رۆژنامەی ھەولێر

گرژییەكانی یۆنان و توركیا دەگات بەكوێ؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

ماوەی شەش مانگە، گرژییەكانی نێوان توركیا و یۆنان لە برەودایە، سەرۆكی هەردوو وڵاتیش لەم مانگەدا دەگەنە نییۆڕك و بەشداری كۆبوونەوەی لوتكەی نەتەوەیە كگرتووەكان دەكەن و چاوەڕوان دەكرێت دوو قۆڵی دابنیشن و باس لە هێوركردنەوەی گرژییەكانیان بكەن.

لە ٢٠ تا ٢٣ی ئەم مانگە كۆبوونەوەی لوتكەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجام دەدرێت، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، كیریاكۆس میتسۆتاكیس، سەرۆك وەزیرانی یۆنان بەشداری دەكەن، هەوڵی جدی هەیە، ئەو دوو سەرۆكە بەتەنیا دابنیشن و باس لە پەیوەندیی نێوانیان بكەن و هەوڵ بدەن گرژییەكان هێور بكەنەوە.
میدیاكانی یۆنان بڵاویان كردووەتەوە، تاوەكوو ئێستا روون نییە ئاخۆ ئەو دوو سەرۆكە كۆبوونەوەی دوو قۆڵی دەكەن یان نا، ئەگەر بیكەن كەواتە ئومێدی ئەوە هەیە پەیوەندییەكانیان بەرەو باشی ببەن، ئەگەر نەیكەن، كەواتە گرژییەكان زۆر گەورەن و مەترسی هەیە گەورەتریش ببێت.
گرژی نێوان توركیا و یۆنان دەیان ساڵە بوونی هەیە، جار هەبووە توانیویانە پەیوەندییەكان باش بكەن و پاشان خراپ بووەتەوە، ئەوەیشی وای كردووە ئەو دوو وڵاتە وەكوو دوژمن سەیری یەكتری بكەن، پەیوەندیی بە چەند دوورگەیەكەوە هەیە، كە توركیا دەڵێت سەر بە توركیان و یۆنانیش بە خاكی خۆی دەزانێت، هەروەها یۆنان ئەو دوورگانەی پڕ چەكی قورس كردووە و توركیاش ترسی هەیە ئەو چەكانە رووبەڕووی ئەو بكرێتەوە.
ئەو رۆژەی رێككەوتنی مەككە لە نێوان پاكستان و سعوودیا و توركیا ئیمزا كرا، كە رێككەوتنێكی سەربازی بوو، یۆنان و ئیسرائیل، رێككەوتنێكی هاوشێوەی ئەو رێككەوتنەیان ئیمزا كرد بەناوی (قەلغانی فاكسین)، كە بایی ٣ ملیار یۆڕۆ بوو و ئیسرائیل چەكی قورس و سیستەمی بەرگریی دەداتە یۆنان و لەو دوورگانە جێگیری دەكات، كە توركیا دژی ئەوەیە چەكی قورس لەو دوورگانە بوونی هەبێت.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، لەكاتی گەڕانەوەی لە قیرگستان، لەناو فڕۆكە قسەی بۆ رۆژنامەنووسان كرد و گوتی: ”یۆنان هەڵەیەكی گەورە دەكەن، ئەگەر وەكوو دوژمن سەیری توركیا بكەن و نیازیان هەبێت پەلاماری توركیا بدەن، ئێمە داوا لە یۆنان دەكەین، چەكی قورس لەو دوورگانە بكشێنێتەوە و لەو هەڵەیەی كردوویەتی بگەڕێتەوە و وانە لە مێژوو وەربگرێت. ئێمە دەمانەوێت ناوچەكەمان ئاشتی و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت و بەردەوامیش دەبین لە بەدیهێنانی ئاشتی و ئاساییشی ناوچەكە.“
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو، سەرۆك وەزیرانی یۆنان سەردانی میسر بكات و چاوی بە عەبدولفەتاح سیسی، سەركۆماری میسر بكەوێت، ئەم سەردانەش بۆ ئەوەیە رێگە لەو بگرێت میسر بچێتە ناو هاوپەیمانیی مەككەوە، بەڵام هەموو هەوڵێكی توركیا بۆ ئەوەیە میسر لە یۆنان و ئیسرائیل دوور بخاتەوە و بیخاتە ناو هاوپەیمانیی مەككەوە، تا چەند سەركەوتوو دەبێت، لە مانگەكانی داهاتوو روونتر دەیێتەوە.
هەردوو وڵات بەتەوای لەڕووی دیبلۆماسییەوە لە یەكتری دوور نەكەوتوونەتەوە، بەڵكوو جاروبار كۆبوونەوەی نهێنی ئەنجام دەدەن. هەفتەی رابردوو ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری توركیا، سەردانی ئەسینای كرد و لەگەڵ سەرۆكی دەزگای هەواڵگری یۆنان كۆبووەوە، هەروەها مانگێك بەر لە ئێستاش، هاكان فیدان لە شاری سۆفیا چاوی بەهاوتا یۆنانییەكەی كەوت و باسیان لە گرژییەكانی نێوانیان كرد و هەردوولا كۆك بوون لەسەر ئەوەی نابێت گرژییەكان بگەنە ئاستی پێكدادانی سەربازی.