات تەنیا ڕووداو و بەسەرھاتەکان بگێڕنەوە، بەڵکو داوایان لێدەکات کە دووبارە ئەزموونی کات لە چیرۆکەکەدا بخوڵقێنرێتەوە.
ئەو بەشانەی کە پەیوەندییان بە بیرەوەرییەوە ھەیە، جوانترین بەشەکانی کتێبەکەن. وێڵتی بیرەوەری وەک کۆگایەکی خاوی چیرۆکەکان تەماشا ناکات؛ بەڵکو وەک ھێزێکی داھێنەری دەیبینێت کە ئەزموونەکان دەگۆڕێت و مانایان پێ دەبەخشێت. نووسەری کتێبی «لەبارەی نووسینەوە قسە بکە»، چەندین جار جەخت لەوە دەکاتەوە نووسەر تەنیا حەقیقەتی ژیانی خۆی تۆمار ناکات، بەڵکو لە خەیاڵیدا لە فیلتەریشیان دەدات. ھەر بۆیەشە سنووری نێوان یادەوەری و چیرۆک ھەرگیز ڕوون نییە و ھەر ئەم ڕوانگەیەیە کە کتێبی «لەبارەی نووسینەوە قسە بکە» دەکاتە بەرھەمێک کە لە یادداشتنووسینی ئەدەبییەوە نزیکە.
باسی زمانیش لە کتێبەکەدا پێگەیەکی گرنگی ھەیە. وێڵتی زمان وەک ئامرازی گواستنەوەی مانا نابینێت، بەڵکو وەک خودی ئەزموونەکە دەیبینێت. بە بڕوای ئەو، نووسەر لە ڕێگەی ھەڵبژاردنی وشەکان، ئاوازی ڕستەکان و مۆسیقای شاراوەی دەقەکەوە، جیھانێکی نوێ دەخوڵقێنێت. لەم ڕوانگەیەوە، نووسین تەنیا دەربڕینی بیرۆکەیەک نییە؛ بەڵکو پڕۆسەیەکە کە تێیدا مانا و زمان ھاوکات فۆرموولە دەبن. ئەو لەبری پێدانی ڕێنمایی تەکنیکی، ھەستیاریی نووسەر بەرامبەر بە وشەکان بەھێز دەکات و وەبیری دێنێتەوە کە زمان زیندووترین کەرەستەی خاوی ئەدەبیاتە.

ئەو شوێنەی وشەکان گیانیان دەبەر دەکرێت
یەکێکی تر لە تەوەرە سەرەکییەکانی کتێبی «لەبارەی نووسینەوە قسە بکە»، پرسی «دەنگ – Voice»ـە. وێڵتی پێی وایە ھەر نووسەرێک دەبێت دەنگی تایبەتی خۆی بدۆزێتەوە؛ دەنگێک کە لاساییکردنەوەی ئەوانی تر نییە، بەڵکو لە ئەزموونی تاکەکەسی و ڕوانینە ناوازەکەی خۆیەوە بۆ جیھان سەرچاوە دەگرێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، دەنگی نووسەر شتێکە لەسەرووی شێوازی نووسینەوە، جۆرێکە لە ئامادەیی مرۆیی کە خوێنەر لە دەقەکەدا ھەستی پێ دەکات، تەنانەت ئەگەر نەشتوانێت بە وردی ڕوونی بکاتەوە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.
بەڵام ڕەنگە گرنگترین بەشی کتێبەکە ئەو شوێنە بێت کە وێڵتی باس لە «نھێنی»ـی چیرۆکنووسین دەکات. ئەو بە پێچەوانەی زۆرێک لە نووسەران و ڕەخنەگران کە دەکۆشن ئەفڕندن و داھێنانی ئەدەبی لە کۆمەڵێک ڕێسا بچووک بکەنەوە، پێی وایە بەشێک لە پڕۆسەی نووسین ھەمیشە بە نەناسراوی دەمێنێتەوە. کەسی ئارەزوومەند دەتوانێت دەربارەی تەکنیکەکانی چیرۆک، پێکھاتە و دروستکردنی کەسایەتییەکانەوە شت فێرببێت، بەڵام ئەو ساتەی کە چیرۆکەکە گیانی تێدەزێت و دەبێتە شاکارێکی ھونەری، وەک ڕەمز و نھێنییەکە. وێڵتی ئەم ڕەھەندە نھێنییە نەک وەک خاڵی لاوازی، بەڵکو وەک جوانیی ئەدەبیات دەبینێت.
لەم نێوەندەدا، دەکرێت کتێبی «لەبارەی نووسینەوە قسە بکە» لە تەک بەرھەمە بەناوبانگەکەی تریدا واتە «دەسپێکی نووسەرێک – »یش بخوێنرێتەوە؛ کتێبێک کە تێیدا وێڵتی باسی منداڵی، خێزان و فۆرموولەبوونی ڕوانگەی ئەدەبیی خۆی دەکات و نیشانی دەدات چۆن ژینگە، یادەوەرییەکان و ئەزموونەکانی ڕۆژانە دەبنە کەرەستەی سەرەکیی چیرۆک. ئەگەر کتێبی «دەسپێکی نووسەرێک» دەپڕژێتە سەر سەرچاوەکانی فۆرموولەبوونی نووسەرێک، کتێبی «لەبارەی نووسینەوە قسە بکە» تێڕامانێکە لە چۆنیەتیی گۆڕینی ئەو ئەزموونانە بۆ ئەدەبیات.
ئەوەی کتێبی «لەبارەی نووسینەوە قسە بکە» لە زۆربەی کتێبە ھاوشێوەکانی جیا دەکاتەوە، تۆنەکەیەتی. وێڵتی وەک مامۆستا دەرناکەوێت؛ ئەو وتاربێژ یان تیۆریداڕێژەریش نییە. تۆنی زیاتر لە نووسەرێک دەچێت کە دوای ساڵیانێک ئەزموون، بە ئارامی و خاکەڕاییەوە لەبارەی ئەو شتانە دەدوێت کە فێریان بووە. ھەر ئەم تایبەتمەندییەشە کە وا دەکات کتێبەکە بە قەدرا نووسەرە گەنجەکان، سەرەنجی نووسەرە پڕۆفیشناڵەکانیش ڕاکێشێت. خوێنەر ھەست ناکات لەبەردەم کۆمەڵێک ئامۆژگاریی فێرکاریدایە؛ بەڵکو وەک ئەوە وایە لە گفتوگۆیەکی دۆستانەدا بێت لەگەڵ یەکێک لە گەورەترین چیرۆکنووسەکانی سەدەی بیستەم.

کتێبێک کە پرسیارێکی گرنگ دەخاتە ڕوو
کتێبی «لەبارەی نووسینەوە قسە بکە»، کتێبێکە دەربارەی ھونەری بینین؛ دەربارەی ئەوەی چۆن نووسەرێک تەماشای جیھان دەکات و چۆن لە چەقی شوێن، کات، بیرەوەری و زمان، چیرۆکێک ئەخوڵقێنێت کە دەتوانێت ڕەنگدانەوەی ئەزموونی مرۆیی بێت. ئەم بەرھەمە کورتە ڕەنگە وەڵامێکی بنبڕ نەبێت بۆ پرسیاری «چۆن چیرۆک بنووسین؟»، بەڵام پرسیارێکی گرنگتر دەخاتە ڕوو: «بۆچی دەنووسین؟» و ھەر ئەم پرسیارەشە کە کتێبەکە دەکاتە بەرھەمێکی نەمر. بۆ ھەر کەسێک کە خولیای ئەدەبیاتی چیرۆکیی ھەیە، کتێبی «لەبارەی نووسینەوە قسە بکە» تەنیا کتێبێک نییە دەربارەی نووسین، بەڵکو تێڕامانێکی قووڵە دەربارەی ماھیەتی داھێنان و پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ گێڕانەوەدا.
لە سەرەتای کتێبەکەدا پێشەکییەک لەلایەن (ڕیچارد باش)ـەوە نووسراوە کە سوودی زۆری ھەیە بۆ ناسینی جیھان و جیھانبینیی (یودورا وێڵتی). خراپ نییە ئەم وتارە بە پەڕەگرافێک لە وتاری «ئەو وشانەی کە دەبنە چیرۆک»ی کتێبەکە کۆتایی پێبھێنین:

«ئێمە لە سفرەوە دەست پێدەکەین، بەڵام وشەکان نا. ھەر ئەم بابەتەیە کە زۆر زۆر گرنگە. ئەگەرچی ئێمە لە باوەشی زمان گەورە دەبین، کەچی وشەکان لە ئەفڕاندنی بەرھەمێکی چیرۆکی جیاوازن لە بەکارھێنانیان بۆ سڵاو و ئەحواڵپرسییەکی سادەی تەلەفۆنی، ڕێک وەک بەکارھێنانی ڕەنگ و ڕۆن لەسەر قوماشی تابلۆی نیگارکێشان.
چیرۆکنووسان ھەوڵ دەدەن بە نووسینی چیرۆک ئەم بازدانە ڕاستەقینەیەی نێو تاریکی تاقی بکەنەوە. بە دڵنیاییەوە ئەوان ئەم بوێرییەیان کەشف کرد و بە خوێندنەوە ئەم ئارەزووەیان گەشە پێدا. بە ڕای من، ئەو کاتە خوێندنەوە کاریگەری لەسەر ئێمە دادەنێت کە جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان ڕۆماننووس و خوێنەر دروست ببێت کە تیایدا بتوانین پێشبینی ئەوە بکەین نووسینی ڕۆمانێک چ مانایەکی ھەیە، یان دەتوانێت چ مانایەکی ھەبێت.»

سەرچاوە:
ماڵپەڕی ئەدەبی وینش – vinesh