لە خۆڵباریندا چۆن خۆمان بپارێزین؟

خەڵکی پیر و بەتەمەن لە کاتی خۆڵباریندا زۆرێکیان لێ تووشی هەناسەتەنگی دەبن و رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێن

پزیشكان ئامۆژگاری دەدەنە ئەو كەسانەی كە تەنگەنەفەسییان هەیە و بە خۆڵبارین هەناسەیان توند دەبێت، تا دەتوانن لە ماڵەوە دانیشن و لە كاتی. خۆڵباریندا نەچنە دەرەوە.

بە گوێرەی پێشبینی كەشناسی سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ بارینی باراندا خۆڵیش دەبارێت، بۆیە پێویستە بەتەمەنەكان ئاگاداری خۆیان بن و ڕەچاوی ئامۆژگاری پزیشكان بكەن.
خۆڵبارین دیاردەیەکی سروشتییە و لە ئەنجامی راماڵینی ھەوای خاک و ھەڵواسرانی دەنکۆڵەکانی خاک یان پیسکەرە سروشتی و مرۆییەکان لە ھەوادا بە بەرزی نزیکەی 1.5 کم لە ڕووی زەوییەوە روو دەدات، ئەم دیاردە سروشتیە بۆ بەشێكی خەڵك مەترسیدارە و پێویستە پارێزگاری لە تەندروستییان بكەن.
دیار غەریب لەتیف، ماستەر لە زانستە ژینگەییەکان ڕوونی دەكاتەوە كە بە گوێرەی توێژینەوە زانستییەكان دەركەوتووە كە خۆڵبارین كاریگەریی لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دەنکۆڵەکانی خاک لە دەم و لووتەوە بڕۆن بەرەو قووڵترین بەشی کۆئەندامی ھەناسە و لە توانایاندایە زیان بە سەرجەم بەشەکانی کۆئەندامی ھەناسە بگەیێنن، لە کاتێکدا دەنکۆڵە زۆر وردەکان ئەتوانن راستەوخۆ تێکەڵ بە سووڕی خوێن ببن و کاریگەرییەکی زۆر زیاتر لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دابنێن. ئەمە جگە لەوەی بەھۆی پێکھاتەی جیۆلۆجی سەرچاوەی ئەم خۆڵبارینانە زۆربەی جار ئەم دەنکۆڵانە ماددەی ژەھراوی وەک کانزا سەنگینەکان و ماددە تیشکدەرەکان یان شێرپەنجە-ھێنەر ھەڵدەگرن و کارەساتەکە زۆر ئاڵۆزتر دەکەن. منداڵ و بەتەمەن و ئەو کەسانەی نەخۆشینی دڵ و کۆئەندامی ھەناسەیان ھەیە زۆرترین قوربانی خۆڵبارینن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە خۆڵبارین کاریگەری لەسەر تاکە تەندروستەکانی کۆمەڵگا نییە.
کیشە تەندروستیەکانی خۆڵبارین بریتین لە:

  • کیسەی ھەناسەدان و پەکخستنی فرمانی سییەکان
  • ئازار و کزانەوەی کۆئەندامی ھەناسە و کزانەوەی چاو
  • ھەوکردنی بۆرییەکانی ھەناسە، ڕەبۆ، سیەسۆ، ھەوکردنی درێژخایەنی سییەکان (ئێمفیزیما)
  • لاوازکردنی بەرگریی لەش
  • لێدانی نائاسایی دڵ، جەڵتەی دڵ و دەماغ، مەرگی پێشوەخت
    پێویستە لە كاتیخۆڵبارین، دەمامك بەكار بهێندرێت و ئەوانەی نەخۆشی و هەستیارییان هەیە تا دەتوانن لە ماڵ دە رنەچن.
ھەواڵی زیاتر