ڕائیب جادر – هەولێر
٢٠ی ئەم مانگە ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکات، قوتابییان و کەسوکارییان سەردانی فرۆشگەکانی پەڕاوگە و جلوبەرگ دەکەن بۆ کڕینی پێداویستییەکان، وەزارەتی پەروەردە ھەموو ئاسانکارییەکی کردووە، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت.
لە ھەرێمی کوردستان ٧٥٨٥ قوتابخانە ھەن، ٦٢٧ـیان تایبەتن، ئەوانی دیکە ھەموو حکومین، خوێندن بێ بەرامبەرە بۆ ھەموو قوتابییەک. پەروەردە کە لایەنێکی گرنگی پڕۆسەی خوێندنە ھەموو ئامادەکارییەک بۆ ساڵی نوێی خوێندن تەواو بووە، ھەر لە دابەشکردنی قوتابییان بەسەر ناوەندەکانی خوێندن، ھەتا دابەشکردنی پۆلەکانی وانەگوتنەوە. ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا ڕۆژی یەک شەممە، ڕێکەوتی ٢٠ـی ٩ی ٢٠٢٦، یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٦ – ٢٠٢٧ بێت.
وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا گۆڕانکاری لە شێواز و ڕەنگی جلوبەرگی قوتابییان بکات و وەزیری پەروەردەش، ڕایگەیاند، ئیتر لە ساڵی نوێی خوێندن، یەکپۆشی لە ناوەندەکانی خوێندن پەیڕەو دەکرێت، بڕیارەکە بۆ ڕێگریکردنە لە قۆرخکاری و سووککردنی بارگرانییە لەسەر شانی دایک و باوکان.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بۆ ھێنانی پێداویستی قوتابخانە و جلوبەرگی قوتابییان لە بازاڕەکانی کوردستان بە چوار ڕەنگ بۆ ھەموو قۆناغەکانی خوێندن جلوبەرگ کەوتوونەتە بەردەستی ھاووڵاتییان، داوا دەکرێت، پشتگیری ھاووڵاتییان بکرێت، لە کاتی کڕین و فرۆشتندا داشکاندن بخەنە سەر بەتایبەتی لەبەر بارودۆخی دارایی تاکو ساڵی نوێی خوێندن بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت.
ڕەنگەکان بەگوێرەی قۆناغەکانی خوێندن بەم شێوەیە دیاریکراون: باخچەی ساوایان: تیشێرتی نارنجی و پانتۆڵی نیلی. قۆناخی ١ تاوەکو ٦ـی بنەڕەتی: تیشێرتی ماڕۆنی و پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی. قۆناخی ٧ تاوەکو ٩ـی بنەڕەتی: تیشێرتی نیلی و پانتۆڵ یان تەنوورەی ڕەساسی. قۆناخی ١٠ تاوەکو ١٢ـی ئامادەیی: تیشێرتی ڕەساسی و پانتۆڵ یان تەنوورەی ڕەش.
ھەروەھا کوالیتی جلوبەرگەکانیش دیاریکراوە، بە جۆرێکە ڕێژەی لۆکە لە تیشێرتەکاندا لە ٧٠% کەمتر نییە، ئەمەش بۆ پاراستنی تەندروستی و دابینکردنی کوالیتییەکی بەرز بۆ قوتابییان.
سەبارەت بە پارچەکانی جلوبەرگەکانیش، تەنیا ٣ پارچە (پانتۆڵ، تیشێرتی قۆڵکورت و تیشێرتی قۆڵدرێژ) وەک یەکپۆشی دیاریکراون، وەزارەتی پەروەردە بۆ کەمکردنەوەی تێچوو، قەمسەڵە و جلوبەرگی وەرزشی لە ناو پڕۆسەی یەکپۆشی دەرھێناوە.
چەند ڕۆژێک دەبێت قوتابییان و کەسوکاریان بە گەرمی سەردانی پەڕاوگە و ئەو فرۆشگانە دەکەن کە پێداویستی خوێندن دەفرۆشن، ئەوان ئامادەسازی بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەکەن. مریەم شوکری، کە دوو منداڵی دەچنە قوتابخانە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: قوتابییان دڵخۆشن کە پێش کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان سەرجەم پێداویستییەکانیان ئامادە دەکەن، منداڵێکم پۆلی چوارە، ئەوەی دیکەشم پۆلی ھەشتە، بۆ ھەر دووکیان جلوبەرگ و پێداویستی قوتابخانەم کڕیون، بۆ ئەوەی بە گەرم و گوڕیەوە ھەر لەگەڵ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دەست بە خوێندنی ساڵی نوێ بکەن.
لە ھەرێمی کوردستان ھیچ کارگەیەکی بەرھەمھێنانی پێویستییەکانی قوتابخانە و فەرمانگەکان نییە، بۆیە ٩٠%ـی کەرەستەی پەڕاوگەی قوتابخانە و فەرمانگەکان لە چین ھاوردە دەکرێت، بە چەند ھەفتەیەک پێش کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان پەڕاوگەکان و دوکانی جلوبەرگ داشکاندن دەکەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی کڕیار. زکری محممەد، خاوەن دوکانی جلوبەرگی قوتابییانە، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ڕۆژانە سەدان کەس سەردانمان دەکەن بۆ کڕینی پێداویستییەکان، ھەموو جلوبەرگێکمان ھێناوە ھەر لە باخچەی ساوایان بگرە تا دەگاتە قۆناغی ئامادەیی، بۆ جاری یەکەمە گرنگی بە کواڵێتی قوماش دەدرێت، تاکو بە درێژایی ساڵی خوێندن خۆ لەبەر شووشتن بگرن، بە بەھای ستاندەرت بەگوێرەی تەمەن لەبەردەستن، لەڕووی نرخەوەش لە دوکانێکەوە بۆ دوکانێکی دیکە جیاوازە، بەڵام ئەمساڵ بەشێوەیەکی گشتی نرخی جلوبەرگ لە چاو ساڵانی ڕابردوو ھەرزانترە، واتە بە ٢٥ تا ٣٠ ھەزار دینار جلوبەرگی قوتابییەک دەکڕی، ئەو یەک پۆشییەش کارێکی جوانە و لە بەرژەوەندی دایک و باوکی قوتابییانە.

