رۆژنامەی ھەولێر

لە پۆڵەندا هونەرمەندێکی کورد هەست و ناسنامەی کوردی لە پێشانگەیەکی شێوەکاری نمایش کرد

عەبدولغەفار عەبدوڵا

 

ئاشنا دەوڵەت، خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کورد، بەشداری پێشانگەیەکی هاوبەشی شێوەکاری لە ژێر ناونیشانی “هونەری بێسنوور” کرد، کە لە وڵاتی پۆڵەندا لە ماڵە کولتووریەکەی ‘وێنتشیتسا’دا کرایەوە.

ئاشنا دەوڵەت، خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کورد بۆ هەولێر قسەی کرد و گوتی: لە ستۆکهۆڵمی سوید، کۆمەڵێک هونەرمەندی کوردین بەردەوام لە چالاکییە هونەرییەکاندا کۆ دەبینەوە و هەوڵ دەدەین لە رێگەی بەرهەمەکانمانەوە ناسنامە و کولتووری کوردی پیشان بدەین. لە دوایین چالاکیماندا، نزیکەی سێنزە هونەرمەند بەشداریمان لە پێشانگەیەکی هاوبەش لە پۆڵۆنیا کرد. بەشێکمان لە سویددا دەژیین و بە هۆی دوورییەوە نەمانتوانیوە خۆمان ئامادە بین، بەڵام بەرهەمەکانمان بۆ پێشانگەکە نێردراوە.
گوتیشی: من لە رێگەی ئەم تابلۆ هونەرییەوە هەوڵم داوە بەشێک لە هەست و بیر و یادەوەرییە ناوخۆییەکانم دەرببڕم؛ بە تایبەتی ئەو هەستانەی کە پەیوەندییان بە نیشتمان، ماڵ، ناسنامە و ژیانی مرۆڤی کۆچبەرەوە هەیە.
ئاشنا دەوڵەت باس لە دوورکەوتنەوە لە نیشتمان دەکات و دەڵێت: دوورکەوتنەوە لە نیشتمان و ماڵ و خێزان و ئەو شارەی مرۆڤی تێیدا گەورە بووە، هەستێکی قووڵی بە لەدەستدان لە ناخی مرۆڤدا دروست دەکات. بۆ منیش، ئەم دوورییە بووەتە سەرچاوەی زۆرێک لە بیر و هەستەکانی ناو بەرهەمەکانم. کاتێک دوای ساڵان دەگەڕێمەوە کوردستان، هەندێک شوێن و بینا و کۆڵان و ماڵ لە یادەوەرییەکانمدا هەر وەک خۆیان ماونەتەوە، بەڵام کاتێک بە چاوی راستی سەیریان دەکەم، دەبینم زۆر شت گۆڕاوە. ئەم جیاوازییەی نێوان ئەوەی لە یادماندا ماوە و ئەوەی لە راستیدا هەیە، هەستێکی تایبەتی لە مندا دروست دەکات و دەمەوێت لە رێگەی هونەرەوە دەریببڕم.
ئاشنا دەوڵەت جەختی لەوەش کردەوە: لە تابلۆکەم دا، ماڵ، بینا، باڵەخانە، دەرگا، پەردە، نەخش و هەندێک لە شوێنەوارە کۆنە کوردییەکان بە شێوەیەکی رەمزی بەکارهاتوون. بۆ من ماڵ تەنیا چوار دیوار و بینایەک نییە؛ ماڵ بۆ من نیشانەی ئارامی، ئاسایش، دڵنیایی و ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ تێیدا هەستی خۆبوون و سەربەخۆیی دەکات. بۆیە کاتێک مرۆڤ لە ماڵ و نیشتمانەکەی دوور دەکەوێتەوە، ئەوە تەنیا دوورییەکی جەستەیی نییە، بەڵکو جۆرێک لە دوورییەکی دەروونییە.
دەربارەی مرۆڤی کۆچبەر، ئاشنا دەوڵەت دەڵێت: مرۆڤی کۆچبەر زۆرجار لە نێوان دوو جیهاندا دەژیێت. لە نیشتمانەکەی هەست بە غەریبی دەکات، چونکە شوێن و کات گۆڕاون و، لە وڵاتی میوانیش هەندێک جار هەستی جیاوازی و بێگانەیی دەکات. ئەم دۆخە بەردەوام لە ناخی مرۆڤدا پرسیارێک دروست دەکات؛ من لە کوێم و شوێنی راستەقینەی من کوێیە؟
ئەوەشی گوت: ئەم هەستە بە بۆچوونی من تەنیا هەستی تاکەکەسی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ئەزموونی هاوبەشی زۆرێک لە کۆچبەرانی کورد. زۆرێک لە کوردان بە هۆی بارودۆخی جیاواز، چ بە خواستی خۆیان و چ بە ناچاری، لە دەرەوەی نیشتمان ژیان دەکەن و لە نێوان دوو کولتوور و دوو ژینگەدا گەورە دەبن. بە تایبەتی نەوەی دووەمی کۆچبەران، لە یەک لایەن بە کولتووری نیشتمانەکەی دایک و باوکیانەوە پەیوەندییان هەیە و لە لایەکی دیکەوە لە کولتووری وڵاتی میواندا گەورە دەبن.
ئاشنا دەوڵەت باس لە سارد و سڕی تابلۆکەی دەکات و دەڵێت: لە تابلۆکەمدا، ساردی و چۆڵیی سروشتیش هەڵگری واتایەکی ناوخۆیین. ئەو سروشتە سارد و بێدەنگە بۆ من وێنەیەکی ئەو هەستەیە ساڵانە لە ناخمدا هەڵمگرتووە؛ هەستی مرۆڤێک کە بە دوای راستیی ناوخۆیی خۆیدا دەگەڕێت و هێشتا ناتوانێت بە تەواوی شوێنی خۆی لە جیهاندا دیاری بکات.
ئاشنا دەوڵەت ئاماژەی بەوەش دا: ئەم تابلۆیەی لەو پێشانگەیە نمایشم کرد، بە بۆیەی ئەکریلیک و بە شێوازی ئەبستراکتی راستی دروست کراوە. لە دروستکردنی ئەم بەرهەمەدا هەوڵم داوە سروشتی وڵاتی غەریب و سروشتی نیشتمانی دایک لەگەڵ هەست و فانتازیای کەسی خۆم تێکەڵ بکەم، بۆ ئەوەی ئەو ململانێیەی ناوەوە بە زمانی وێنە و رەنگ بگوازمەوە.
ئاشنا دەوڵەت باس لە گرنگیی بەشداریکردنی لەو پێشانگەیە دەکات و دەڵێت: بەشداریکردنم لەم پێشانگەیە لە پۆڵۆنیا بۆ من گرنگە، چونکە هونەر سنووری جوگرافیایی ناناسێت. ئەگەر هونەرمەند بتوانێت هەستێک لە دڵی مرۆڤێکەوە بگوازێتەوە بۆ دڵی مرۆڤێکی دیکە، ئەوا پەیامەکەی گەیشتووە، تەنانەت ئەگەر زمان و نیشتمان و کولتوورەکانیش جیاواز بن.
ئاشنا دەوڵەت، خانمە هونەرمەندی شێوەکاری کوردە، ساڵی ١٩٦٩ لەدایک بووە و خوێندنی هونەری لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواو کردووە؛ ساڵی ١٩٩٤ چووەتە سوید و لەو ساڵەوە نیشتەجێی سویدە و، لەگەڵ کاری ئەندازیاریی ئاو و ئاوبەریدا، بەردەوام لە بواری هونەر و نیگارکێشیدا چالاکە. ئاشنا یەکەم پێشانگەی تایبەتی ساڵی ١٩٩٥ لە سوید کردەوە و تا ئێستا لە پێشانگە و چالاکییە هونەرییەکان لە کوردستان، سوید و چەندین وڵاتی جیهان بەشداری کردووە. هەروەها دامەزرێنەر و رێکخەری کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی هونەری لە سلێمانی بووە.