رۆژنامەی ھەولێر

بەشداریی بەڕێوەبەرێکی کورد لە پێشانگای نێودەوڵەتیی (PotatoEurope 2026)

عەبدولقەهار هەولێری

 

هانوڤەر _ ئەڵمانیا: کۆمپانیا هۆڵەندیەکەی (Agroplant Holland B.V) کە لە بواری دانە و بەرهەمی پەتاتەدا چالاکە، لە پێشانگای نێودەوڵەتیی (PotatoEurope 2026) بەشداری کرد.

لە چوارچێوەی ئەم ڕووداوە نێودەوڵەتییەدا، حسێن عوسمان عارف، بەڕێوەبەری کۆمپانیای ئەگرۆپلانت لە کوردستان و عێراق، ئامادەبوو لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیا و پسپۆڕانی بواری پەتاتە لە چەندین وڵات کۆببێتەوە و لەسەر ئەزموون، تەکنەلۆژیا و پەرەپێدانی بواری پەتاتە گفتوگۆ بکات.

• بەشداری لەم پێشانگایە چ دەرفەتێک بۆ ئێوە دروست دەکات؟
حسێن عوسمان عارف: ئەم پێشانگایە یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوەکانی بواری پەتاتە و دەرفەتێکی باشە بۆ بینینی نوێترین تەکنەلۆژیا، ناسین و هەڵسەنگاندنی جۆرە جیاوازەکانی دانە و شێوازە نوێیەکانی بەرهەمهێنان. هەروەها دەتوانین لەگەڵ کۆمپانیا و بەرهەمهێنەرانی جیهانی گفتوگۆ بکەین و لە ئەزموون و شارەزاییە نوێیەکان سوود وەربگرین.

• ئاگرۆپلانت (Agroplant) لە بازاڕی کوردستان و عێراق چ گرنگییەکی بە هەڵبژاردنی جۆر و کوالیتی دانەی پەتاتە دەدات؟
حسێن عوسمان عارف: هەڵبژاردنی دانەی گونجاو بنەمای سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی بەرهەمێکی باش. بۆیە گرنگە جۆرێک هەڵبژێردرێت کە لەگەڵ ژینگە، جۆری خاک و مەرجەکانی کشت لە ناوچەکە بگونجێت. ئامانجمان ئەوەیە دانە و بەرهەمی کوالیتی بەرز و گونجاو بگەیەنینە بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ و یارمەتییان بدەین بۆ باشترکردنی بەرهەمیان.

• بە بڕوای ئێوە، چۆن دەتوانرێت بواری پەتاتە لە کوردستان و عێراق زیاتر پەرە پێ بدرێت؟
حسێن عوسمان عارف: پەرەپێدانی ئەم بوارە پێویستی بە چەند هەنگاوێکی هاوبەش هەیە؛ لە بەکارهێنانی دانەی باش و تەکنەلۆژیای نوێوە بگرە تا ڕاهێنان و فێرکردنی بەرهەمهێنەران و بەکارهێنانی شێوازی دروستی کشت. هەروەها گرنگە بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ دەرفەتی زیاتر بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری، ڕاوێژی پیشەیی و تەکنەلۆژیای نوێیان هەبێت.

• ئایا ئەم بەشدارییە دەتوانێت ببێتە دەستپێکی هاوکاریی نوێ؟
حسێن عوسمان عارف: بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆمپانیا و پسپۆڕانی جیهانی دەرفەتێکە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و ناسینی تواناکانی یەکتر. هیوادارین ئەم پەیوەندییانە لە داهاتوودا ببنە هۆی هاوکاریی زیاتر، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و بەکارهێنانی ئەزموونی نوێ بۆ خزمەتکردنی بواری کشتوکاڵ، بە تایبەتی بواری پەتاتە، لە کوردستان و عێراق.

• لە کۆتاییدا، پەیامێکتان بۆ بەرهەمهێنەرانی پەتاتە هەیە؟
حسێن عوسمان عارف: پەتاتە یەکێکە لە بەرهەمە گرنگە کشتوکاڵییەکان و کوردستان و عێراق توانای زۆریان هەیە بۆ پەرەپێدانی ئەم بوارە. پێویستە بەرهەمهێنەران زیاتر گرنگی بە کوالیتیی دانە، زانیاریی زانستی، ڕاهێنان و تەکنەلۆژیای نوێ بدەن، چونکە ئەمانە بنەمای بەرهەمێکی باش، کەمکردنەوەی تێچوون و دروستکردنی بازاڕێکی بەهێز و بەردەوامن.