ماكوان عێزەت – هەولێر
هاوکات لەگەڵ رۆژی جیهانیی فریاگوزاریی سەرەتاییدا، هۆشیاریی تاکەکان سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوی کوتوپڕ و لەناکاودا دەبێتە پردێک بۆ بەخشینەوەی ژیان پێش گەیشتنی نەخۆش بە ناوەندە پزیشکییەکان. شارەزایانی تەندروستی جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە کاتی هەر بارێکی لەناکاو، پێویستە دەستبەجێ پەیوەندی بە هێڵی گەرمی فریاکەوتنی خێرا (١٢٢)ەوە بکرێت.
فریاگوزاریی سەرەتایی بریتییە لەو چاودێری و چارەسەرە خێرایانەی پێشکەش بە کەسی بەرکەوتوو دەکرێن تا کاتی گەیاندنی بە نەخۆشخانە. لەم بارەیەوە، د. کاروان یاسین نانەکەلی، پزیشکی پسپۆڕی فریاکەوتن، روونی دەکاتەوە کە باری لەناکاو بریتییە لە هەر دۆخێکی هەڕەشەکەر لەسەر ژیانی مرۆڤ، کە پێویستی بە کاردانەوەیەکی خێرا و لێهاتووانە هەیە.
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی باری لەناکاو:
• رووداوە کتوپڕەکان: پێکدادانی هاتوچۆ، کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی، خنکان، سووتان، تەقینەوە و بریندارییەکانی شەڕ.
• نەخۆشییە کتوپڕەکان: جەڵتە و وەستانی لەناکاوی دڵ و مێشک، دۆخی شۆک و دابەزینی توندی شەکری خوێن.
ئامانجە سەرەکییەکانی فریاگوزاری:
• پاراستنی ژیانی کەسی تووشبوو پێش گەیشتنی تیمی پزیشکی.
• رێگری لە ئاڵۆزتربوونی دۆخی تەندروستیی بریندار یان نەخۆش.
• کەمکردنەوەی ئێش و ئازار.
• برەودان بە گیانی هاوکاری و بەرپرسیارێتیی مرۆیی لەناو کۆمەڵگەدا.
تایبەتمەندییەکانی کەسی فریاگوزار:
• دانبەخۆداگرتن و دوورکەوتنەوە لە ترس و دڵەڕاوکێ، چونکە شڵەژان توانای بڕیاردان پەکدەخات.
• هەبوونی زانیاریی سەرەتایی لەسەر توێکاریی لەش، فەرمانی ئەندامەکان و شێوازی بەرەنگاربوونەوەی بارە نائاساییەکان.
• گرتنەبەری رێکاری پاراستنی سەلامەتیی خۆی پێش دەستپێکردنی هاوکاری، بەجۆرێک خۆی لە مەترسیی ژینگەی رووداوەکە و نەخۆشییە گوازراوەکان بپارێزێت.
هەنگاوە سەرەکییەکانی فریاگوزاریی سەرەتایی (بناغەی پاڵپشتیی ژیان):
١. هەڵسەنگاندنی باری هۆشیاری: لە رێگەی پرسیاری سادەوە (وەک: ناوت چییە؟ باسی دۆخت بکە) هەوڵی وەڵامدانەوەی نەخۆشەکە بدە. ئەگەر وەڵامی نەبوو، بە هێواشی شانی بهەژێنە؛ لە ئەگەری نەبوونی هەر کاردانەوەیەکدا، نەخۆشەکە بێهۆشە و دەبێت دەستبەجێ داوا لە دەوروبەر بکرێت یان خۆت پەیوەندی بە ژمارە (١٢٢)ی فریاکەوتنەوە بکەیت.
٢. پاککردنەوە و کردنەوەی رێڕەوی هەناسە (Airway): ئەگەر نەخۆش قسەی کرد، رێڕەوی هەناسەی کراوەیە. بەڵام ئەگەر بێهۆش بوو:
• نەخۆشەکە لەسەر پشت درێژ بکە و سەری بۆ دواوە بچەمێنەرەوە و چەناگەی بەرز بکەرەوە بۆ کردنەوەی رێڕەوی هەوا.
• ناو دەمی بە وریایی لە خوێن، لیک، ددانی شکاو، تاقمی ددان یان پاشماوەی رشانەوە پاک بکەرەوە، هەروەها لووتی ئەگەر گیرابوو خاوێن بکرێتەوە.
٣. پشکنینی هەناسەدان و بەخشینی هەناسەی دەستکرد (Breathing): رووخسارت لە دەم و لووتی نەخۆشەکە نزیک بکەرەوە و سەرنجی جووڵەی سنگ و دەنگی هەناسەدانی بدە:
• ئەگەر هەناسەی وەستابوو، پێویستە دەستبەجێ هەناسەی دەستکرد بدرێت: دەمی نەخۆشەکە دابپۆشە و لووتی دابخە (دەم بۆ دەم)، هەناسەیەکی قووڵی پێدا بکە و چاودێریی بەرزبوونەوەی سنگی بکە؛ یان لە رێگەی (دەم بۆ لووت)ەوە ئەگەر دەمی نەکرایەوە.
• رێژەی هەناسەی دەستکرد ٨ تا ١٠ جار دەبێت لە خولەکێکدا تا گەڕانەوەی هەناسەی ئاسایی.
٤. پشکنینی سووڕی خوێن و لێدانی دڵ (Circulation): لە رێگەی دەستخستنە سەر خوێنبەری مل (Carotid Artery) یان گوێگرتن لە سنگ، لە بوونی لێدانی دڵ دڵنیا بەرەوە؛ لە ئەگەری نەمانی لێدانی دڵ، پێویستە دەستبەجێ پرۆسەی بووژانەوەی دڵ و سییەکان (CPR) ئەنجام بدرێت، هاوکات چاودێریی برینەکان بکرێت تا لە نەبوونی خوێنەچۆڕەی مەترسیدار دڵنیایی بەدەست بێت.

