ڕائیب جادر – هەولێر
قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان لە سنووری قەزای ڕواندز دەستیپێکرد، تێچووی پڕۆژەکە زیاتر لە یەک ملیار دینارە و بە ماوەی ٩٠ ڕۆژ کارەکانی تەواو دەکرێت و بە تەواوبوونی دانیشتووانی چەندین گوندی سنوورەکە سوودمەند دەبن و لە کێشەی کەم ئاوی ڕزگار دەبن. سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: چەندین پڕۆژەی گرنگی ئاو لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە کێشەی کەم ئاوی بۆ دەیان ساڵ لەو ناوچانە بە کۆتا دێت.
ھاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران زۆر دڵخۆشن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاو لە سنوورەکە و سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەن و دەڵێن دوای تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە پرۆسەی تانکەرین نامێنێت و لە کێشەی کەمی ئاو بە یەکجاری ڕزگار دەبین، لە ھەمانکاتدا گوند و ئاواییەکان زیاتر ئاوەدان دەبەنەوە و ھاووڵاتییان لە جیاتی ئەوەی لە گوندەکان کۆچ بکەن بۆ شارەکان، ئەمجارە بە پێچەوانەوە لە شارەکانەوە بۆ گوندەکان کۆچ دەکەن.
ئەم پڕۆژەیە لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دوو ساڵ لەمەوبەر قۆناغی یەکەمی دەستی پێکرد و ئێستا قۆناغی دووەمی بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆژەکە و گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بە دانیشتووانی ناوچەکە دەست پێدەکات. ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد: قۆناغی دووەمی پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە لە ماوەی ڕابردوودا قۆناغی یەکەم بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو پڕۆژانەی لە بواری ئاو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە زۆربەیان لە قۆناغەکانی کۆتاییدان، پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان قۆناغی زۆر باشی بڕیوە، کەمتر لە سێ مانگی دیکە ئەو پڕۆژەیە دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان، بە تەواوبوونی پڕۆژەکە کێشەی کەمی ئاو لە دۆلی ئاکۆیان چارە دەبێت و خەڵکێکی زۆر سوودمەند دەبێت و بابەتی پرۆسەی تانکەرین لەو ناوچەیە بە تەواوی نامێنێت، کە ئەوە دەبێتە ھاوکار و پاڵپشتییەکی زۆر باش بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەشڵێ: ئەو پڕۆژانەی لە بواری ئاو ئێستا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، بریتین لە پڕۆژەی ئاوی بادلیان، پڕۆژەی ئاوی خەلان لە قەزای خەلیفان، کە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ئەو پڕۆژەیە تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان، پڕۆژەی ئاوی شیوان و نزاریا لە قەزای سیدەکان، پڕۆژەی ئاوی قەسرێ لە سنووری قەزای چۆمان ھەموو ئەو پڕۆژانە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا دەکەونە خزمەت ھاووڵاتییان، دوای تەواوبوونی ھەموو ئەو پڕۆژانە پرۆسەی تانکەرین ٩٠% لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نامێنێت، ئەمە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پڕۆژەی ئاوی ٥٣ گوندی بارزان کە گوندەکانی دەڤەری بارزان و چەند گوندێکی قەزای خەلیفان و ئاکرێ گرتەوە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرایەوە و کێشەی کەم ئاوی لەو ناوچانە بۆ دەیان ساڵ کۆتایی ھات.
ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاشکراشی کرد: ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە لە زۆرێک لەو پڕۆژانە پشتمان بە ئاوی سەر زەوی بە ستووە، بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاری لە ئاوی ژێر زەوی بکەین.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جەختی لەوەشکردەوە، سەرەڕای قەیرانی دارایی لە ھەوڵداین بە لایەنی کەمەوە ئەو پڕۆژانەی کە دەست پێکراون تەواو بکرێن و بکەونە خزمەت ھاووڵاتییان، بەتایبەتی پڕۆژەکانی بواری ڕێگەوبان و ئاو.
لە کۆتاییدا ھەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زیاتر گوتی: لە سنووری ئیدارەی سۆران زۆر ڕووبار و سەرچاوەی ئاو ھەن، دەمانەوێت سوودیان لێ وەربگرین، ھەم بۆ کەرتی کشتوکاڵی، ھەمیش بۆ گەشتیاری، کە ئیدارەی سۆران ناوچەیەکی گەشتیارییە، بە دروستکردنی پۆند کە ئێستا دەستمان پێکردووە لە کاولۆکان و دیزاینی بەنداوی دێرانە لە قۆناغی کۆتاییدایە، بەوەش ناوچەکە ئاوەدانییەکی باش بە خۆیەوە دەبینێت.

