رۆژنامەی ھەولێر

دەربارەی تیرەی هەمەوەند

جەمال گردەسۆری

 

هەمەوەند، تیرەیەكی ئازا و بەجەرگن؛ لە كۆنەوە بە چاونەترس و، سەرسەخت و لێهاتوو ناوبانگیان دەركردووە؛ تەنانەت لە شەڕوهەرای خێڵەكی و لە شەڕی دژمندا، ئافرەتیشیان شەڕی كردووە.
ئەم تیرەیە، نزیکەی ساڵی ١٧٠٠ـی زایینی لە ناوچەی (سنە)وە هاتوون و لە ناوچەی ئەم (بازیان)ـەی ئێستا كە سەر بە شارستانی سلێمانییە گیرساونەتەوە و نێشتەجێ بوونە.
هەمەوەند پێنج بەرەن:
1- بەگزادە (چەلەبی)؛
2- ڕەشەوەند كە باوەگەورەیان (ڕەشید)ی ناو بووە؛
3- ڕەمەوەند كەباوە گەورەیان (ڕەمەزان)ـی ناو بووە؛
4- سەفەرەوەند كە باوە گەورەیان (سەفەر)ی ناو بووە؛
5- سێتابەسەر: ئەمانە لە بنەچەدا جافن و، زیاتر لە دووسەد ساڵێ لەمەوبەر هاتوونە لەگەڵ تیرەی هەمەوەنددا تێكەڵ بوونە و ئێستە بە بەشێك لە هەمەوەند دەدرێنە قەڵەم.
هەمەوەند هەموو مسڵمان و شافیعی‌مەزەبن.
سنووری ئەو ناوچەیەی هەمەوەندی لێ دادەنیشن بەم جۆرەیە:
لە لای سەرووەوە شوانی بازیان، لەلای خوارووەوە ئاوی تاوغ، لە لای ڕۆژهەڵاتەوە بەرزایی و چیاكانی تاسڵووجە، لە لای ڕۆژئاواوە قەرەحەسەن و شوانی خاسە.
جموجووڵ و شەڕوشۆ و گیروداری ئەم تیرەیە جیا ناكرێتەوە لەو بارودۆخ و شوێنەی کە لێی ژیاون؛ ئەمانە لە سەرەڕێ و لە مەیدانی پێکداهەڵپژانی (عوسمانی و قاجارەکاندا بوون؛ كە هەردوو لا وەك ئاسمان و زەوی لە سوودی میللەتەوە دوور بوونە و ئەوەی بیریان لێ نەكردبێتەوە بەرژەوەندی و سوودی میللەت بووە؛ دەسەڵاتی ناوبەناوی میرنشینەكانی ناوخۆ و، پچڕانی شیرازەی كار و، زڵم و زۆری بێئامان و زەبر و زەنگی نەبڕاوەی لەشكری بێگانە، بووەتە هۆی پەیدابوونی جموجووڵی هەمەوەند و سەرهەڵدانی گەلێكی وەك (جووكل)، هەتا نەبنە بەشێک لە هەراوشەڕی بێگانە و دژمنان و، داكۆكی لە خۆیان بكەن و، لەو بەینەدا نەپلیشێنەوە.
ئەوەی لەم مەیدانەدا سەرنج ڕادەكێشێ و بەشێكی ناوەرۆكداری دادەنێین ئەوەیە هەمەوەندەكان، ساڵی ١٧٨٧ـی زایینیدا یارمەتی میری قەلاچۆالانیان داوە دژی والیی عوسمانی لە بەغدا، هەروەها لە ساڵی ١٨١٩یشدا یارمەتیی عەبدولڕەحمان پاشای بابانیان داوە دژی نەجیب پاشای والیی بەغدا، لە ساڵی ١٨٣٤یشدا یارمەتی ئەحمەد پاشایان داوە كە دوا میر بووە، لە ساڵی ١٨٣٦یشدا لە ژێر سەركردایەتیی عەزیز بەگی باباندا دژی عوسمانییەكان جەنگاون.