ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
هەوکردنی پووک یەکێکە لە نەخۆشییە پڕ لە ئازارەکان کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئێسک و پێکهاتەکانی ناودەم و دەوروبەری ددان دروست دەکات. لە کاتێکدا ساڵانێکی درێژە پزیشکان هۆشداری دەدەن لەوەی کێشی زیادە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ، لوولەکانی خوێن و هەندێک جۆری شێرپەنجە، لێکۆڵینەوەیەکی نوێ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان کێشی زیادە و مەترسییەکانی سەر تەندروستیی پووک و ددان ئاشکرا دەکات.
ئەنجامی توێژینەوە نوێیەکان
بەپێی توێژینەوەیەکی گۆڤاری پزیشکیی پێریۆدۆنتۆلۆژی ئەمریکایی (Periodontology) ئەو کەسانەی کێشێکی تەندروست و گونجاویان هەیە، زۆر کەمتر لە کەسانی قەڵەو تووشی نەخۆشی و هەوکردنی پووک دەبن.
لە چوارچێوەی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، چەندین پێوەر هەڵسەنگێندران لەوانە:
• ڕێژەی چەوریی لەش و قەبارەی شانە چەورییەکان
• بارستەی ماسولکە
• ڕێژەی ئۆکسجینی پێویست بۆ جەستە
ئەنجامەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی ڕێژەی چەوریی لەشیان کەمترە، پووک و ددانیان تەندروستترە. لە بەرامبەردا، ئەو کەسانەی کێشیان زۆرە و جەستەیان پێویستی بە ئۆکسجینی زیاترە بۆ بەڕێوەبردنی چالاکییەکانی، ئەگەری تووشبوونیان بە هەوکردنی پووک و تێکچوونی ددان زۆر زیاترە.
کاریگەرییە مەترسیدارەکانی هەوکردنی پووک
نەخۆشییەکانی پووک هۆکاری سەرەکین بۆ لەدەستدانی ددان لە تەمەنی بەساڵاچووییدا. جگە لەوەش، هەوکردنی درێژخایەنی پووک پەیوەندیی بەهێزی بە دروستبوونی نەخۆشییەکانی دڵ و پووکانەوەی ئێسکەوە هەیە.
لەو بارەیەوە، بەرپرسی ئەکادیمیای پێریۆدۆنتۆلۆژی ئەمریکی جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەندروستیی پووک ڕەنگدانەوەی تەندروستیی گشتیی هەموو جەستەیە. بۆیە پاراستنی کێش لە ئاستێکی گونجاودا هاوشانی پاکڕاگرتنی ڕۆژانەی ددانەکان، باشترین ڕێگایە بۆ پاراستنی دەم و پووک لە نەخۆشییە مەترسیدارەکان.

