رۆژنامەی ھەولێر

لەهەولێر .. یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بەرز ڕادەگرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٦، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی مەراسیمێک بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی یادی ٦٥ ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلول بەڕێوەچوو.

مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسی مەکتەب، پارێزگاری هەولێر، یاریدەدەرانی بەرپرسی مەکتەب، بەرپرسی لقەکان، ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای تێکۆشەران، دەزگای باڵای ئەیلول و گوڵان، و فەرماندەیی هێزەکانی خەبات بەڕێوەچوو.

لە میانی مەراسیمەکەدا، تیشک خرایە سەر قۆناغە جیاوازەکانی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول بە ڕابەرایەتیی “بارزانی نەمر” و جەخت لەوە کرایەوە کە شۆڕشی ئەیلول بڕوا و متمانەبەخۆبوونی لە ناخی هەموو تاکێکی کوردستانیدا ڕواند، و بووە وانەیەکی مێژوویی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زوڵم، ستەم، داگیرکاری و نادادپەروەری، و ڕاگەیەندرا کە ورە و خۆڕاگریی گەلی کورد لەو خەباتە مەزنەوە سەرچاوەی گرتووە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئاماژە بە ڕێککەوتنامەی مێژوویی ١١ی ئادار کرا وەک یەکێک لە گەورەترین دەستکەوتە سیاسییەکانی ئەو شۆڕشە وەسفکرا، کە تێیدا حکومەتی ئەوکاتی عێراق ناچار بوو دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا بنێت.

هاوکات ئەوەش خرایە ڕوو کە قەوارەی ئێستای هەرێمی کوردستان، لە حکومەت، پەرلەمان و دەزگا فەرمییەکان، بەرهەم و درێژەپێدەری ئەو بناغە پتەوەن کە لە سایەی شۆڕشی ئەیلول و خوێنی گەشی شەهیداندا داڕێژراون.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە یادی شەهیدانی سەربەرزی شۆڕشی ئەیلول و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بەرز ڕاگیرا، و دووپات لەسەر پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان و پێزانینی بەردەوام بۆ خەباتی پێشمەرگە قارەمانەکان کرایەوە.