رۆژنامەی ھەولێر

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییانە لە پێناو بووژاندنەوەی بزاڤی شانۆییدا

فەرحان حاجی حەسەن
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، بزاڤ و چالاکی هونەری شانۆ لە هەولێری پایتەخت، دەکرێ بڵێین لە خاڵێکی هەستیاردا وەستاوە، ڕەنگە ئاستەم بێت بۆ ئەوەی بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە پێی دەوترا (سەردەمی زێڕین)، بێشک لێرەشدا مەبەستمان دوو دەیەی کۆتایی سەدەی ڕابردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە کارێکی مەحاڵ نییە چونکە کۆمەڵێک هۆکار هەن، کە بێشک فاکتەری بەهێزن بۆ ئەوەی شانۆ بووژانەوەیەکی بەرچاو بەخۆی ببینێت و بە سیمایەکی جوانتر لە هەموو سەردەمەکان دەربکەوێت، لەنێویاندا بەرزبوونەوەی ئاستی ژیاریی جەماوەری و تەکنیکە پێشکەوتووەکانی ئەو بوارە، لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەو پێشکەتنە تەکنەلۆژیەی کە ئێستا بەردەستن، وەک ئاسانی دەستگەیشتن بە دەقە جیهانیەکان بە هەردوو شێوازی بینراو و بیسراو، ئەمە جگە لەو هەموو بەدواداچوونە ڕەخنەییە بنیادنەرانەی، کە مەبەست تیایاندا بەرەوپێشبردنی ئەم ڕەوتە هونەریەیە کە بە باوکی هونەرەکان دەناسرێت.
ئینجا ئەگەر ئامانجی کۆتایی ئەم هەوڵ و کۆششانە بۆ بووژاندنەوەی بزووتنەوەی شانۆییە، پێویستە هەنگاوی یەکەممان لە دەستنیشانکردنی کێشەکان بگوازینەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەم کرچبوونەوە. لێرەدا پرسیاری بنەڕەتی ئەمەیە: چی شتێک وایکردووە ڕەوتی شانۆیی لە هەولێری پایتەخت ئەو هێز و کاریگەرییەی پێشووی نەبێت؟
ئەو سیمینارەی کە لە ژێر ناونیشانی (هەوڵدان بۆ بووژاندنەوەی بزووتنەوەی شانۆ لە هەولێر) لە ڕۆژانی ٦-٧/٩/٢٠٢٦ بەڕێوە چوو دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ پەنجە خستەسەر برینەکانی ئەو کێشەیە، هەروەها خەوڵێک بوو بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو، چونکە دیاریکردنی کێشە بەبێ خستنەڕووی چارەسەریەکان زامی سەر ئەو جەستەیە ساڕێژ ناکات. کێشە باوەکانی ئەمڕۆی شانۆ تەنها لە کرچوکاڵی دەق، شێوازی دەرهێنان، سیستەمی بەرهەمهێنان، نەبوونی پشتیوانی و دوورکەوتنەوە لە خواستی بینەر بەرتەسک ناکرێتەوە، بەڵکو ئەمانە مشتێکی کەمی کێشەکانن. پرسیارە ملیۆن دۆلاریەکەش ئەوەیە (ئایا کۆمەڵگە لە شانۆ دوور کەوتووەتەوە، یان پێچەوانەکەی ڕاستە؟)
بە بۆچوونی من چارەسەر پێویستی بە پلانی کرداری هەیە. پێویستە ساڵانە ژمارەیەک پڕۆژە نمایشی دانسقە دیاری بکرێت و لایەنی پەیوەنداریش پشتیوانیی بەرهەمهێنانیان بکات، وەک دابینکردنی هۆڵ و پێداویستیەکانی ڕووناکی و دەنگ و تەکنیک، تەنانەت پشتیوانی داراییش زۆر پێویستە. هانی نووسەران بدرێت، کۆڕ و سیمینار لەسەر نواندن، دەرهێنان و سینۆگرافیا بۆ گەنجان ڕیک بخرێت بۆ ئەوەی نەوەی نوێ لە قاوغی بینەر دەربهێنرێت و ببێتە بەشێکی ئەو ڕەوتە.
سەبارەت بە دەقە شانۆییەکان، پێویستە ئاوێتەی هەناسەی ژیانی هاوچەرخ بێت، بایەخ بە بابەتی کۆچ و کەنارگیریی گەنجان و لایەنە ئەرێنی و نەرێنیەکان تەکنەلۆجیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بێکاری و ژینگە و داڕمانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان بدەن. هەروەها نمایشە شانۆییەکان لە چوارچێوەی هۆڵەکاندا سنووردار نەکرێن، بەڵکو هەموو سوچێکی کۆمەمەڵگە لە قوتابخانەو زانکۆ و پارک و کافێ و شوێنە گشتییەکان بکرێنە شوێنی نمایش.
خاڵێکی تر، پێویستە کار لەسەر ئەوە بکرێت میدیای دیجیتاڵیش بکرێتە بەشێک لە ستراتیژیەتی کاری هونەری چونکە کورتە ڤیدیۆ وپشتپەردەی نمایشەکان و گفتوگۆی هونەرمەندەکان خۆی لە خۆیدا دەکرێ بینەری نوێ دروست بکەن. هەموو ئەمانەش پێویستیان بە پلانی درێژمەودا هەیە، نەک تەنها سیمینار و کۆبوونەوە.
لە کۆتاییدا، پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە (چی وترا؟) بەڵکو (دوای ئەوە چی دەکەین؟). شانۆی هەولێر پێویستی بە ڕشتنی فرمێسکی زێدەتر نییە بۆ برینەکانی، بەڵکو پێویستی بە ناساندنی هۆکارەکانە، پێویستی بە پشتیوانیی دامەزراوەیی و بیرکردنەوەی نوێ و کردار هەیە، چونکە شانۆ تەنها ئەوە دیمەن و جوڵانە نییە کە لەسەر تەختەی شانۆدا ڕوو دەدەن، بەڵکو شانۆ سەکۆیەکە بۆ ئەو ساتەی کۆمەڵگە خۆی لەسەر تەختەکەیدا دەدۆزێتەوە.