ماكوان عيززهت-هەولێر
زۆربەمان ڕاهاتووین گەنمەشامیی برژاو وەک سووکەژەمێک لە کاتی گەڕان و بەسەربردنی کاتە خۆشەکاندا بخۆین و تەنیا بە چاوی تاموچێژێکی خۆش سەیری بکەین، بەبێ ئەوەی ئاگاداری ئەو پێکهاتە دەوڵەمەند و بەها خۆراکییە بەرزە بین کە لەناو ئەم دەنکە زەردانەدا شاردراوەتەوە. هاوکات لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، خواردنی گەنمەشامیی کوڵاو بایەخێکی تایبەتی پێدەدرێت، بەو پێیەی بە شێوازێکی تەندروستتر دادەنرێت و سوودە خۆراکییەکانی بە باشی دەپارێزێت.
پێکهاتە خۆراکییەکەی گەنمەشامی
دەنکەکانی گەنمەشامی تەنیا نیشاستە و شەکری سروشتی نین، بەڵکو گەنجینەیەکن لە:
• بڕێکی بەرچاو لە ڤیتامینە جۆربەجۆرەکان کە وزە و چالاکی بە جەستە دەبەخشن.
•کانزا بنەڕەتییەکان و ڕیشاڵە خۆراکییەکان کە یارمەتیی ڕێکخستنی کۆئەندامی هەرس دەدەن.
سوودە هەرە گرنگە تەندروستی و پزیشکییەکانی گەنمەشامی
توێژینەوە زانستی و پزیشکییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە گەنمەشامی کاریگەریی بەرچاوی لەسەر خۆپاراستن لە چەندین نەخۆشیی درێژخایەن هەیە، لەوانە:
• پاراستنی تەندروستیی دڵ و دەمارەکان: ڕێگرگرتن لە مەیینی خوێنی ناو دەمارەکان (جەڵتە) دەگرێت و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.
• کەمکردنەوەی مەترسیی سەکتەی مێشک: بەهۆی باشترکردنی سووڕی خوێن و کۆنترۆڵکردنی پەستان، مێشک لە مەترسیی سەکتە و گیرانی دەمارەکان دەپارێزێت.
• بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە: لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە دژەئۆکسێنەرەکانی ناو گەنمەشامی بەرگری دژی خانە شێرپەنجەییەکان دروست دەکەن و لە جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە دەیپارێزن.
• بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری: ماددە خۆراکییەکانی گەنمەشامی توانای سیستەمی بەرگریی جەستە بەرز دەکاتەوە بەرامبەر بە ڤایرۆس و نەخۆشییە وەرزی و باوەکان.

