رۆژنامەی ھەولێر

مەترسی هەیە عێراق لە لایەن ئەمریکاوە سزا بدرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

پەرلەمانتارێکی عێراق هەواڵێکی مەترسیدار لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق ئاشکرا دەکات و پێی وایە ئەگەر ئەمریکا بەو گرێبەستە بزانێت ئەوا لەوانەیە عێراق ڕووبەڕووی سزایەکی قورس بکاتەوە.

مەنسور بەعیجی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند عێراق لە بری هەناردەکردنی هەر بەرمیلێک نەوت لە هورمز بیست دۆلار بە ئێران دەدات و ئەمەش پێچەوانەی ئەو سیاسەت و پلانەیە کە ئەمریکا لە ناوچەکە جێبەجێی دەکات و ئەگەر پێی بزانێت ئەوا لەوانەیە بە توندی عێراق سزا بدات.
ئەو ڕوونی کردەوە بەپێی ئەو ئامارانەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویان دەکاتەوە لە سەرەتای ئەم مانگەوە عێراق هەناردەکردنی نەوتی گەیاندووەتە سەرووی سێ ملیۆن بەرمیل کە لەگەڵ ئەو قەبارەیەی پێش داخرانی هورمز و ڕوودانی جەنگ دەیناردە دەرەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە.
قسە لەسەر ئەوە دەکرێت عێراق بە ڕەزامەندی و مۆڵەتی ئێران نەوتەکەی لە هورمز دەگوازێتەوە و لە بەرامبەردا باج بە ئێران دەدات و بۆ هەر بەرمیلێک بیست دۆلاری بۆ دابین دەکات.
بەو پێیە ئەگەر لە هەر بەرمیلێک بیست دۆلار بە ئێران بدرێت ئەوا ڕۆژانە بۆ ناردنەدەرەوەی سێ ملیۆن بەرمیل شەست ملیۆن دۆلار بە ئێران دەدات کە لە مانگێکدا دەکاتە ملیارێکی هەشتسەد ملیۆن دۆلار و ئەمەش لە دۆخێکدا کە ئێران گەمارۆی دەریای و بازرگانی دراوە و دەستی بە هیچ سەرچاوەیەکی داهات ڕاناگات بڕە پارەیەکی زۆرە و دەتوانێت کەلێنێکی گەورەی بۆ پڕ بکاتەوە.
بەپێی دواین گەڕی سەپاندنی سزا و گوشاری ئابووریی ئەمریکا دژی ئێران کە لە ٢٤ی ئابی ئەمساڵ دەستی پێکرد و لە لایەن سکۆت بیسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا خرایە ڕوو، ئەمریکا لە هیچ ولاتێک خۆش نابێت و چاوپۆشی ناکات ئەگەر هەول بدات لە پووچەڵکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا یارمەتی ئێران بدات.
عەلی نزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، کە تایبەتە بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق لە سێی ئەم مانگەدا بە میدیاکانی گوتبوو عێراق لە مانگی ئابدا بە تێکڕا ڕۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کرد.
ئەو ئاماژەی دابوو عێراق سێ ڕێگای بۆ هەناردەکردنی نەوت هەیە و هەر سێ ڕێگاکەش لەبەردەم مەترسیی هێرشی سوپای پاسداراندایە و هاوکات لە لایەن ئەمریکاوە لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەکرێت بەڵام عێراق بەهۆی ئەو پلان و کارگێڕییە باشەی دایناوە توانیویەتی خۆی لە مەترسییەکان بپارێزێت و هەندێک کۆمپانیا بدۆزێتەوە کە نەوتەکەی بگوازێتەوە بێ ئەوەی هیچ مەترسییەکیان بۆ بێتە کایەوە، کەشتییەکان نەوتەکەیان لە کۆگەکانی نەوتی عومان بەتاڵ دەکەن و بەخێرایی دەگەڕێنەوە بەسڕە بۆ ئەوەی نەوتی تر بگوازنەوە.
ئەو بەرپرسە باڵایەی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق باسی لەوە نەکرد کە بە چ جۆرە گرێبەبست و ڕێککەوتنێک ئەو نەوتەیان گواستووەتەوە کە لە دوو ملیۆن بەرمیلەوە زیاد کراوە بۆ سێ ملیۆن بەرمیل، بەڵام بەپێی ئەو شرۆڤەیەی بەشێک لە پەرلەمانتاران و میدیاکانی عێراق بۆ ئەو قسەیە کردوویانە گومان دەکرێت عێراق لە بری گواستنەوەی نەوت پارە بە ئێران بدات.
راستە عێراق پێویستی بە پارەیە و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی نەوتەکەی بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهانی تا مووچە و خەرجییەکانی خۆی دابین بکات بەڵام لە هەمان کاتدا بەم کارەی هێڵە سوورەکانی ئەمریکای بەزاندووە و ئەگەر ئەمە بە بەڵگە لەسەری ساغ بکرێتەوە ئەوا لەوانەیە ئەمریکا سزای عێراق بدات و ئەمەش بۆ عێراق زۆر مەترسیدار دەبێت چونکە عێراق بۆ دابینکردنی زیاتر لە نەوەد لەسەدای داهات و پێویستییەکان بۆ مووچە و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
جگەلەمە عێراق سیستەمە داراییەکەی و یەدەگی دراو و داهاتەکەی بە بانکەکانی ئەمریکا گرێ دراوە و ئەگەر دۆلاری پێویست بۆ عێراق دابین نەکرێت بەهای دراوەکەی زۆر دادەبەزێت و هەر ئەو هۆکارانەش وایکردووە بەهای سەد دۆلار بگاتە سەد و پەنجا و شەش هەزار دینار کە بیست و چوار هەزار دیناری لە بەهای فەرمی زیاترە.