خەرمان کەمال پیرباڵ
هەر ساڵێکی نوێی خوێندن، لەگەڵ خۆیدا هیوا و ئامانجێکی نوێ دەهێنێت. کاتێک دەرگای قوتابخانەکان بە ڕووی قوتابیاندا دەکرێتەوە، تەنها قوتابییەکان نایەنەوە بۆ پۆل، بەڵکو دەرفەتێکی نوێش دەکرێتەوە بۆ فێربوون، گەشەکردن و دروستکردنی ئەزموونێکی نوێ.
ساڵی نوێی خوێندن نابێت تەنها گۆڕینی ساڵ لە تەقویمدا بێت، دەبێت دەرفەتێک بێت بۆ ئەوەی لە خۆمان بپرسین چۆن دەتوانین ئەم ئیمساڵە باشتر لە ساڵی پار بێت.
مامۆستا دەتوانێت بە وانەیەکی باشتر، پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ قوتابی و هەوڵدان بۆ ناسینی تواناکانی هەر قوتابییەک، بەشێک بێت لەو گۆڕانکارییە. قوتابییش دەتوانێت بە ئامانجێکی نوێ، هەوڵێکی زیاتر و باوەڕێکی زیاتر بە تواناکانی خۆی، ئەم دەستپێکردنە بکاتە هەنگاوێک بەرەو پێشەوە. لە پەروەردەدا، هەموو شتێک بە کتێب و وانە کۆتایی نایەت. قوتابی پێویستی بە ژینگەیەکی ئارام و هاندەر هەیە، ژینگەیەک کە تێیدا بتوانێت پرسیار بکات، هەڵە بکات، فێر ببێت و تواناکانی خۆی تاقی بکاتەوە.
قوتابی پێویستی بەوە هەیە هەست بکات کە قوتابخانە تەنها شوێنی تاقیکردنەوە و نمرە نییە، بەڵکو شوێنێکە بۆ دۆزینەوەی تواناکانی خۆی، فێربوونی کارکردن لەگەڵ کەسانی تر و ئامادەبوون بۆ ژیان.
هەروەها، ساڵی نوێ دەرفەتێکە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان قوتابخانە و خێزان. کاتێک مامۆستا و دایک و باوک بە هاوکارییەوە لە پێناوی گەشەی قوتابیدا هەنگاو دەنێن، ئەنجامەکە تەنها لە نمرەدا نابینرێت، بەڵکو لە کەسایەتی و متمانە و توانای قوتابییەوە دەردەکەوێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان.
لە هەمان کاتدا، نابێت لەبیرمان بچێت کە هەر قوتابییەک بە خێراییەکی تایبەت بە خۆی و بە شێوازی خۆی گەشە دەکات. بۆیە پێویستە لە ساڵی نوێدا سەرنجمان تەنها لەسەر ئەوە نەبێت کە قوتابی چەند نمرەی بەدەست هێناوە، بەڵکو ببینین چەند پێشکەوتووە و چ توانایەکی نوێی بەدەست هێناوە. پێویستە دەستپێكی نوێ ساڵێک بێت بۆ گەشەکردنی قوتابی، نوێبوونەوەی مامۆستا و هەنگاونانی هەردووکیان بەرەو داهاتوویەکی باشتر.
لەبەر ئەوە، گەڕانەوە بۆ قوتابخانە نابێت تەنها گەڕانەوە بۆ هەمان ڕۆژ و هەمان شێواز بێت، دەبێت هەنگاوێک بێت بەرەو باشترکردنی ئەوەی هەیە و دروستکردنی ئەوەی هێشتا نییە. چونکە هەر ساڵێکی خوێندن، کاتێک بەمانا دەبێت کە لە کۆتاییدا مرۆڤێکی گەشەکردووتر لەوەی سەرەتای ساڵ بەجێ بهێڵێت.

