ئاریان دەرگەلەیی – ههولێر
لە كاتێكدا جیهان یادی ڕۆژی جیهانیی هەوای پاك دەكاتەوە، ژینگە و هەوای عێراق و هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی مەترسیدار و هەستیاردا تێدەپەڕێ؛ بەپێی دوایین ئامار و پێوەرە جیهانییەكان، كێشەی پیسداگەڕانی هەوا بووەتە یەكێك لە گەورەترین هەڕەشەكان بۆ سەر تەندروستیی گشتی و هاوسەنگیی سروشت، بە جۆرێك كە عێراق و ناوچەكە ڕووبەڕووی ئاستەنگە قورسترینەكانی گۆڕانی كەشوهەوا بوونەتەوە.
عێراق لە ڕووی كارایی و پاراستنی ژینگەوە لە كۆی ١٧٧ وڵاتی جیهاندا لە ڕیزبەندی ١٦٦ـدایە، ئەمەش پیشان دەدات كە دۆخی ژینگەیی وڵاتەكە لە دۆخێكی مەترسیدار و نزیك لە كۆتایی ڕیزبەندییەكەدایە، كە هەرێمی كوردستانیش بەدەر نیە لەو كێشە ژینگەییانە.
نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی ٢٠١٩ وە بڕیاری دا كە رۆژی ٧ـی ئەیلولی هەموو ساڵێك وەك رۆژی جیهانیی هەوای پاك بۆ ئاسمانی شین بناسێنێت، بۆ یەكەم جاریش لە ساڵی ٢٠٢٠ ئەم رۆژە جیهانییە یاد كرایەوە.
ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، وەكو ریكخراوێكی ژینگەیی لە هەرێمی كوردستان پێی وایە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و مرۆیی، هۆكارە سەرەكییەكانی تێكچوون و پیسداگەڕانی ژینگە و هەوا لە كوردستان و عێراقدا لەگەڵ خستنەڕووی داتا و ئامارە مەترسیدارەكان دەستنیشان دەكەین كە بریتین لە:
پاڵاوگە نایاساییەكان
لە ڕابردوودا بوونی (١٣٨) پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر و بەشێك لە پارێزگاكانی تر، كە بەبێ مەرجی ژینگەیی كاریان دەكرد، ڕۆژانە بڕێكی زۆر لە گازە ژەهراوییەكان بڵاو دەكردەوە، كە زۆرینەیان لە نزیك شارەكان بوون.
كەرتی گواستنەوە و سووتەمەنی
بوونی زیاتر لە (٢ملیۆن و ٤٠٠هەزار) ئۆتۆمبێلی ژمارەی هەرێم، هاوكات لەگەڵ سووتاندنی (٥ بۆ ٦ ملیۆن) لیتر یان تەن سووتەمەنی، كە ڕۆڵێكی سەرەكییان لە پیسكردنی هەوادا هەیە.
مۆلیدە ئەهلییەكان
بوونی (٧هەزار) مۆلیدەی ئەهلی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبای ماڵان، ئەمەش سەرەڕای بوونی مۆلیدەی هۆتێل، بازاڕ، شوێنە گشتییەكان، فەرمانگە حكومییەكان و پڕۆژە بازرگانییەكان، كە بەشێكی زۆریان بەبێ بەستنی فلتەری پێشكەوتوو دووكەڵ و ژاوەژاوێكی زۆر بڵاو دەكەنەوە.
پاشماوە و خاشاك
بەرهەمهێنانی بڕێكی زۆر لە پاشماوە كە تەنها لە ڕۆژێكدا دەگاتە نزیكەی (٧هەزار) تۆن پاشماوە، و فڕێدان و سووتاندنی هەڕەمەكییان لە زبڵخانەكاندا كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژەهراویبوونی هەوا هەیە.
كارگەكان و چیمەنتۆسازی
كەمتەرخەمیی بەشێك لە كارگەكانی چیمەنتۆ و خشت و ئاسنگەری لە جێبەجێكردنی ڕێوشوێنە ژینگەیییەكان و پاككەرەوەی دووكەڵ.
كەمیی ڕووبەری سەوزایی و بڕینەوەی دارستانەكان
لەناوچوونی ڕووبەرێكی بەرفراوانی درەخت و پشتبەستن بە نەخشەی كۆنكریت و كاولكردنی كێڵگە و دارستانەكان، سەرەڕای دیاردەی وشكەساڵی و بەبیابانبوون.
لەسەر بنەمای ئەم مەترسییانە، ئێمە لە ڕێكخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، جەخت لەسەر پێویستیی هەنگاوی بەپەلە و هاوبەشی نێوان حكوومەت، ڕێكخراوەكان و هاووڵاتیان دەكەینەوە بۆ گواستنەوە بەرەو سەرچاوەكانی تیشك و هەوای خاوێن، بەهێزكردنی چاودێریكردنی كوالێتیی هەوا و، پاراستنی پانتاییە سەوزەكان پێش ئەوەی قەیرانەكە بگاتە ئاستێكی نەخوازراو.

