ڕائیب جادر – هەولێر
ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە بە ڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر، شۆڕشێکی سەرتاسەری بوو، چەندین دەستکەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ گەلی کوردستان بەدەستھێنا، بەتایبەت ڕێککەوتننامەی مێژوویی ١١ ئادار، کە ڕژێمی بەعس ناچاربوو دان بە ھەندێک لە مافە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان دابنێت. مامۆستایانی زانکۆ، دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بە بەرھەمی ئەو شۆڕەشە دەزانن و دەڵێن، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول کوردی لە زاخۆ تا خانەقین لە ژێر یەک چەتردا کۆکردەوە و تەبایی و یەکخستنی لەناو کۆمەڵگەی کوردی دروست کرد.
لە یازدەی ئەیلوولی ١٩٦١، شۆڕشەکە بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر دەستیپێکرد و سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە و ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستان بەشدارییان تێدا کرد، گەورەترین شۆڕشی خەڵکی کوردستان بوو دژی ستەم و زۆرداری و چەوساندنەوە، کە ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان لە ژێر یەک سەرکردایەتیدا ڕووبەڕووی ستەمکاریی بوونەوە و کوردستان ببووە پەناگەی ھەموو ئازادیخوازانی عێراق.
شۆڕشی ئەیلوول، وەکو بەرپەرچدانەوەیەک بەرامبەر دیکتاتۆریەت و پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردستان لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە، لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتی بارزانیی نەمر مەشخەڵەکەی ھەڵکرا و بەرنامەی دروست و فرەڕەھەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بوونە ھەوێنی شۆڕشێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرتاسەریی، کە جوگرافیای کوردستانی لە زاخۆ تا خانەقین پێکەوە گرێ داو، لەنێو ئەم جوگرافیایەشدا ھەموو نەتەوە و ئایین و ئایدیا جیاوازەکانی لەیەک سەنگەردا کۆکردەوە و ئیرادەیەکی ئەوتۆی گیانفیدایی و قوربانیدانیشی بۆ ڕەتکردنەوەی زۆڵم و زۆرداری چێ کرد، کە چەندین جار دیکتاتۆرەکانی بە چۆکدا ھێنا.
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول وەرچەرخانێکی تازەی لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا دروست کرد و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان لە ئاستی لۆکالییەوە بۆ ئاستە نێودەوڵەتییەکان گواستەوە و لەماوەیەکی زۆر کورتدا نەبەردییەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرنجی میدیاکانی جیھانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا و بە دەیان ڕۆژنامەنووسی ناسراوی جیھانی ھێنایە کوردستان و ئەوەبوو لە سەنگەرەکانی پێشمەرگەوە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانییان ئامادە دەکرد و ڕەوایی سیاسیی دۆزی گەلی کوردستانیان بە ڕای گشتی و نێوەندە نێودەوڵەتییەکان و ھەموو جیھان گەیاند.
شۆڕشی ئەیلوول توانی بە نۆ ساڵ چۆک بە ڕژێمی عێراق دا بنێت و ناچاری بکات دان بە مافەکانی گەلی کوردستان بنێت، بەمەش ئامانجی شۆڕشەکە، کە حوکمی زاتی بوو بۆ کوردستان بەدی ھات و سەرکەوتوو بوو، لە ڕۆژی ١١ـی ئاداری ١٩٧٠، سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول و ڕژێمی عێراق ڕێککەوتننامەیەکیان ئیمزا کرد، کە تێیدا دان بە مافە سیاسی، ئابووری و ڕۆشنبیرییەکانی گەلی کوردستان نرا و سیستەمی حوکمی زاتی (خۆڕێبەریی لە چوارچێوەی عێراق) بۆ کوردستان دامەزرا.
د. کامەران سوبحی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان، پەیوەست بە ساڵیادی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: شۆڕشی ئەیلوول دابەشی چەند قۆناغێک دەکرێت، لەوانە دەستپێکی شۆڕش لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە تاڕادەیەکی زۆر تەبایی و یەکخستنی لەناو کۆمەڵگەی کوردی دروست کرد و بووە ھۆی ئەوەی ھەموو چین و توێژەکان بەشداریی شۆڕش بکەن، کە ئەوکات ھەرێمی کوردستان پاڵپشتیی دەستووریی وەکو ئێستای نەبوو، بەڵام لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ھەموو چین و توێژەکان ھاتن بەشدارییان لەو شۆڕشە مەزنەدا کرد و ئەمەش کاریگەری لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش ھەبوو و ئەوانەی دانیان بە مافی کورددا نەدەنا، ناچار بوون دانی پێدا بنێن و دواجار ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری لێکەوتەوە وای کرد جۆرێک ماف بە گەلی کورد بدرێت، کە پێشتر بەغدا بە ھەموو شێوەیەک گفتوگۆی ڕەت دەکردەوە، ئەو شۆڕشە بووە بنەما بۆ ئەوەی کورد مافی خۆی بەدەست بێنێت و لە دوای ڕاپەڕین بنەماکانی فیدراڵی لەناو عێراق بچەسپێنین و ھەرێمی کوردستان دروست بکەین.

