رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆڵی پەروەردە لە بنیاتنانی ئاشتی و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستاندا

بەکر کەریم حەسەن*
(جۆن دیوی) پەروەردەكار و فەیلەسوفی ئەمریكی دەڵێ “پەروەردە ئامادەكاری نییە بۆ ژیان، پەروەردە خۆی ژیانە”.
پەروەردە بناغەی پاراستنی ئاشتی و كۆمەڵایەتی و بەهێزكردنی كولتووری پێكەوەژیانە لە هەرێمی كوردستان. بە تایبەت بەهۆی ئەوەی هەرێمەكەمان فرە پێكهاتەیە لە ڕووی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەوە.
بێگومان ڕۆڵی سەرەكیی پەروەردە لە چەسپاندنی پێكەوەژیان و بەهێزكردنی دەكەوێتە سەر چەند لایەنێك لەوانە:
-پەرەپێدانی پرۆگرامی خوێندن و داڕشتنەوە و نوێكردنەوە و هەمواركردنەوەی هەندێ بابەتی پڕۆگرامی خوێندن بە تایبەت لە (مێژوو، پەروەردەی ئایینی و نیشتمانی و بابەتی بەها پەروەردەیی و كارامەییەكان) بە شێوازێك كە ڕێز لە جیاوازییەكان بگرێت و وشیاری بدات سەبارەت بە مافی پێكهاتەكان و بەهای لێبوردەیی بەهێز بكات.
-ژینگەی قوتابخانە وەك كۆمەڵگەیەكی بچووك وایە كە تیایدا قوتابیانی جیاواز لە (كورد، توركمان، سریانی، ئێزدی، مەسیحی، كاكەیی) بەبێ جیاكاری وانەكان دەخوێنن لە یەك قوتابخانەدا بەشداری سەرجەم یادە و بۆنە نەتەوایەتی و ئایینیەكانی یەكتر دەكەن و یەكتر دەناسن زیاتر.
-چالاكییە هاوبەشە وەرزشی و هونەری و ژینگەییەکان لە نێوان قوتابخانەكانی ناوچە جیاوازەكاندا بۆ دروستكردنی پەیوەندی كۆمەڵایەتی بەهێزتر لە نێوان قوتابییەكان بە گشتی.
-مامۆستا ڕۆڵی هەرە گرنگ و كاریگەر دەبینێ لەو نێوەندەدا، مامۆستا سەرقافڵەی بنیاتنانی ئاشتی و پێكەوەژیانە لە قوتابخانەكاندا. لێرەدا گرینگە بەردەوام مامۆستا توانای بەهێزتر بكرێت لە ڕێگای خولی مەشق و ڕاهێنان و كەسێكی كراوەی كۆمەڵایەتی بێت و هەردەم لە ناو قوتابیان گیانی لێبوردەیی و یەكترقبووڵكردن بڵاو بكاتەوە و دوور بكەوێتەوە لە وتاری توندوتیژاوی و پڕ لە ڕق و كینە و جیاوازیكردن. زیاتر بەرەو میتۆدە نوێیەكانی ڕێزگرتن لە یەكتر و بیركردنەوەی ڕەخنەیی و یەكترپەسندكردن هەنگاو بنێ.
بێگومان لە ڕوانگەی پراكتیكی و مەیدانیەوە ڕۆڵی مامۆستا كاریگەرترین و بەهێزترین كاراكتەری زیندووی ناو پرۆسەكەیە؛ لەبیرمان نەچێت باشترین و نوێترین و بەهێزترین پرۆگرام بەبێ مامۆستایەكی ڕاهێنراو و وشیار و زیندوو ناتوانێت ئامانجەكانی بپێكێت لەو بوارەدا. چونكە مامۆستا ڕۆژانە بەریەككەوتنی لەگەڵ قوتابیەكانی هەیە و پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ قوتابییەکان هەیە لە ڕەفتار و گوفتار و ئادكار دەتوانی شوێن پەنجەی ئەرێنی جێ بهێڵێ، چونكە مامۆستا یەكەم هێڵی بەرگرییە لە ناو قوتابخانەدا بۆ ڕاگرتنی وتاری پڕ لە توندڕەوی و ڕق و قین و جیاكاری و هەڵاوێریی نەتەوەیی و ئایینی كە ڕەنگە قوتابی لە دەرەوە یان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە وەری گرتبێت.
لە هەمان كاتیشدا مامۆستا یەكەم هێڵی هێرشبەر و گەیاندن و ئاراستەكراوی كاریگەرە بۆ قوتابی لە وتاری پڕ لە یەكترقبووڵکردن و لێبوردەیی بیركردنەوەی ڕەخنەیی و ڕێزگرتن لە یەكتر.
ماتەوە بڵێم دووكاراكتەری دیكەی گرنگ هەن كە ڕۆڵی سەرەكیان هەیە لە بنیاتنانی ئاشتی و پێكەوەژیان ئەوانیش ڕاهێنەری ڕاستەقینە و لێهاتوو كە دەتوانن بەردەوام پەرە بە تواناییەكانی مامۆستاكان بدەن، بۆ ئەو مەبەستە راهێنانیان پێ بكەن و ئاشنایان بكەن هەتا هەردەم ببنە سوارچاكی ئەو مەیدانە؛ لەگەڵ ڕۆڵی كارگێڕیی قوتابخانە كە هەمیشە دەتوانن لە پۆڵەكان لە گۆڕەپانی قوتابخانە وتاری ئەرێنی و پەروەردەیی و لێبوردەیی و یەكترقبووڵكردن بۆ قوتابیان باس بكات و پەروەردەیان بكات.
دیسانەوە دەڵێمەوە گەر بمانەوێ كۆمەڵگەیەكی زیندوو و بەئاگا و لێبوردەمان هەبێت دەبێت لە پۆل و قوتابخانەوە دەست پێ بكەین.
* ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی