رۆژنامەی ھەولێر

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەبۆنەی (٦٥)ەمین ساڵیادی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی یادی ٦٥ ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکات و تێیدا جەخت لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی بارزانیی نەمر دەکاتەوە.

دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەرپابوونی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و پێشڕەویی پارتیمان لە (١١ی ئەیلوولی ١٩٦١)، کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو لەسەر چارەنووسی سیاسیی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و دۆزی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانیمان، شۆڕش بە پەیامێکی ھەقخوازانە و ڕەوا سەلماندی، کە ڕەگ و ڕیشەی ئیرادە و ورەی پۆڵایینی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەبن نایەن و تا بەدیھێنانی ئامانجەکانمان کۆڵ نادەن.

ئەو بزووتنەوە سیاسییە لەو ھەلومەرجەی ئەوسادا لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەوە، ھەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆی بوو، ناسنامەیەکی جیاوازیشی ھەبوو بە جۆرێک خەباتێکی نەپساوەی گشتگیر بوو بۆ کۆتاییھێنان بە شەوەزەنگی زۆرداری و نەھامەتی.

یەکێک لە بنەما بێوێنە و ڕەسەنانەکانی شۆڕش، ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی فرەڕەنگی کوردستان و کولتووری شۆڕشگێڕیی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بوو، لەسەرینی ئەمەشەوە شۆڕشێکی درێژخایەن، مەزن و سەرتاسەری بوو، لەو ڕێگایەشدا لەسەرجەم چین و توێژەکان، شۆڕش قوربانییەکی بێشوماری پێشکەش بە خاک، نەتەوە و کێشە ڕەواکەمان کرد.

شۆڕشی ئەیلوول و پارتیمان بە نەخشەڕێگایەکی نوێ، گونجاو و ڕێکوپێک بۆ بەدیھاتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نەتەوەکەمان ڕێگای تێکۆشانی گرتەبەر و ھەرگیزاوھەرگیز لەسەر ئەو ڕێچکە و ڕێبازە لایان نەدا، نەک لە پیلانگێڕی و ناپاکیەکان سازش و سڵ نەکرایەوە، بەڵکوو سوورتر بووین لەسەر جۆشدان و ڕابوونی سیاسی، ئابووری، کولتووری، ھۆشیاربوونەوە و گەیشتن بە ئامانجەکانمان.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول سەرتاسەری کوردستانی کردە یەک ھێز و یەک دەست، ھەموو سنوورە ناوچەیی، ئایینی و مەزھەبییەکانی سڕییەوە و تەواوی گەلی کوردستانی لە چوارچێوەی ھێزێکی بەرھەڵستکارانەی پتەو دژ بە دیکتاتۆری و ستەمکاران، بەرەو یەک ئامانج یەکخست.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تەنیا دەروازەی یادگە و یادەوەرییەکی ھاوبەش و زیندووی گەلەکەمان نییە، بەڵکوو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی بۆ قۆناغێکی سیاسیی پێشکەوتووتر گواستەوە، بە جۆرێک لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی ناوخۆیی و جیھانیدا وەک ھێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێت و چەندین دەستکەوتی گرنگ و مێژووییش بەدیبێنێت لەوانەش: ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، زەمینەساز و پاڵنەری ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و، بنیاتنانی قەوارەی سیاسی و دەستووریی ھەرێم.

ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین وەک ھەمیشە جەخت لەسەر ڕێبازی ڕەگداکوتاوی کوردایەتی، نەتەوەیی و ڕێبازی بارزانی و پارتایەتیمان بکەینەوە بۆ پتەوکردنی ھەماھەنگی و ھاوھەڵوێستیی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان، پاراستنی قەوارەی دەستووری و سیاسیی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان.

لەو یادە مەزنەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان و خەباتکار و پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕش دەکەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەھیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆییی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و ڕێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدە نەمرەکانمان، سڵاو لە ھێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لەم بۆنە گرنگەدا، پەیمان بۆ سەرۆک بارزانی، بۆ گەل و نیشتمان دووپاتدەکەینەوە کە لەسەر ڕێبازی بارزانی بەردەوامبین بۆ بەدیھێنانی تەواوی ئامانجەکانی گەلەکەمان.

سڵاو لە بیرەوەریی (٦٥) ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.

سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو.

بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.

ھەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش ھەر ئاوەدان.

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان