ماكوان عێزەت – هەولێر
نەخۆشیی لەبیرچوونەوە یان تێکچوونی دەمارەکانی مێشک ناسراو بە زەهایمەر باوترین جۆریەتی، بووەتە یەکێک لە گەورەترین هەڕەشە تەندروستییەکان بۆ سەر کەسانی بەساڵاچوو، بە جۆرێک ژمارەی تووشبووان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە هەڵکشاندایە. هەرچەندە زەهایمەر لە ڕووی جەستەییشەوە کار دەکاتە سەر هەڵسوکەوت و شێوازی جووڵەی نەخۆش، بەڵام مەترسیدارترین کاریگەریی بریتییە لە سڕینەوەی هێواشهێواشی یادەوەری، مێژوو و کۆیادی مرۆڤ. لەبەر ئەوەی تا ئێستا چارەسەرێکی بنبڕی نییە، خۆپارێزی دەبێتە تاکە هێڵی بەرگریی بەهێز لە بەرامبەر ئەم پەتایەدا.
توێژینەوە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەستکاریکردنی شێوازی ڕۆژانەی ژیان، گرنگترین فاکتەری پاراستنی مێشکە، لە ڕێگەی گرتنەبەری شەش هەنگاوی سەرەکی:
• پیاسەکردنی ڕێکوپێک و بەردەوام: توێژینەوە زانستییەکان دەریانخستووە کە ڕۆژانە ٣٠ بۆ ٤٠ خولەک بەپێ ڕۆیشتن، بەتایبەت بۆ سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا، دەبێتە هۆی چالاککردنەوە و نوێبوونەوەی خانەکانی مێشک و بەهێزکردنی توانای بیرهاتنەوە لە قۆناغی بەساڵاچووندا.
• وازهێنان لە جگەرەکێشان: دەرئەنجامی سەرجەم لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان دەیسەلمێنن مەترسیی تووشبوون بە زەهایمەر لە نێو جگەرەکێشەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزترە بەراورد بە کەسانی ئاسایی؛ دوورکەوتنەوە لە دووکەڵی جگەرە هەنگاوێکی خێرایە بۆ کەمکردنەوەی ژەهراویبوونی خانەکانی مێشک.
• پاراستنی سەر لە زەبر و پێکدادان: سەری مرۆڤ ناوەندی کۆنترۆڵی جەستەیە و بچووکترین زیانکاری لەوانەیە ئاکامی درێژخایەنی لێ بکەوێتەوە. ئامارەکان ئاشکرای دەکەن کە یاریزانانی بۆکسێن و ئەو سەربازانەی لە بەرەکانی جەنگدا تووشی زەبری توندی سەر دەبن، زۆر زیاتر لە کەسانی ئاسایی ئەگەری تووشبوونیان بە زەهایمەر لێ دەکرێت.
• وەرزشی مێشک؛ یاریی وشە و مەتەڵ: بەپێی توێژینەوەیەکی زانستی، ئەو کەسانەی ڕۆژانە مێشکیان بە چارەسەرکردنی خشتەی وشە و شیکارکردنی مەتەڵەوە سەرقاڵ دەکەن، خانەکانی مێشکیان پارێزراوتر دەبن لە پەککەوتن، هەرچەندە توێژینەوەکە ئاماژە بەوەش دەکات لە کاتی دەرکەوتنی نەخۆشییەکەدا لەم کەسانە، ڕەنگە خێرایی گۆڕانکارییەکان کەمێک خێراتر بێت.
• پەیڕەوکردنی شێوازی تەندروستی ژیان: د. لۆرا فیلیپس، پسپۆڕ لە دامەزراوەی توێژینەوەی زەهایمەر لە بەریتانیا، ئاماژە بەوە دەکات گرتنەبەری ژیانێکی هاوسەنگ باشترین بەربەستە. بە بڕوای ناوبراو، وەرزشی بەردەوام، کۆنترۆڵکردنی کێش و چاودێریکردنی پەستانی خوێن بە تەواوی مێشک لە داهێزران دەپارێزن.
• سیستمی خۆراکیی دەریای ناوەڕاست (میدیتریانە): بەپێی بەڵگە زانستییەکان، بەرنامەی خۆراکیی دەریای ناوەڕاست ئەگەری لەبیرچوونەوە کەم دەکاتەوە، کە پشت بە خواردنی ماسی، سەوزەوات، میوە، دانەوێڵە تەواوەکان و چەرەزات دەبەستێت؛ هاوکات پزیشکان هۆشداری دەدەن کە زیادەڕۆیی لە خواردنی هەندێک میوەی وشککراوەی وەک قەیسی یان چەرەزاتی پڕچەوری وەک فستق لە تەمەنی سەروودا باشترە سنووردار بکرێت.

