رۆژنامەی ھەولێر

ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی ٤٠٠ خێزانی دیکەی شنگال دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

گەڕی نۆیەمی گەڕانەوەی ئاوارە و کۆچبەرانی شنگال دەستی پێکردووە و لەم چوارچێوەیەدا، پرۆسەی تۆمارکردنی ناوەکان دەستی پێکردووە و ٤٠٠ خێزان دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، دەڵێت: تا ئێستا ٨٧٠ ھەزار ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان دەژین.دەشڵێ، حکوومەتی عێراق مافە شایستەکانی ئاوارەکانی فەرامۆش کردووە.

حکوومەتی عێراق بە ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال ھەڵنەستاوە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن، یەکێک لە خاڵەکان ئەوە بوو لەڕووی کارگێڕییەوە، قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاری بکرێت، کە سەربەخۆ و پیشەیی بێت، دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا بخشێنرێتەوە، لە ڕووی ئەمنییەوە، پێویستە تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ بگرن، ھەموو ڕێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور بخرێنەوە، لە ڕێگەی دامەزراندنی ٢٥٠٠ کەسەوە لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ، لایەنی ئاسایشی شارۆچکەکە بەھێز دەکرێت، کۆتاییھێنان بە بوونی ھێزی دەرەکی لە شنگال، لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە، لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە، بەڵام وەکو ھاووڵاتییان و بەرپرسانی شنگال، دەڵێن، نە ڕێککەوتننامەکە جێبەجێکرا نە عێراق و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ھاوکاریی خەڵکی شنگال دەکەن، دواخستنی بووە ھۆی خراپی دۆخی ناوچەکە و نەگەڕانەوەی خەڵکەکە، ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەو ئێزدییانەی تائێستا لەنێو کەمپەکاندا دەژین، لە دۆخێکی ناھەمواردان و لە زستان سەرما و لە ھاوینیش گەرما و ڕووداوی نەخوازراو تەنگیان پێ ھەڵچنیوە.
لە گەڕی نۆیەم ناوی زیاتر لە ٤٠٠ خێزان تۆمار دەکرێت و سەرجەم دانیشتووانی کەمپەکان دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن. وارڤین سەباح، بەرپرسی داتا و زانیارییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی دھۆک، ئاشکرای کرد، لە ھەشت گەڕی پێشوودا دەوروبەری ٢٣ ھەزار کەس گەڕاونەتەوە شنگال و لەم گەڕەشدا زیاتر لە ٤٠٠ خێزان دەگەڕێنەوە.
بەرپرسی داتا و زانیارییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی دھۆک، گوتیشی: گەڕانەوەکە بە خواستی خۆیانە و ھیچ گوشارێک لەسەر ئاوارەکان نییە، ھاوکات ئاسانکاری پێویستیشیان بۆ دەکرێت.
وارڤین سەباح، بەرپرسی داتا و زانیارییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی دھۆک، ڕوونیکردەوە، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا ١٧٢ خێزان لە کەمپی شاریا بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال ناوی خۆیان تۆمار کردووە، تا ئێستا ١٨ ھەزار خێزان لە کەمپەکان و ٣٧ ھەزار خێزانی دیکەش لە دەرەوەی کەمپەکان ماونەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: تا ئێستا ٨٧٠ ھەزار ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان دەژین، کە بەسەر ٢٧ کەمپدا دابەشبوونە.
سەبارەت بە نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ ڕەخنەی توندی لە حکوومەتی فیدراڵ گرت و ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق مافە شایستەکانی ئاوارەکانی ھەرێمی کوردستانی فەرامۆش کردووە، تا ئێستا ڕێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ نەکراوە و بوونی ھێزە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکە ڕێگرە لە گەڕانەوەی خەڵک بۆ سەر زێدی خۆیان.
سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ، جەختیشی کردەوە، حکوومەتی ھەرێم بە توندی دژی گەڕانەوەی زۆرەملێی ئاوارەکانە و دەبێت زەمینەی ئارام و شکۆمەندانە بۆ گەڕانەوەیان دابین بکرێت.