رۆژنامەی ھەولێر

دەمیرتاش لە ئازادبوون نزیك دەبێتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئازادبوونی سولجووق میزراكلی، سەرۆكی پێشووی گەورە شارەوانیی ئامەدی باكووری كوردستان، ئومێدی خستووەتە دڵی باكوورییەكان و بەئومێدی ئەوەن لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەش ئازاد بكرێت.

سەلجووق، ماوەی حەوت ساڵ لە ئیدیرنە زیندانی بوو، لەگەڵ دەمیرتاش لە یەك ژوور بوون و زۆریش یەكتریان خۆش دەویست، بۆیە دوو رۆژ بەر لەوەی ئازاد بێت، دەمیرتاش یەكەم كەس بوو لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردەوە، میزراكلی ئازاد دەبێت و ئەو ئەمانەتی ئێوە دەكەم.
میزڕكلی، دوای ئەوەی ئەو سزایەی بەسەری سەپێنرابوو تەواوی كرد، ئازاد بوو و بە هەزاران كەسیش لەبەردەم گرتوخانە پێشوازیان لێی كرد. لە گوتەیەكی كورتدا هیوای خواست لە ماوەیەكی زۆر كەمدا دەمیرتاشیش ئازاد ببێت.
هەردوو كەسایەتی، بەهۆی ئەوەی پروپاگندەیان بۆ تیرۆر كردووە و ویستویانە توركیا بەرەو دابەشبوون ببەن دەستگیركرابوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەی شارەزایانی یاسا باسیان لەوە دەكرد، دەستگیركردنی ئەوان سیاسییە نەك یاسایی، كەچی میزراكلی، تا سزایەكەی تەواو نەكرد كە حەوت ساڵ بوو ئازاد نەكرا.
دایكی سەلاحەدین دەمیرتاش، كاتێك باوەشی بە میزراكلیدا كرد گریا و گوتی: ”وەرە با بتكەمە باوەش، چونكە تۆ بۆنی دەمیرتاشت لێ دێت و لەگەڵ ئەودا لە یەك ژووردا بوویت“ ئەم گوتەیە لە سۆسیال میدیا دەنگی دایەوە و لایەنگرانی دەمیرتاش، داوایان كرد لە نزیكترین كاتدا دەمیرتاشیش ئازاد ببێت و بگەڕێتەوە ناویان.
چەند سەرچاوەیەكی میدیایی توركیا باس لەوە دەكەن، دەم پارتی لە بەهاری ٢٠٢٧دا، دەچێتە ناو كۆنگرەوە و لەوێدا گۆڕانكاری گەورە دەكرێت و عەبدوڵا ئۆجەلان، بۆ خۆی سەرپەرشتی كۆنگرە دەكات و ٤٠٪ی سەركردایەتی ئێستا گۆڕانیان بەسەردا دێت. باس لەوەش دەكرێت، رەنگە دەمیرتاش تا ئەوكاتە ئازاد ببێت و ببێت بە هاوسەرۆكی دەم پارتی.
بەڵام چەند كەسایەتییەكی سیاسی پێیانوایە، هەرگیز ئۆجەلان رێگە نادات دەمیرتاش ببێتە هاوسەرۆكی دەم پارتی، چونكە دەمیرتاش خاوەن جەماوەرێكی یەكجار زۆرە و ئۆجەلان نایەوێت ببێتە كەسایەتییەكی گرنگ لە باكووری كوردستان.
لە سۆسیال میدیا، بە هەزاران كەس لە باكووری كوردستان، داوا دەكەن دەمیرتاش ئازاد ببێت، چونكە زیاتر لە ١٠ ساڵە بە ناهەق زیندانی كراوە. هەروەها هاكان ئاكسۆی، رۆژنامەنووس لە ئاژانسی (T24)ی توركی، دەڵێت پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا هیچ واتایەكی نابێت ئەگەر دەمیرتاش لە زیندان بێت و ئازادبوونی دەمیرتاش ئەو مانایە دەدات بەدەستەوە، كە باكوورییەكان متمانەیان بەو پڕۆسەیە هەبێت، ئەگەر دەمیرتاش لە زیندان بێت، متمانە لاواز دەبێت و پرسی ئاشتیش لە نێوان توركیا و قەندیل دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، كە توركیا ئەندامی ئەو دادگایەیە و دەبێت بریاری ئەو دادگایە جێبەجێ بكات، سێ جار داوای كردووە دەمیرتاش ئازاد بكرێت و بەڕوونی گوتویانە دەستگیركردنی دەمیرتاش سیاسییە و یاسایی نییە، تەنانەت بڕیارەكەیان توركیای ناچار كردووە قەرەبووی مەعنەوی و دارایی دەمیرتاش بكاتەوە، بەڵام دادگای توركیا دەڵێت ئێمە گوێ بەبڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا نادەین.